مامۆستایەکی کورد ٥ ڕۆژ ئیزنی مەرەخەسیی پێ درا

11:39 - 1 گەلاوێژ 2720

"یاسر ئەمینی ئازەر" مامۆستای قوتابخانەی دواناوەندیی شاری مەهاباد، بۆ ماوەی ٥ ڕۆژ لە زیندانی ئەو شارە، ئیزنی مەرەخەسیی پێ درا.

سەرەتای مانگی پووشپەڕی ئەمساڵ، بەڕێوەبەری ڕێکخراوی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان- مەریوان، سەقز، زیویە و دیواندەرە، بە نۆێنەرایەتی لە شورای هاوئاهەنگیی ڕێکخراوەکانی سێنفیی فەرهەنگییانی ئێران، بۆ بەدواداچوونی بارودۆخی ئەو مامۆستا کوردە سەردانی شاری مەهابادیان کرد و لە دانیشتنێکدا لەگەڵ فەرماندار، دادستان، بەرپرسی پۆلیس و نوێنەری شاری مەهاباد، نیگەرانیی کۆمەڵگای مەدەنیی کوردستان و ئێرانیان لە پەیوەندی لەگەڵ زیندانیکردنی ئەو چالاکە سێنفییە دەربڕیوە و خوازیاری ئازادکردنی ئەو مامۆستا کوردە بوون.

لە بەرەبەری دووەمین سەردانی بەڕێوەبەریی ڕێکخراوی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان- مەریوان، سەقز، زیویە و دیواندەرە بۆ مەهاباد، "یاسر ئەمینی ئازەر"، بۆ ماوەی ٥ ڕۆژ ئیزنی مەرەخەسیی پێ درا.

ڕۆژی شەممە ٢٧ی بانەمەڕ، "یاسر ئەمینی ‌ئازەر" مامۆستای قوتابخانەکانی مەهاباد، بۆ تێپەڕاندنی ماوەی زیندانییەکەی ڕەوانەی زیندان کرا.

شورای باڵای مەکتەب قورئان پاش ڕاگواستنی "یاسر ئەمینی‌ ئازەر" بۆ زیندان ڕایگەیاندبوو: "ئەگەرچی یاسر نەخۆشیی هەناسەبڕکێ و دڵ و هەروەها ئارتروزی ئەژنۆی هەیە و ئازار دەچێژێت، بەڵام هەتا ئێستا تووشی نەخۆشیی کۆرۆنا و نەخۆشیی گشتگیر نەبووە و تەندروستیی لەو بارەیەوە جێگیرە و لەمە بەدوا پاراستنی تەندروستیی ناوبراو لە ئەستۆی بەرپرسانی پەیوەندیدارە".

ئەم مامۆستایە لەلایەن دادگای ئینقلابی شاری مەهاباد بەهۆی بەشداریکردن لە مانگرتنی سێنفیی مامۆستایان لە ڕاستای دادکۆکی لە داخوازیی فەرهەنگییان و پێڕاگەیشتن بە دۆخی نالەباری قوتابییان بە ١٥ مانگ زیندانی مەحکووم و ئەم حوکمەش لە دادگای پێداچوونەوەی ورمێ بەبێ لێکۆڵینەوە پشتڕاست کرابووەوە.

"یاسر ئەمینی ئازەر"، ڕۆژی سێشەممە ١٧ی بانەمەڕی ساڵی ٩٨، لە کاتی چوونەدەرەوە لە قوتابخانە، لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرابوو.

ئەم مامۆستایە، بە هاندانی قوتابییان بۆ داخرانی قوتابخانە لە کاتی مانگرتنی مانگی ڕەشەمەی ساڵی ٩٧ و هاندانی مامۆستایان بۆ بەشداری لە مانگرتنەکان، تۆمەتبار کرابوو.

٢١ی خەزەڵوەری ساڵی ٩٧یش، ئەم مامۆستایە کوردە بە هۆکاری بەشداری لە مانگرتنی سەرتاسەریی مامۆستایان، بانگهێشتی ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی مەهاباد کرابوو.