محەممەد سەلەحشوور لە زیندانی ناوەندیی ورمێ ئازاد کرا

10:34 - 7 رەشەمه 2720

ڕۆژی چوارشەممە ٦ی ڕەشەمە، محەممەد (عیسمەت) سەلەحشوور، زیندانیی سیاسیی کورد و خەڵکی ناوچەی مەرگەوەڕ، لە زیندانی ناوەندیی ورمێ ئازاد کرا.

ئەو زیندانییە سیاسییە، لە دوایین مەرەخەسییەکەی، لە زیندانی ورمێ ئازاد کراوە.

هەروەها ئەو زیندانییە سیاسییە، ڕۆژی شەممە ٦ی بەفرانباری ئەمساڵ، هاتبووە مەرەخەسی.

محەممەد سەلەحشوور، مانگی ڕەشەمەی ساڵی ٩٦، بە تۆمەتی "ئەندامبوون و پڕوپاگەندە لە ڕاستای بەرژەوەندیی یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران"، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و دواتر ڕۆژی ٤ی بانەمەڕی ساڵی ٩٧، پاش ٤٨ رۆژ لێپرسینەوە لە گرتنگەی ئیتلاعات، بۆ زیندانی ناوەندیی شاری ورمێ ڕاگوێزرابوو.

ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە، پاش چەند ڕۆژ لە گواستنەوەی بۆ زیندانی ورمێ، لە لقی ٣ی دادگای ئینقلابی شاری ورمێ، بە سەرۆکایەتی دادوەر "نەجەفزادە"، بە ٨ ساڵ و سێ مانگ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرابوو.

دادگای ئینقلابی ورمێ، ئەو زیندانییە سیاسییەی، بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران"، بە ٥ ساڵ زیندان، بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام"، بە ١ ساڵ زیندان، بە تۆمەتی "هەڵگرتنی چەکوچۆڵ"، بە ٢ ساڵ زیندان و هەروەها بە تۆمەتی "هەڵاتن لە سەربازیی زۆرەملێ"، بە ٣ مانگ زیندانیی تەعزیری، مەحکووم کردبوو.

دواتر، ٢ ساڵ لە ماوەی زیندانیی تەعزیریی ئەو زیندانییە سیاسییە کە پەیوەندیی بە "هەڵگرتنی چەکوچۆڵـ"ـەوە هەبوو، بەخشراوە.

ئەو زیندانییە سیاسییە، پاش ١٠ مانگ زیندان، بە تۆمەتی "بەشداری لە کوشتنی یەکێک لە دەستوپەیوەندییەکانی سپای پاسداران"، بۆ گرتنگەی حیفازەتی ئیتلاعاتی سپای پاسداران ڕاگوێزرا و لە دوو قۆناغدا بۆ ماوەی ١٥ ڕۆژ و ٦٣ ڕۆژ لە ژووری تاکەکەسیدا بووە و پاش نەسەلماندنی ئەو تۆمەتە، گەڕێندرایەوە بۆ زیندان.

حوکمی زیندانیی محەممەد سەلەحشوور، بەپێی گەڵاڵەی دووفەورییەتیی کەمکردنەوەی سزای زیندانیی تەعزیری، بۆ ٢ ساڵ و شەش مانگ زیندانیی تەعزیری کەم کرابووەوە.

ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە، خێزاندار و خەڵکی گوندی "فلکان" سەر بە ناوچەی مەرگەوەڕی ورمێیە.