مانگی ڕەمەزان لە نێوان دەوڵەمەندیی خودا و ھەژاری خەڵک لە ئێران و جیھانی موسڵمان

13:26 - 28 جۆزەردان 2715
Unknown Author
عارف شێخ ئەحمەدی

ھەموو ساڵێک بە ھاتنی مانگی پیرۆزی ڕەمەزان، موسڵمانانی سەرجەم وەڵاتانی جیھان خۆیان حازر دەکەن بۆ جێبەجێ کردنی یەکێک لە ئەرکە واجبەکانی ئایینی ئیسلام و لەم کات و ساتەدا خۆیان دەبوێرن لە خواردن و خواردنەوە و پاراستنی نەفس لە خراپە و خراپەکاری بەمەبەستی خۆشەویستی و نزیک بوونەوەی ھەست و ڕۆح لە خودا \" قربة إلی الله\".
لە قورئانی پیرۆزدا بەم ئایەتە ڕۆژوو بۆ ئیماندارانی موسڵمان فەرز کراوە \" یا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُواْ كُتِبَ عَلَيْكُمُ الصِّيَامُ كَمَا كُتِبَ عَلَى الَّذِينَ مِن قَبْلِكُمْ لَعَلَّكُمْ تَتَّقُونَ ﴿بقرة ۱۸۳﴾\".

لە دەسپێکی ڕەمەزاندا مامۆستایانی ئایینی باسی ئەو ھەموو فەزڵ و نێعمەتانە دەکەن کە بە پێی ئایاتی قورئان و فەرموودەکان، لە مانگی ڕەمەزاندا لە لایەن پەروەردگارەوە دێتە خوارەوە بۆ ڕۆژوەوانان و لە بەرانبەر مل کەچ بوونیان بۆ یاساکانی خودا و جێبەجێ کردنی ئەم فەڕزە گرینگەی ئایینی ئیسلام.

بە پێی فەرموودەکانی قوڕئانی پیرۆز لەم مانگەدا، ١- لە شەوانی قەدردا قوڕئانی پیرۆزی تێدا ھاتۆتە خوارەوە ٢- دەرگاکانی دۆزەخ دادەخرێن و دەرگاکانی بەھەشت دەکرێنەوە ٣- شەیتان و جنۆکە بە زنجیر دەبسرێنەوە و کاری چاکە ئاسان دەبێت و خراپەکار بێزار دەبێت و کەسانێک لە دۆزەخ ڕزگاریان دەبێت و ...ھتد.

لەمڕۆدا کە لەزۆربەی زۆری وەڵاتانی موسڵمان بە ھۆکاری بەڕێوەبەردنی وەڵاتان لە لایەن سیستەمی سیاسی دیکتاتۆر و خوێنمژ، نادادپەروەری لە دابەشکردنی سەروەت و سامانی گشتی، چەوساندنەوەی مرۆڤ بە دەیان شێوە و شێواز پەرەی ستاندووە، تەنیا ھێنانەوەی چەند ئایەت و فەرموودەی پیرۆز و سەرنجی خەڵکی راکێشان بۆ نەخواردن و خۆپاراستن لە دەیان ھەڵسووکەوتی ڕۆژانە کە ئامانجەکەی ڕازی کردنی پەروەردگار بێت شتێکی عەقڵانی نیە.

ئاخۆ مەبەست لە ڕەمەزان تەنیا نەخواردن و نەخواردنەوە و پێڕانەگەیشتن بە نەفسە وەک حەسانەوەیەکی کاتی بۆ جەستە و ڕۆحی مرۆڤ لەم مانگە دا؟!
بەدڵنیایی نەخێر، لێرەدا ھەڵەی چینی ئایینی کۆمەڵگە دەردەکەوێت کە تەنیا بە \"انذار و تبشیر\" واتە ترساندن و موژدە دان\" خەڵکی بۆ خوا پەرەستی ڕێنوێنی دەکەن.

لە جیھانی ئەمڕۆدا کە زۆرتر ھەستەکانی مرۆڤ \"احساسات\" چالاکن و مرۆڤی ئەم سەردەمە تەنیا بە خوێندنەوەی مێژووی ئایینی و دەق و فەرموودە پیرۆزەکان ڕێگەی ڕزگاری خۆی نابینێتەوە، بەڵکوو لە گەڕندایە بە شوێن جۆرێک لە بە کردەوە دەرھێنانی حەز و ئاواتی جەستەیی و ڕۆحیی خۆی.

مەبەست لە ڕۆژوو ڕاھێنانی نەفس و دوورکەوتنەوە لە پڕش و بڵاوی خواست و ویستەکانە نەوەک تەنیا برسی بوون و توونی بوون.

دەسەڵات و حوکمڕانی سیاسی موسڵمانان لە پاوانی چینی ئایینی‌دا دەخولێتەوە و بە پاساوی حرام و حەڵال بوون، خەڵکی لە سەرەتایی‌ترین ماف و ویستەکانیان بێ بەری کراون و بۆ وەدەست خستنی نانی شەوێک لە ھەر دەرگایەک دەدەن و خۆ بە ئاو و ئاگردا دەکێشن، بە پێچەوانەشەوە ئەوانەی تارمایی چاکەکاری \"تقوا\" بۆ خودا لە عەبا و جبەیان دەبارێ و بەھشتیان بۆ خۆیان پێکەوناوە، خودایی دەکەن بە سەر کۆمەڵانی خەڵکدا. ئا لێرەدایە وەسفی حیکمەتی ڕەمەزان لە ئیسلامی ئەمڕۆدا دەردەکەوێت، ئەو کەسانەی بە درێژایی ساڵ لەمەڕ کەم داھاتی و ھەژاری تێری زگی خۆیان خواردن و خواردنەوەیان نیە بە برسیەتی و ناڕەحەتی ڕۆژ و شەو دەکەنەوە لە حەقیقەتدا ھەمووی ڕۆژانی ساڵ بەڕۆژوون ، کەوابوو پێویست ناکات چەند ئاخوندێکی دوکاندار و ملھۆڕ فێری یاساکانی جێبەجێ کردنی ڕۆژوو و ڕەمەزانیان بکەن.

لە ئیسلامی سیاسیدا ھەموو پیرۆزییەکان وەک دار دەست و گۆپاڵی دوو سەر بۆ ترساندن و تۆقاندن و ھاوکاتیش وەک موژدەی بەھەشت و دواڕۆژی مرۆڤ کەڵکی لێ وەردەگیرێت، ڕێژیمی ویلایەتی فەقێ لە ئێران ڕیکلام کردن بۆ دەست پێوە گرتن \"صرفەجویی\" و خۆپاراستن لە زیادەڕەوی خواستی نەفس \"اسراف\" وەک دوو دەستەواژەی تایبەت لە ڕەمەزان دا زیندوو دەکاتەوە و زۆربەی ئاخوندەکان لە نوێژی ھەینی و گوتاری ئایینی خۆیاندا خەڵکی بۆ کەم خوردان و نەخواردن دەعوەت دەکەن و بە سیفەتی بەرزی ئەخلاقیی ئەنبیا و ئەولیای ناو دەبەن.

پێچەوانە بوونی گوتاری ئیسلامی سیاسی ویلایەتی فەقێ ڕێک لە بۆنە ئایینیەکان و فەڕزە واجبەکاندا دەردەکەوێت، بە پێی وەسفی خودا لە قوڕئان و فەرموودەی پیرۆزدا، خودا \"غنی\"یە واتە دەوڵەمەندە و مانگی ڕەمەزانیش وەک مانگی \"ضیافةاللە\" یان خانەخوێ بوونی خودا لەبەرانبەر ڕۆژوەوانان وەسف دەکرێت، بۆیە لێرەدا دەبێ لە چینی ئاخوند و مەلا بپرسین دەکرێ خودا دەوڵەمەند بێت و حەز بە ھەژاری و نەبوونی خەڵک بکات؟! خودایەک حەزی لەوە بێت میوانداری بکات و میوانەکانی لە مانگێکدا برسیی و توێنی ڕابگرێت بەڵام لە ئێوارە خوانەکاندا سفرەکان بە خاڵی بۆ خەڵک و ئیمانداران بێڵێتەوە چۆن خودایەکە!؟

دیسان وەڵام نەخێر دەبێت، کێشەی سەرکی ئەوەیە ئەوانەی لە سەر زەوی ئایین و مەزھەب وەک ئامرازی دەسەڵات بە سەر خەڵکدا دەسپێنن، گوتاری دینی و فەرموودەکان وەک دوو ڕوویی پووڵێک بە کار دێنن بۆ پاراستنی دەسەڵات و خۆ بە خودا کردن بە سەر خەڵکەوە.

مرۆڤ جیا لە دوعا و پاڕانەوە لە خودای سەماویی و باوەڕمەندی بە زاتی موتڵەقی ئەو، تەنیا خۆی سەرپشک کراوە بۆ جێبەجێ کردنی ئەرکە ئاینیەکان، بەڵام ئەوانەی لەمڕۆدا لە جیھانی ئیسلامدا حوکمی خودا لە سەر وەڵاتانی موسڵمان دەکەن و خەڵکی بە ناوی خودا و ئایین برسی و توونی دەھێڵنەوە، تەنیا ئامانجیان \"خودایی\" کردنە بە سەر خەڵکەوە و ھەژاری و برسیەتی خەڵک و بە کار ھێنانی مەزھەب، تەنیا وەک ئامرازی پاراستنی سومعەی بارەگای سیاسی و جێگە و پێگەی خۆیانە و ھیچی تر.

ئەم بابەتە روانگەی نووسەرەکەیەتی و ئاژانسی کوردپا لە ناوەڕۆکی بەرپرسیار نییە