لە کەمتر لە یەک حەوتوودا سێ کرێکار لە پارێزگای ئیلام بووەنەتە قوربانیی ڕووداوی کار

13:25 - 7 بانەمەڕ 2720

ڕۆژی شەممە ٦ی بانەمەڕ، کرێکارێکی تەمەن ٥١ ساڵە، لە کاتی کارکردن لە کارگەیەکی موزائیکسازی لە گوندی ئیسلامییەی شاری سیراوان سەر بە پارێزگای ئیلام گیانی لەدەست دا.

لەو ڕووداوەدا، بەهۆی بەربوونەوەی ئاسنەواڵە لە جەرسەقیل ئەو کرێکارە گیانی لەدەست دا. هەروەها کرێکارێکی دیکە لاقێکی شکا و بۆ چارەسەریی پزیشکی ڕەوانەی ناوەندی دەرمانی کرا.

لەلایەکی دیکەوە، چەند ڕۆژ پێش، کرێکارێکی بیناسازی لە شاری دەڕەشای پارێزگای ئیلام، بەهۆی بەربوونەوەی باڵابەر بەسەریدا، گیانی لەدەست دا.

ئەو کرێکارە تەمەن ٤٩ ساڵەیە، پاش گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە، گیانی لەدەست دا.

بە وتەی "حامید نائیجی"، بەڕێوەبەڕی پێوەندییە گشتییەکان و کاروباری نێونەتەوەیی ڕێکخراوی پزیشکی یاسایی لە ئێران، بەربوونەوە لە بەرزایی بە گرینگترین هۆکاری گیانلەدەستدانی کرێکاران دێتە ئەژمار و لە ماوەی ٩ مانگی یەکەمی ساڵی ٩٨، ٥٦٠ کرێکار گیانیان لەدەست داوە کە هەموویان پیاو بوون.