لە ماوەی ٨ ڕۆژدا ، ١٠ زیندانی لە کوردستان لەسێدارە دراون

13:40 - 9 بانەمەڕ 2720

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری کوردپا، لە ڕێکەوتی ٢ی بانەمەڕ هەتا ٩ی بانەمەڕ، ١٠ زیندانی بە تۆمەتی "کوشتنی بەئەنقەست" لە زیندانەکانی سەقز، سنە، کرماشان و ورمێ لەسێدارە دراون.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار لە زیندانی سنە، بەرپرسانی زیندان بە زیندانییانی تاوانبار بە "کوشتنی بەئەنقەست" ڕایانگەیاندووە کە لە ئەگەری وەرنەگرتنی ڕەزامەندیی بنەماڵەی کوژراوەکان، حوکمی قیساستان جێبەجێ دەکرێت.

ناوی ئەو ١٠ زیندانییە کە لە ڕێکەوتی ٢ی بانەمەڕ هەتا ٩ی بانەمەڕ، حوکمی  قیساسیان جێبەجێ کراوە، بریتین لە: "شایان سەعیدپوور، لوقمان ئەحمەدپوور، سینا محەممەدی، تورج موراد حاسڵی، عەبدولوەحید فەیزی، پەیام (ڕامیار) موخلیس، کەیوان ئەڵڵامورادی، زورار پەیغامی، فایەق شەریفی و یاسر ڕەسووڵی".

ماوەیەک پێش، "مەحموود ئەمیری موقەدەم"، چالاکی مافی مرۆیی دانیشتووی وڵاتی نۆروێژ و بەڕێوەبەری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران لە وتووژێکدا لەگەڵ ئاژانسی کوردپا سەبارەت بە وڵامی ئەو پرسیارە کە سەرەڕای ڕەخنەکانی جیهانی، بۆچی ئێران یەکێک لە وڵاتە پێشڕەوکانی ئێعدامکردنی هاووڵاتییانی خۆیەتی، ڕایگەیاند: "حکوومەتی ئێران وەکوو هەر حکوومەتێکی دیکە کە پشتیوانی خەڵکی لە پشت نییە، پێویستی بە دروستکردنی ترس و دڵەڕاوکێ لە کۆمەڵگا هەیە. ئەگەر چاو لێبکەن هەر وڵاتێک کە بیهەوێت  بەرەو دیکتاتۆری هەنگاو هەڵبگرێت، یەکێک لە هەنگاوەکانی ڕەوتی دەستپێکردنی جێبەجێکردنی ئێعدامکردنی هاووڵاتییانی خۆیەتی".

ئەو چالاکە مافی مرۆییە هەروەها دەڵێت: "لەسێدارەدان یەکێک لە بێزراوترین کردەوەگەلێکە کە بە ناوی یاسا ئەنجام دەدرێت و ئەمەش ڕەوایی بە توندوتیژی دەدات و دەبێتە هۆی درێژەدان و پەرەسەندنی توندوتیژی لە کۆمەڵگادا".

نەبوونی پلەبەندی بۆ کوشتنی بەئەنقەست لە ئێران دەبێتە هۆی هەر حاڵەتێکی کوشتن جیا لە بەهێزی و لاوازی و پاڵنەری تاوانبارەکەی، لە کۆتاییدا، داسەپاندنی حوکمی ئێعدامی لێدەکەوێتەوە.