لە بەڕێوەچوونی جەژنی نەورۆز لە کوردستان رێگری دەکرێت

14:12 - 27 رەشەمه 2712
ئاژانسی کوردپا: لە کاتێکدا خەڵکی کوردستان خۆیان بۆ بەڕێوە بردنی رێوڕەسمەکانی جەژنی نەورۆز ئامادە کردووە، هێزە ئەمنیەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران ئاستەنگ بۆ هاووڵاتیان دروست دەکەن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لەبەرەبەری سەری ساڵ و بەڕێوەچوونی رێوڕەسمەکانی نەورۆز، زۆربەی شار و گوندەکانی شاری مەریوان بە هێزەکانی سپای پاسداران و ئینتزامی میلیتاریزە کراون و لەمەڕ بەڕێوەبردنی رێورەسمی نەورۆز، هەڕەشەی زیندانی کردن لە هاووڵاتیان دەکەن.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند: هێزە ئیتلاعاتی و ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، پارچەیان بردۆتە خەیاتییەکان و لیابسی کوردیان بە دروون داوە، هەتا لە کاتی بەڕێوەچوونی رێوڕەسمەکانی نەورۆز، هاووڵاتیان شناسایی بکەن. ئەوەش لە حاڵێکدایە کە لاوانی شاری مەریوان خۆیان بۆ هەڵ کردنی ئاگر و بەڕێوەبردنی رێوڕەسمەکانی نەورۆز ئامادە کردووە.

هەر لەو پەیوەندییەدا و لە کاتێکدا دانیشتوانی گوندی \"شیناوێ\"ی پیرانشار خۆیان بۆ هەڵ کردنی ئاگری نەورۆز لە نزیک قوتابخانە سووتاوەکا ئامادە کردبوو، هێزە ئیتلاعاتییەکان لەمەڕ بەڕیوەبردنی ئەو رێوڕەسمە هەڕەشەیان لە دانیشتوانی گوندی شیناوێ کرد.

لەلایەکی دیکەوە لە زۆربەی ناوچەکانی کوردستان، کەسایەتی و لاوانی گوندەکان بانگهێشتی ناوەندە ئەمنیەکان کراون و پێیان راگەیەندراوە که‌خۆیان له‌ هەڵ کردنی ئاگر و به‌ڕێوه‌بردنی جەژنی نەورۆز ببوێرن.

هاووڵاتیانی کوردستان لەسەر ئەو باوەڕەن کە حکوومەت هه‌موو هێز و توانای خۆی خستۆته‌گه‌ڕ تا نه‌ورۆز و خه‌ڵک لێک داببڕی و نەهێڵێت ئاگری نه‌ورۆزی ١٣٩٢ی هه‌تاوی له‌لایه‌ن خەڵکی شار و گوندەکانەوە بکرێتەوە و ئەو جەژنە نەتەوەیە لە بیری خەڵک بباتەوە.