لە پاوە هاووڵاتییەك بە تەقەی هێزە نیزامییەكانی حكوومەت بریندار كرا

14:35 - 18 سەرماوەز 2712
ئاژانسی كوردپا: لە جادەی نێوان پاوە ـ نەوسوود بەهۆی تەقەی هێزە نیزامییەكان لە ماشینێكی شەخسی، كەسێك بە توندی بریندار بوو.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، شەوی هەینی رێكەوتی 17 لەسەر 18ی سەرماوەز هێزە ئینتزامییەكانی جێگیر لە پاسگای \"مەلاندەر\" لە نزیك شاری پاوە لەسەر جادەی پاوە ـ نەوسوود ماشینی شەخسیی هاووڵاتییەكیان بەناوی \"راشد\" داوەتە بەر دەستڕێژ و ناوبراو بە توندی بریندار بووە.

بەپێی زانیاری سەرچاوەیەكی ئاگادار كە بە هەواڵنێری كوردپا گەیشتووە، ئەو هاووڵاتییە كوردە هیچ بارێكی قاچاخی پێ‌ نەبووە، بەڵام تەقەی لێكراوە و بریندار بووە.

دواتر راشد بە برینداری رەوانەی نەخۆشخانەیەكی شاری كرماشان كراوە.

بەپێی ئاماری تۆمار كراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی كوردپا، لە سەرەتای ساڵی 1391ەوە هەتا ئێستا لە ناوچە كوردنشینەكانی ئێران 33 هاووڵاتیی كورد لەناو جادە، شوێنە گشتییەكان و كوێستانەكانی كوردستان بە هۆكاری جۆراوجۆر لەلایەن هێزە نیزامییەكانی حكوومەتەوە دراوەنەتە بەر دەستڕێژ و بوونەتە قوربانی.

لە كۆی ئەو رێژەیە 21 كەسیان كوژراون و 12 كەسی دیكەشیان بریندار بوون.

ئەو ئامارە رێژەییە و بەپێی ئاماری تۆماری كراوی ئاژانسی كوردپا بڵاو كراوەتەوە، بێگومان ئاماری راستەقینە لەو رێژەیەش زیاترە.