ماوەی دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییەکی پیرانشاری درێژ کرایەوە

11:50 - 4 گەلاوێژ 2720

بڕیاری درێژکردنەوەی دەسبەسەریی هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "سەید ئەحمەد سەبری" کوڕی "سەید مستەفا"، خەڵکی پەسوێی پیرانشار، بۆ ماوەی ٢٠ ڕۆژی دیکە درێژ کرایەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: "لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، ئەو هاووڵاتییە بۆ یەکەمجار لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا، پەیوەندیی بە بنەماڵەکەیەوە گرتووە و هێزە ئەمنییەتییەکان ناوبراویان خستووەتە ژێر گوشارەوە کە دەبێ بە زمانی فارسی لەگەڵ بنەماڵەکەی قسە بکات".

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: "سەید ئەحمەد هەنووکە لە گرتنگەی ئەلمەهدیی ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە ورمێدایە و لە دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەرییە".

ڕۆژی یەکشەممە ١ی پووشپەڕ، ئەو هاووڵاتییە کوردە بەبێ بەڵگەی یاسایی دووبارە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

ڕۆژی یەکشەممە ١١ی ڕەشەمەی ٩٨، هێزە ئەمنییەتییەکان بە هێرش کردنە سەر ماڵی "سەید ئەحمەد سەبری" لەگەڵ باوکی دەسبەسەریان کردن و پاش چەند کاتژمێر لێپرسینەوە "سەید مستەفا " ئازاد کرا، بەڵام کوڕەکەی بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە ورمێ کرا.

ئەو هاووڵاتیییە سەرەتای مانگی خاکەلێوەی ئەمساڵ بە دانانی بارمتەی ٢٥٠ ملیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی لە گرتنگە ئازاد کرابوو.

هێزە ئەمنییەتییەکان ئەو هاووڵاتییە کوردەیان بە "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران" تۆمەتبار کردبوو.