لێرە ناڕۆین! خوێندنەوەیەکی کورت لەنێوان کۆچ و مانەوەدا

14:41 - 15 پووشپەڕ 2713
Unknown Author
ئارام برایم خاس
خاک توانای کۆچی نییە
ئەوەیە رازی مانەوەی هەمیشەیی من لەم وڵاتەدا *
هەرچەند ئەو تاک(Individual)ـانەی بەناچار کوردستانیان بەجێهێشت و روویان لە هەندەران کرد لە دیاسپۆرا دا لە درووست کردنی شوناس(Identity)ێکی گشتی و کۆمەڵگایەکی کوردی لە دەرەوەی وەڵات لە سەدەی بیستەمدا بەشدارییان هەبووە بەڵام بێگومان لە کردنەوەی دەلاقەیەک بۆ دۆزینەوەی شوناسی تاکەکەسی خۆیان هەموو کات تووشی تەنگ و چەڵەمی هزری و مەعریفی(intellectual) گەورە هاتوون و هەمیشە وەکوو رێبواری نا-رێگایەکی پڕ لە مەترسی جووڵاونەتەوەو بەشێکی زۆریشیان لەو نا-رێگا پڕ لە هەوراز و نشێوەدا ئاسۆیان لێ ون بووەو بەرەوە لێواری هەڵدێڕی ئەو نا-رێگایە رۆییشتوون.

لەنێوان \"ئێمە\" و \"بیانی\"(alien) یەکاندا کیانی پڕ لە مەترسی (من ئی ئێرە نیم) بوونی هەیە، ئەو (عدم تعلق=Lack of belonging)ە روویەکی دیکەی دراوی بێ بەش بوون لە شوناسە.

تاکێکی دوورخراو و راونراو لە وڵات و نیشتمان(fatherland)ی خۆی هەموو کات هەستێکی خۆبەبچووک زانینی لە بەرانبەر \"ئەویتری\" خانەخوێ دا تێدا بەدی دەکرێ و لەو دۆخەدا خۆی وەک میوانێکی ناوەخت دەبینێ، میوانێکی ناوەختی شەرمێون کە هیچ خاڵێکی هاوبەشی لەگەڵ ئەو ژینە نوێیەو ئەو کۆمەڵگا نامۆیەدا نییە.

ئەو ژینگە نوێیەش خاوەنی هیچ چەشنە هاوبەشییەکی چاندی لەگەڵ زێدەکەی ئەو پەنابەرە نییە و هیچ شتێکی پێ نییە کە بتوانێ تاکی پەڕیوەبووی بێ وڵات و بێ شوناس دوای گیرسانەوەی لەو عەرنیگارییە نوێیەدا بگەیێنێتە ئاستێک کە من پێی دەڵێم: ئۆرگاسمی کەسایەتی\".

دیاسپۆرا پێویستیی هەبوونی شوناس( Identity Existence) هێدی هێدی و زۆر بەکاوەخۆ دەتوێنێتەوەو لە بواری مەعریفییەوەش ئەو شوناسی گشتییە کە تاک شانازی پێوە دەکات و خۆی بە بەشێک لەو شوناسی گشتییە دەزانێ (بۆ وێنە:کوردبوون) لێی دەستێنێتەوە.

تەنانەت ئەو نەتەوانەی کە لە کەشی دیاسپۆرا و پەڕیوەییدا هەوڵی ئەوەیان داوە کە گەشە بە هەستی نەتەوایەتی و نەتەوەبوونی خۆیان بدەن و پەروەردەی بکەن لە گەڵ تێپەڕبوونی کات و لە دایکبوونی جیلی نوێ و درووست بوونی کەلێنی نێوان جیلی نوێ و جیلی کۆن، تووشی گرفتی گەلێک گەورە هاتوون و نەیانتوانیوە ئەو مەبەستەی خۆیان بە باشی بپێکن.

پەنابەر-کۆچبەر هەموو کات لە لایەن کۆمەڵگای خانەخوێوە بە چاوی بیانی و نامۆ و «ئەویتر»(another) سەیر دەکرێ.مرۆڤی دوورخراو و پەنابەر لە دیاسپۆرا دا لە بەرزەخ(transition)ێکدا دەژی کە بۆخۆی هەڵیبژاردووە.

بەرزەخ بەو واتەیە کە نە بە تەواوەتی دەتوانێ لەگەڵ نۆرم و بایەخەکانی کۆمەڵگا و ژینگەی نوێی مۆدێرندا رێککەوێ و نە بە تەواوەتیش دەتوانێ واز لە زێدی خۆی بێنێ و هەستی غوربەت و دڵتەنگی(Nostalgia) بۆ نیشتمان لە بیر خۆی بباتەوە.

هەر ئەو تایبەتمەندییە بەسە کە ژیان لە دیاسپۆرا وەک سزا(reprimand)یەکی دژە مرۆڤی نێودێر و پێناسە بکەین.

ئەو مرۆڤگەلەی کە لەپێناو ئازادی وڵاتەکەی خۆیاندا ئامادەبوونە هەموو فیداکارییەک بکەن و دواتر ئەو دۆخەی کە تەسلیمی بوون و دەستی قەدەر کۆچبەر و پەڕیوەی هەندەرانی نامۆیی کردوون، دەگەنە ئاستێک کە تەنانەت لە ژیانی تاکەکەسی خۆیان و لە باری دەروونییەوەش ئیتر ئەو مرۆڤە خاوەن وزە و چالاکەی رابردوو نین.

ئەو دۆخە نالەبارەی ژیان لە هەندەران بۆ تاکی بێ ئاڵا و بێ کیان
(No nation - state) ی کورد - لە بەراورد لەگەڵ ئەو نەتەوانەی دیکە کە لەگەڵ کێشەی هاوشێوەی ئێمەی کورد بەرەوروو نین- سەد قات دشوارتر و ئەستەم ترە.

ئەوەی تاکی کورد لە هەندەران تووشی دەبێ قۆناغێکە کە بە بڕوای من لە سەرووی دیاسپۆرا و کۆچە و دەتوانین نێوی فەراکۆچ(transmigration)ی لێ بنێین.

لەو دۆخە هەڵاوەسراو(suspended)ەدا پرسی «مرۆڤی کورد-زێدی کورد» و ژێردەستەبوونی ئەو دوو چەمکە و دابڕان لێیان زیاتر لە جاران تووشی بیر کردنەوەت دەکا و ئەو بیرکردنەوەیە گەلێک پرسیاری جۆراوجۆر دێنێتە ئاراوە.

- گەلۆ هەموو مرۆڤەکان مافدار نین کە لەو زێدەی کە لێی لە دایکبوون بژین و بمرن؟
- ئێمە وەک تاک لەو پرۆسەی دابڕان لە شوناس و زێدەدا چەندە تاوانبارین؟
- لەو پێناوەدا چەندە ئەرکەکانی خۆمان بەجێهێناوە و چەندە حەولمان داوە لەگەڵ ئەو تابلۆیەی کە لە دێڕەکانی سەرەوەدا وێنا کرا، بەرەوروو نەبین؟

- ئەگەر لە رۆژهەڵات راونراوین چەندە ویستی مانەوەمان لە باشوور هەبووە؟
- ئەگەر باشوور بۆمان نەبوو بە وڵات چەندە بیرمان لە مانەوە لە باکوور کردەوە؟
- چەند جار لە خەڵوەت و تەنیایی خۆماندا بە خۆمان وتووە:\" ئەگەر نیشتمانم منی ناوێ، من ئەوم هەر دەوێ و دەیکەم بە نیشتمان بۆخۆم\"؟

کۆچ(expatriation) بۆ کورد سەرەڕای ئەوەی کە زۆر جار وەک دەرفەت ئەژمار دەکرێ بەڵام بەو فۆرمەی ئێستا و لە رووبەری گەورەی خۆیدا وەک هەڕەشە خۆدەنوێنێ و قومارێکی گەورەیە لەگەڵ شوناس و نیشتمان و هەر دووک سەری ئەو قومارە هەر دۆڕانە.هەم بۆ تاکی کورد و هەم بۆ نیشتمان.

ئێرە وڵاتی منە، لێی لە دایکبووم و لێی ژیام و لێی گەورە بووم و لێی هەستم بەدیلی خۆم کرد و لێی یاخی بووم و هەر لەو زێدەش سەردەنێمەوە و ئەو بەڵێنە لەگەڵ دایکی نیشتمان دەبەینە سەر. لێرە ناڕۆین، ئێرە کوردستانی ئێمەیە!

پەراوێز*
هۆنراوەی \"خاک\"لە هۆنینەوەی هەڵبەستوانی جوانەمەرگ کاک \"مارف ئاغایی\"

سەرچاوکان:
١-سەعید ئێدوارد - رۆڵ و دەوری رووناکبیر
٢- مەریوان وریا قانع - ناسیۆنالیزم و سەفەر