لەنێوان هێزەکانی سپای پاسداران و گرووپێکی چەکدار لە مەریوان تێکەڵچوون ڕوویدا

11:53 - 31 بانەمەڕ 2720

ڕۆژی سێشەممە ٣٠ی بانەمەڕ، شەڕ و تێکەڵچوون لەنێوان هێزەکانی سپای پاسداران و گرووپێکی چەکدار لە مەریوان هاتە ئاراوە.

بەشی پەیوەندییە گشتییەکانی قەراگای حەمزە بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک، ڕایگەیاند کە قەرارگای شەهرامفەڕی هێزە زەوینییەکانی سپای پاسداران لە ئۆپراسیۆنێکی هاوبەش لەگەڵ ئیدارەی ئیتلاعاتی کوردستان، لەگەڵ گرووپێکی چەکدار لە ناوچەی مەریوان تووشی شەڕ و تێکەڵچوون بوون.

قەرارگای حەمزە لەو ڕاگەیەندراوەدا ئیدعای کردووە کە لەو شەڕەدا، دوو کەس لەو گرووپە چەکدارە کوژراون و چوار کەسی دیکەیان بریندار بوون.

پاش ئەو شەڕ و تێکەڵچوونە سپای پاسداران شوێنی شەڕەکەیان تۆپباران کرد.

سپای پاسداران ئەو شەڕەی داوەتە پاڵ حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران، بەڵام هەتا ئێستا هیچ حیزب و لایەنێکی سیاسی، ئەو شەڕەی  لە ئەستۆ نەگرتووە.

لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی سێشەممە ١٦ی بانەمەڕ، هێزەکانی سپای پاسداران لەگەڵ گرووپێکی چەکداری نەناسراو، لە "چلچەمە"ی دیواندەرە دەرگیر بوون و "شەکیبا سەلیمی"، لە فەرماندەکانی سپای پاسداران، لەگەڵ "جەعفەر نیزامپوور و محەممەد  شوکری"، دوو ئەندامی تری سپا، لەو تێکەڵچوونەدا کوژران.