لە هەر سێ‌ مانگدا 500 كەس بە رێژەی تووشبوانی ئیدز زیاد دەبێت

15:22 - 26 بەفرانبار 2711
كوردپا: چوونە سەری ئامار و رێژەی تووشبوان بە نەخۆشیی HIV بە شێوەیەكی بەربڵاو رووی لە زیاد بوون كردووە.

هەر چەندە بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی تەندورستی و دەرمانی ئێران ژمارەی تووشبوان بە نەخۆشیی ئیدز لە كۆتایی خەرمانانی ئەمساڵدا نزیك بە 23 هەزار و 500 راگەیەندراوە و هەر ئەو ناوەندە ئاماری ساڵی پێشووی 20 هەزار و 975 كەس راگەیاندبوو، بەڵام كارناسانی زانستی پزشكی ئەو ئامارانە بە راست نازانن.

رۆژنامەی شەرق بڵاوی كردۆتەوە، وەزارەتی تەندروستی و دەرمان لە دانی ئامار سێ‌ مانگ وەدوا كەوتووە و بەپێی دوایین ئامارەكان لەسەدا ٣/٩١ تووشبوان بە نەخۆشیی ئیدز پیاوانن و لەسەدا 7/8ی ژنان ئەو نەخۆشیە پێك دەهێنن.

هەر بەپێی ئەو سەرچاوەیە، هەتا ئێستا نزیك بە 4 هەزار و500 كەس لە تووشبوانی ئیدز گیانیان لەدەست داوە و هەر لەو پێوەندیەشدا لێپرسراوی ناوەندی لێكۆڵینەوەی ئیدز رایگەیاند نزیك بە لەسەدا 40ی قوربانیان بەهۆی پێوەندیی جنسییەوە بووە.

زیاتر لە سەدا10ی تووشبوان بە ئیدز لە رێگای جنسییەوە تووش بوون و هەروەها نزیك بە لەسەدا 46ی تووشبوان تەمەنیان لەنێوان 25 هەتا 34 ساڵ دایە.

دوكتوور مینوو موحرز وتیشی: ئامارە نوێیەكانی پەرە گرتنی ئیدز چوونەتە قۆناغێكی دیكەوە و شەپۆلی سێیەمی ئیدز (جنسی) لە وڵات دەستی پێكردووە.