لاوێکی کورد بە ٦ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرا

11:47 - 24 خەرمانان 2719

ئاژانسی کوردپا: لقی یەکی دادگای ئینقلابی شاری سنە، لاوێکی کوردی خەڵکی گوندی "تەنگیسەر"ی بە ٦ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرد.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لاوێکی کورد بە ناوی "ئەفشار فەتحی"، کوڕی "ئەحمەد"، خەڵکی گوندی "تەنگیسەر"ی سەر بە ژاوەرۆی شاری سنە، لە لایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی ئەو شارەوە، بە ٦ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرا.

ئەو هاووڵاتییە کوردە، بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران"، بە ٥ ساڵ و بە تۆمەتی "هەواڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی" بە ساڵێک و بەگشتی بە ٦ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کراوە.

ئەو لاوە کوردە، مانگی ڕەشەمەی ساڵی ٩٧، بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران"، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و ڕۆژی چوارشەممە، ٧ی خاکەلێوە، بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.