مانگرتن لە زیندانی ورمێ، گەیشتە قۆناغی مەترسیدار+وتوێژ

15:50 - 23 سەرماوەز 2714
ئاژانسی کوردپا: رۆژی رابردوو، لە بیست و چوارەمین رۆژی مانگرتنی زیندانییە سیاسییەکانی زیندانی ورمێدا، ژمارەیەک لە زیندانییە سیاسییەکان، بەهۆی بێ وڵام مانەوەیان لەلایەن ناوەندە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە، مانگرتنی وشکیان راگەیاند.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە کاتێکدا زۆرێک لە زیندانیانی سیاسیی کوردی مانگرتوو لە زیندانی ورمێ بەهۆی مانگرتنەکەیانەوە لە دۆخێکی نالەباری جەستەیی و تەندروستیدان، چوار کەسیان مانگرتنی وشکیان دەست پێکردووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە زیندانی ورمێ بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند، رۆژی شەممە رێکەوتی ٢٢ی سەرماوەز، چوار زیندانیی سیاسی لە زیندانی ورمێ، لە کاتێکدا تووشی لاوازیی جەستەیی بوون، مانگرتنی وشکیان راگەیاندووە.

ئەو سەرچاوەیە گوتیشی، عەلیرەزا رەسووڵی، محەمەد عەبدوڵڵاهی زیندانیی سیاسیی کوردی مەحکووم بە سێدارە دوو کەس لەو چوار زیندانییە کوردەن کە رۆژی رابردوو، بە فەرمی مانگرتنی وشکیشیان دەست پێکردووە، ئەوەش لە کاتێکدایە، کە عەلیرەزا رەسووڵی ٣٥ رۆژ بەسەر مانگرتنەکەیدا تێپەڕ دەبێت.

بە گوتەی ئەو سەرچاوەیە، رۆژی رابردوو ئەو چوار زیندانیە کوردە بانگ کراونەتە ژووری تایبەت بە لێکۆڵینەوە و لەلایەن چەند مەئموورێکی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە هەڕەشەی کوشتن، راگواستن و لەسێدارەدانیان لێکراوە.

ئەو سەرچاوەیە روونیشی کردەوە، بەندی زیندانیانی سیاسیی کورد کە\"بازداشتگاه\"ی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ‌یە، هەموو زیندانییەکان لەژێر دەسەڵاتی ئیتلاعاتدان و راگواستنی زیندانیانی سیاسیی زیندانی ورمێ بۆ بەندەکانی دیکەی نێو زیندان و دوورخستنەوەیان بۆ زیندانەکانی دیکەی ئێران بە بڕیاری ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ‌یە.

هەنووکە ٢٩ زیندانیی سیاسیی کورد کە یەکێکیان مەسعوود شەمس‌نەژادە، لە زیندانی ورمێ مانیان لە خواردن گرتووە.

سەرلە بەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە لە کاتێکدا بنەماڵەی زیندانییانی سیاسیی کوردی مانگرتوو، کە بە مەبەستی ملاقات لەگەڵ رۆڵەکانیان چوونەتە بەردەم زیندانی ورمێ، لەلایەن مەئموورانی زیندانەوە ئیزنی ملاقاتیان پێ نەدراوە.

بنەماڵەی یەکێک لە زیندانیانی سیاسیی ورمێ بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند؛ ژمارەیەک لە بنەماڵەی زیندانییە سیاسییەکان لەبەردەم زیندان کۆبونوەتەوەو خوازیاری چاوپێکەوتن لەگەڵ کوڕەکانیانن، بەڵام مەئموورانی نێو زیندان ئیزنی ملاقاتیان پێنەداون.

دۆخی نێو زیندانی ورمێ

\"23613.jpg\"
زیندانی ورمێ، کە ١٥ بەندی تێدایە، زیاتر لە ٤ هەزار زیندانی ئاماری هەیە و بەندی نسوان(ژنان)یش ٣٠٠ زیندانیی ژنی تێدایە، کە ١٠٠ کەسیان حوکمی لەسێدارەدانیان بۆ بڕاوەتەوە.

بە گوتەی ئەو سەرچاوەیە، زیندانی ورمێ بەو ژمارە زینداییە زۆرەی کە تێیدایە، تەنیا یەک پزیشکی هەیە و تەنیا یەک شیفت کە لە کاتژمیر ٨ی بەیانییەوە هەتا ١٢ی نیوەرۆیە، کار دەکات.

بێهداریی نێو زیندانیش تەنیا ١٠ جۆر حەبی تێدایە، ئەوەش لە کاتێکدایە، کە بەشێکی زۆر لە زیندانیان بەهۆی دۆخی خراپی نێو زیندان تووشی کۆمەڵێک نەخۆشیی جۆراوجۆر بوونە.

بەپێی ماددەی یەکەمی ئاییننامەی شێوەی جیاکردنەوەی بەندکراوانی ئێران، پەسەندکراوی ساڵی ١٣٨٥ی ەتاوییەوە، \" جیاکردنەوە و پۆلینبەندی بەندکراوا لەبەندیخانەکان بریتییە لەرەگەز، تەمەن، جۆری تاوان و دۆخی تەندروستیی ئەو بەندکراوانە\".

زیندانی ورمێ لەسەرەتای شۆڕشی خەڵکی ئێرانەوە لە ساڵی ١٣٥٧ی هەتاویدا، بەندی زیندانیی سیاسی تێدایەو بە گوتەی یەکێک لە زیندانیانی پێشووی ئەو زیندانە، لە زستانی ساڵی ١٣٩١ی هەتاوییەوە بەندی زیندانیەی سیاسییەکان تێکدراوەو زیندانیانی تۆمەتبار بە ماددە هۆشبەر و تاوانە گشتییەکانیشیان تێکەل کراوە.

فشار بۆسەر زیندانیان و دۆخی پێڕاگەیشتن

یوسف رەحمانی‌پوور کە ماوەی ٢ ساڵ وەکوو زیندانیی سیاسیی کورد لە زیندانی ورمێ لەدەستبەسەریدا بووە سەبارەت بە دۆخی پێڕاگەیشن بە زیندانیان دەڵێت:

لەنێو بەندیخانە هیچ کتێب یان رۆژنامەیەک، کە تەنانەت مۆڵەتی چاپیشیان هەیە لە زینداندا بوونی نییە.

ئاوی خواردنەوەی بەندیخانە پیسە و هەربۆیەش زۆربەی زیندانیان تووشی نەخۆشی بوون و سەرەڕای چەندین جار داواکاری بۆ چارەسەر کردنی کێشەی ئاوی خواردنەوەی زیندان، هەتا ئێستاش چارەسەر نەکراوە

لە کاتی ملاقات و سەردانی بنەماڵەکان بۆ زیندان، لەلایەن مەئموورانی زیندانەوە هەڵسوکەوتی خراپ لەگەڵ بنەماڵەی زیندانییە سیاسییەکاندا دەکرێت و لەکاتی سەردانیشدا رووتیان دەکەنەوە.

لەلایەکی دیکەوە گوشاریان خستووەتە سەر ژنی زیندانییە سیاسییەکان و داوایان لێکردوون کە لێیان جیا ببنەوە.

پەروەندە سازی و دروست کردنی کەیسی نوێ و زیادکردنی سزای دیکە بۆسەر حوکمی زیندانیە سیایسیەکان، بەشێکی دیکە لە فشار بۆسەر زیندانیە کوردەکانە، کە عوسمان مستەفاپوور و عەلی ئەحمەد سلێمان دوو کەس لەو زیندانییە سیاسییە کوردانەن کە بەرەوڕووی پەروەندەسازی و حوکمی نوێ بوونەتەوە.

داواکاریی مانگرتوانی زیندانی ورمێ

\"23614.jpg\"
ئەو سەرچاوەیە لە زیندانی ورمێ، سەبارەت بە هۆکاری مانگرتنی زیندانییە سیاسییەکان بە روونی ئاماژەی بەوە کرد، زیندانییە سیاسییەکان بەهۆی راگواستنیان بۆ بەندەکانی دیکەی نێو زیندان و هێنانی چەند کەسێکی سەربە وەزارەتی ئیتلاعات بۆ بەندی زیندانییە سیاسییەکان کە بە ئاشکرا ماددەی هۆشبەر بڵاو دەکەنەوەو لەگەڵ ئەوەشدا هەموو رۆژێک بە بیانووی جۆراوجۆرەوە بە چەقۆ هێرش دەکەنە سەر زیندانییە سیاسیەکان و برینداریان دەکەن، مانیان لە خواردن گرتووە.

سەرچاوەکە، کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، گوتیشی\" ئەگەر داواکاریی زیندانیان قەبووڵیش بکرێ، پاش هێور بوونەوەی رەوشی زیندان، سەرجەم زیندانییە سیاسیەکان سزا ئەدرێن\".

دەشڵێت: \"مەئموورانی ئیتلاعات لە رۆژانی رابردوودا هەڕەشەیان لە زیندانیانی سیاسی کردووە و پێیان راگەیاندوون کە بۆ زیندانەکانی دیکەی ئێران دووریان دەخەنەوە\".

ئا: ئارام حاجی‌پوور