مافی‌ژنان له‌سه‌ر جه‌سته‌ی‌خۆیان، چه‌نده‌ره‌چاو ده‌کرێ‌؟

19:05 - 23 سەرماوەز 2713
Unknown Author
شیلان ساڵحی

\"ماف\" ئەو بەرژەوەندییەیە کە یاسا دەیپارێزێت، ئەو بەرژەوەندییەش چەسپاو و نەگۆڕە. ماف لە دوو بەشی سرووشتی و قەراردادی پێک دێت و بەم شێوەیە پێناسە دەکرێت، مافە سروشتیەکانی مرۆڤ هەر لەگەڵی لە دایک دەبن و مافە قەراردادیەکان لەلایەن یاساوە وەک مافی سیاسی و مەدەنی بۆ مرۆڤ دیاری دەکرێت. بە پێچەوانەی ماف کە نەگۆڕە، یاسا بە پێی سیستمی دەسەڵاتی هەر وڵات و کۆمەڵێک بە پێی ئیدئۆلۆژیی ئەو وڵاتە و کۆمەڵە دەگۆڕێت. یەکێک لەو مافە سروشتيیانە کە لەگەڵ مرۆڤ لە دایک دەبن، مافی ژن لەسەر جەستەی خۆیەتی.

بەو واتایە کە هەر مرۆڤێک مافی هەیە بە شێوەیەکی تەواو ئازاد، لەسەر بارودۆخی جەستەیی خۆی بریار بدات. کەواتە دەتوانین بڵێن سەرەکیترین مافی ژن و هەر مرۆڤێکە کە بریاراتی پێوەندیدار بە جەستەی خۆی، لە لایەن خۆیەوە بدرێت، نەک دەوروبەر و حکوومەت و یاسا! لە یاساکانی کۆماری ئیسلامیدا بە شێوەیەکی تەواو ئاشکرا لە سەر جەستەی ژن بریار دراوە و لەو بوارەشەوە وەک هەموو بوارە پێوەندیدارەکان بە ژنان، لە جیاتی ژن بریار دراوە. بە پێی ئەم مافە هەر مرۆڤێک دەبێ‌لە هەر شێوازێکی گوشاری دەرەکی، کە شوێندانەریی لەسەر جەستەیی دادەنێت، پارێزراو بێت. پێشێل کاریی ئەم مافە لە چوار بەشی سەرەکیدا بە زەقترین شێوە بەرێوەدەچێت: ١ـ حیجابی زۆرەملی ژنانی ئێرانی لە هەڵبژاردنی جل و بەرگی خۆیان ئازاد نین و بە پێی ماددەی ٦٣٨ی یاسای موجازاتی ئیسلامی، ژنێک کە بەبێ‌حیجابی ئیسلامی لە شوێنە گشتییەکان و لەبەر چاوی خەڵکدا دەرکەوێت، بە بەندیخانە (لە ١٠ رۆژ هەتا ٢ مانگ و یان لە ٥٠ هەزار هەتا ٥٠٠ هەزار ریال) مەحکووم دەکرێت. ٢ـ توندوتیژی شێوازێکی رەفتارییە کە بە مەبەستی گەیاندنی خەسار بە کەسێکی دیکە، لە شێوەکانی جەستەیی (ئاشکرا و نهێنی)، دەروونی، سنووردار کردنی پارە و سامان(ئابووری)، پێشگیری لە کار و بردنە سەری ئاستی تاکە کەسی، پشتێکردن بە کەسانێک کە پێویستیان بە پشتیوانیی ئێمەیە و ... جێ‌بەجێ‌دەکرێت. لێرە ئێمە هەوڵ دەدەین ئەو بەشە لە توندوتیژیە کە پێوەندیی بە پێشێل کردنی مافەکانی ژنان لەسەر جەستەیانە تاوتوێ‌بکەین. بۆ نموونە:
الف: ناچارکردنی ژن بە ملکەچ بوون بۆ نموونە ناچارکردنی ژن بە ملکەچ بوون لە بەرامبەر هاوسەر، بێ‌لەبەرچاو گرتنی ئامادەیی دەروونی، عاتفی و جیسمیی ژن، دەبێتە هۆی نەخۆشییەکانی رۆحی ـ دەروونی. چونکە ژن هەست دەکات ئیدی هاوسەرەکەی هاوبەشی خەم و خۆشیەکانی نیە، بەلکوو کەسێکە کە بە پشتیوانیی یاسا و شەرع، بێ‌رەزامەندیی ئەو، لە دیوارەکانی هەرێمی تاکەکەسیی ئەو تێدەپەڕێ‌و وەک کەرەستەیەک کەڵکی لێ‌وەردەگرێت. زۆر کەس و بە تایبەت ژنان لەسەر ئەو باوەرەن کە ئەم زۆرلێ‌کردنە بە تایبەت لەسەر پێوەندیی جینسی ژن و پیاو شوێندانەریەکی خراپی دەبێت و ژن لە بارودۆخێکدا کە هەست بە ئامادەیی ناکات، وەکوو ئەوەیە کە دەستدرێژی جینسی لەسەر بکرێت.

بە پێی یاسای ئیسلامی ئێران، ئەگەر ژن لەو بوارەدا بە پێچەوانەی ویست و خواستی هاوسەرەکەی بجووڵێت، دادگا دەتوانێ‌نەفەقەی ژنەکە ببرێت( لەژێر ناوی \"ناشزە\").

ب: قەتڵە نامووسیەکان ئەم شێوازە لە کوشتن کە بۆ پاراستنی نامووسی بنەماڵە جێ‌بەجێ‌دەکرێت بە چەندین هۆکار رووی دەدات. وەکوو، ملنەدان بە زەواجی زۆرەملی، کچ و یان ژنێک کە قوربانی دەستدرێژیی جینسی بووە، جیابوونەوە، پێوەندی لەگەڵ رەگەزی بەرامبەر (پیاو) و یان \"زنا\". ٣ـ خەتەنەی کچان کچان لە تەمەنێکی کەم و بە بێ‌رەزامەندیی خۆیان سەقەت دەکرێن و هەتا کۆتایی ژیانیان شوێنەوارە خراپەکانی جەستەیی و رۆحی خەتەنەی وەدوای خۆیان دەکێشنەوە.

ئەمەش نموونەیەکی هەرە گرینگی پێشێل کردنی مافی جەستەیی ژنانە کە بە داخەوە ئێستاش بە شێوەیەکی نهێنی جێ‌بەجێ‌دەکرێت. ٤ـ دووگیانی ـ لەبار بردنی منداڵ بە پێی ماددەکانی ٤٨٧ ـ ٤٩٢ و ٦٢٢ ـ ٦٢٤ی یاسای سزای ئیسلامی و ماددەی ٧٢٤ ـ ٧٢٨ی یاسای نوێ‌، لەناو بردنی منداڵ تاوانە، بە بڕوای زۆرینەی داکۆکیکەرانی مافی ژنان، ئەگەر دووگیانی بە بێ‌رەزامەندیی ژن ئەنجام درا بێ‌و یان لە ئاکامی دەستدرێژیی جینسی بووبێت، ژن دەبێ‌مافی لەبار بردنی منداڵی هەبێت. چونکە دایکێک کە ئامادەیی نیە منداڵێک بە دونیا بێنێ و یان تەنانەت لەو منداڵی بێ‌زارە، ناتوانێ‌دایکێکی باش بێت و بە شێوەیەکی دروست منداڵەکەی پەروەردە بکات. بۆیە ماف خۆیەتی کە لە بواری بارودۆخی دووگیانی خۆی بریار بدات.