قەیرانی دارایی حیزبەکانی رۆژهەڵات

22:24 - 30 خەرمانان 2714
Unknown Author
هاوار بازیان

کەمتر کۆبوونەوەی تەشکیلاتیی حیزبە کوردییەکانی رۆژهەڵاتی هەیە کە تێیدا باسی کێشەی ئابووری نەکرێ و بەرپرسانی حیزبی گلەیی دواکەوتن و کەموکووڕیی پێدانی ئابوونەی مانگانە و دواکەوتنی مافی ئەندامەتی لە ئەندامانیان نەکەن کە وەک حیزب و کاری رێکخراوەیی شتێکی رەوایە، بەڵام بەڕاستی کێشەکە چییە و چارەسەری لەکوێیە؟ هاتنە بەرباسی بڕینی بودجەی ئەو حیزبانە لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە تا رادەیەکی زۆر کێشەی دارایی و ئابوورییە کۆن و نوێەکانی ئەو هێزانەی رۆژهەڵاتی زەق کردەوە کە لێرەدا بەکورتی باس لە هۆکارەکانی پشت ئەو پرسە دەکرێ و هاوکات چارەسەریەکانی ئەگەر کاتیش بن دەخرێنەڕوو:
١- مافی ئەندامەتی
ئەگەر ئەندامێکی بۆ نموونە پارتی کرێکاران /پەکەکە/ لە ناخی ئوروپاوە ئامادەیە شەو و رۆژ کار بکا بەوەی بتوانێ مانگی داهاتوو یارمەتی زیاتری دارایی بۆ پارتەکەی رەوانە بکاتەوە یان لانیکەم ئابوونەی مانگانەکەی تەواو و لەکاتی خۆیدا بدا، ئەوە یەک هۆی سادە و سەرەکی هەیە: ئەو ئەندامە دڵنیایە یارمەتییەکەی بەفیڕۆ ناچێ و کەلێنێک لە بەڕێوەچوونی حیزبەکەی دەگرێ.

لەبارەی هێزەکانی رۆژهەڵاتییەوە هەرچەندە تۆمەتی ئەوە هەڵناگرێ کە یارمەتییەکان بەفێرۆ دەچن، بەڵام ئەو پرسە تا رادەیەک کێشەی تێدایە، چونکە تا ئێستا ئەندامی حیزبەکە بەو قەناعەتە نەگەیشتووە ئەو پارە کەم یان زۆرەی مانگانە دەبێ بیدا سوودی چی دەبێ و چی پێ دەکرێ؟ کەسێک کە یارمەتییەک بە رێکخراوێک یان تەنانەت کەسێک دەدات، چاوەڕێیە ئەنجام و چارەنووس و هۆی ئەو هاوکارییە بزانێ کە ئەگەر بزانێ ئەوە جاری داهاتوو باشتر و زیاتری دەکا و بەپێچەوانە. زۆربەی ئەندامانی حیزب بەتایبەت لە دەرەوەی بنکە سەرەکییەکان، قەرزێکی زۆری مافی ئەندامەتییان لەسەرە، ئەوەش لەبەر ئەوە نییە کە ئەو ئەندامە توانای دابین کردنی ئەو بڕە پارەی نییە، بەڵکوو لەبەر ئەوەیە ئەو ئەندامە هێشتا تەواو دڵنیا نییە پارەکەی دەچێتە خزمەت رێکخراو و ئامانجەکانی خۆی. بۆ ئەو مەبەستەش پێویستە حیزبەکان دەست بە بڵاوکردنەوەی رۆشنبیرییەکی ئابووری بکەن و ئەو قەناعەتە بۆ ئەندامان بگێڕنەوە و بە کردەوە پێیان پیشان بدەن کە حیزب لە هەموو روویەکەوە چاوی لە ئەندامانە بۆ ئەوەی بژی و ئەو چاوەڕوانییەش مافی خۆیەتی. هەروەها پێیان نیشان بدەن کە پارەیەکی کەمی ئەندامان بەیەکەوە چەندە زۆر دەکا و چی پێدەکرێ، ئەوکات حیزبەکان دەتوانن فشارێکی رەوا بخەنە سەر ئەندام و لایەنگران و هاوکات جۆرە هاندانێک لەناو ئەندامانی دوور و نێزیک درووست دەبێ کە هاوکات قازانجی ئابووری بۆ حیزبەکە و سوودی دەروونی و سیاسی بۆ حیزب و ئەندامانی دەبێ و دەکرێ بەپرۆسەیەکی مەبەستدار.

٢- باری داراییی حیزب دیار بێ
دیارنەبوون و نەبوونی شەفافییەتێکی رێژەیی لەلایەنی داراییی حیزب، وایکردووە ئەندامانی حیزبە کوردییەکانی رۆژهەڵات دڵنیا نەبن لەوەی حیزبەکەیان بەڕاستی دارایە (هەیەتی) یان نەدار! ئەو ناشەفافییەتە زیانێکی زۆری ئابووری و دارایی بۆ ئەو هێزانە لێکەوتووەتەوە، بەشێوەک کە ئەندام و لایەنگرانی حیزب لە کاتی تەنگانەی راستەقینەشدا بڕوا بەبوونی کێشەکە ناکەن. هەرچەندە راستە کە پێویست ناکات هەموو ئەندامی رێکخراوێکی شۆڕشگێڕ ئاگاداری وردەکارییە داراییەکانی رێکخراوەکە بن، بەڵام پێویستە تا ئەو رادەیە زانیارییان هەبێ کەلە کاتی خۆیدا هەست بە قەیرانەکە بکەن.

بۆ نموونە پێویستە ئەندامانی حیزبێک بزانن یارمەتییەکانی داراییی دەرەوەی حیزب دەوروبەری چەندە، بەڵام هیچ پێویست بە وردەکارییەکانی‌تر ناکا وەک ناوی ئەو رێکخراو یان وڵات و کەسەی لە گەیاندنی یارمەتییەکەدا رۆڵیان هەبووە. یان پێویستە ئەندامانی حیزب بزانن قەبارەی چالاکیی بازرگانیی حیزب لە دەرەوە چەندە و لە کام کەرت و بەشدایە، بەڵام هیـچ پێویست ناکات ناوی وڵاتەکە یان کۆمپانیاکە بۆ ئەندامان ئاشکرا بکەن. هەموولایەک باش دەزانن حیزبەکەیان پارەیەکی زۆر بۆ بوارەکانی راگەیاندن، خۆراک، هاتووچۆ، خزمەتگوزاری و لایەنەکانی تری ژیانی کۆمەڵایەتیی ناو حیزب و ئەندامانی تەرخان کردووە، بەڵام ژمارە و ئامارێکی دیاریان لەبەردەست نییە کە بزانن ئایا بەڕاستی ئەوەی وەریدەگرین زیاتر نییە لەوەی خەرجی دەکەین! لەوبارەیەوە هیچ جۆرە بەرچاوڕوونییەکی تەشکیلاتی نییە و حیزبەکان زیانێکی زۆریان پێکەوتووە لەوەی لە هەبوون و نەبوونی پارەدا کەس چاوەڕێی راستییەکان نییە.

٣. سیستەمی دارایی و کارگێڕیی حیزبەکان کۆنە
حیزبەکان لە هێزی ئابووری و بەڕێوەبردنی داراییی سەردەم باش تێنەگەیشتوون و تا ئێستاش هەر پێیانوایە مەرجی یەکەم بۆ پێدانی پۆستی دارایی لەناو حیزبدا تەنیا \"متمانەکردن و هێزی تەشکیلاتی\"یە. ئەگەر سەیری حیزبەکان بکەین، بەرپرسانی ماڵی و دارایییەکانیان کەسانێکی دڵسۆزی سیاسی و تەشکیلاتین کە هەرچەندە ماندووی رێگەی خەباتن، بەڵام بەهۆی ناشارەزایی لەبواری ئابووریدا هێشتا خزمەتێکی کاریگەریان بەباری ئابووری و دارایی رێکخراوەکەیان نەکردووە و بگرە سەرباریش بوونە.

لە ئەنجامی ئەو دۆخەدا، تا ئێستا حیزبەکان بۆیان نەکراوە خۆیان لەگەڵ بازرگانیی نوێدا بگونجێنن و بتوانن لە کەمترین توانای ئابووریی خۆیان باشترین سوود وەربگرن.

دیسان هەر بۆ نموونە، پارتی کرێکاران لە ئوروپا دەستێکی چالاکی بازرگانی هەیە کە لە رێگەی داهاتەکانییەوە دەتوانێ چەند شۆڕشێکی تریش بەڕێوە ببات. پێویستە حیزبە کوردییەکانی رۆژهەڵات دەستی یارمەتی بۆ شارەزایانی ئابووری و داراییی دەرەوەی حیزب درێژ بکەن، بەتایبەت کە ئەو حیزبانە لە دەرەوەی وڵات دۆست و لایەنگری ئەکادیمی باش و لێهاتوویان هەیە کە ناسراون و دەتوانن پێشنیازی پڕۆژەی بەپیتی ئابووری و بازرگانی بۆ حیزبەکان ئامادە بکەن و سەرکردایەتیی حیزبەکانیش بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی خۆیان کار بۆ سەرخستنی بکەن تا سەرچاوەیەک بۆ رێکخراوەکەیان درووست بکەن.

٤. گەندەڵیی شاراوە
پاکترین وڵاتی ئابووریش بێ گەندەڵی نییە، بەڵام کەم و زۆری هەیە. هەربۆیە زۆر ئاسایییە ئەگەر رێکخراوێکی کوردی لە ناوچەیەکی وەک رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە لەژێر کاریگەریی سەدان هۆکاری گەندەڵیدایە تووشی ئەو دیاردە جیهانییە بووبێ.

حیزبە کوردییەکان زۆربەیان کەس یان کەسانێکیان تێدا هەڵکەوتووە کە بەرژەوەندیی خۆیان خستووەتە سەرووی ویژدانی شۆڕشگێڕی و دەستیان بۆ دارایی و داهاتی حیزبەکە درێژ کردووە. لێرەدا پێویست ناکا ئاماژە بەناو و تەیفی گەندەڵی ناو تاک بە تاکی حیزبەکان بکەین و ئەو ئەرکە بە خوێنەر و نووسینەکانی دواترمان دەسپێرین، بەڵام بوونی ئەو دیاردەیە وایکردووە بەشێک لە هێزی لاوازی ئابووریی حیزبەکان بە فیڕۆ بچێ و تا رادەیەکیش بێ هیوایی لەناو ئەنداماندا بڵاو بکاتەوە. حیزبی کوردی رۆژهەڵات هەیە کە تێیدا بەرپرسانی ئابووری و دارایی تووشی گەندەڵیی گەورە هاتوون و بەڵگەی پێویستیشیان لەسەر بووە، بەڵام بەرپرسانی باڵای حیزبەکە مەسەلەکەیان سەرپۆش کردووە و تەنانەت لەکاتی رۆیشتنی کەسەکەدا بۆ دەرەوە رێوڕەسمی رێزلێنانی بۆ سازکراوە. گەندەڵیی تری وەک داراییی حیزبەکان لە بانکەکان، دەستکەوتی ئاشکرا و شاراوەی حیزب لە ناوخۆ و دەرەوە و یان ئەو بڕە پارەی بۆ گەشتی دەرەوەی وڵاتی بەرپرسانی باڵای حیزب تەرخان دەکرێ قسە و مشتومڕی زۆر هەڵدەگرێ کە هەموویان ئاماژە بەبوونی گەندەڵییەک دەکەن.

درووستە کە حیزبێک بۆ پێشبردنی لایەنی دیپلۆماسی پێویستی بە گەشت و سەردانی دەرەوەی رێبەرانی هەیە، بەڵام هاوکات ئەوەش لەبیر نەکەین ئەندامانی تری حیزبی مافی ئەوەیان هەیە بزانن حیزبەکەیان چۆنی پەیدا دەکا و چۆنی لەدەست دەدا. ئەگەر ئەو لایەنە رەچاو نەکرێ، هەمیشە گومانی گەندەڵی لە بەرپرسانی باڵا بەتایبەت ئابووری و داراییی حیزبەکان دەکرێ و یەک راپۆرتی دارایی لە کۆمسیۆنی ماڵی بۆ کۆنگرە کە باسی ئامار و ژمارەی تێدا نییە، ناتوانێ تینوێتیی هەمووان بشکێنێ ئەگەریش بەڕاستی هیچ گەندەڵییەک لە ئاردا نەبووبێ.

٥- دوورکەوتنەوە لە خەڵک
گرینگترین و سەرەکی ترین داهاتی هەر حیزب و رێکخراوێک هەمان خەڵک و جەماوەری ناوخۆیە کە هێزە کوردییەکانی رۆژهەڵاتی بەپێی دوورکەوتنی شوێنی خۆیان، نێزیکەی ٢٥ ساڵە راستەوخۆ لە جەرگەی خەبات و جەماوەری خۆیان کە رۆژهەڵاتی کوردستانە دوور کەوتوونەتەوە. ئەگەرچی حیزبەکان پێانوایە ئەو دابڕانە هێندە زۆر نییە و پەیوەندیی نێوان هێزەکان لە باشوور و خەڵک لە رۆژهەڵات بوونێکی پتەوی هەیە، بەڵام لەڕووی ئابووری و یارمەتیی دارایییەوە کاریگەرییەکی زۆری لەسەر ئەو هێزانە لە تاڕاوگە داناوە. نێزیکبوونی هێزی شۆڕشگێڕ لە خەڵک، راستەوخۆ بەرپرسیارێتییەک بۆ خەڵکەکە دروست دەکا بەوەی پاڵپشتیی تەواو لەو رێکخراوە بکەن کە خەریکە داکۆکی لە مافەکانیان دەکا. بۆ نموونە، لە سەرتاکانی شۆڕشی گەلانی ئێران و کاتێک حیزبەکان لەناو خەڵکدا بوون، خەرجییەکانی حیزبەکان زۆر لە ئێستە زیاتر و قورس تر بوو، بەڵام زۆر کەمتر لە ئێستە تووشی کێشەی ئابووری و دارایی هاتن. هیچ گومان لەوەدانییە کە دوورکەوتنەوەی ئەو حیزبانە لە مەیدانە سەرەکییەکەی خەبات وایکرد لە بواری ئابووریشەوە وەستانێکی دارایی بەرۆکی ئەو هێزانە بگرێتەوە، بەشێوەیەک کە دابەزینی ئاستی چالاکییەکان راستەوخۆ باری ئابووریی هێزەکانی لاواز کرد و لە ئەنجامدا بەهای سیاسی و پێگەی شۆڕشگێڕیی ئەو حیزبانە گومانێکی زەمەنی خرایە سەر.

٦- چی بکەین؟
وەڵامی ئەو پرسیارە راستەوخۆ پێوەندیی بە ئاستی بەرپرسیاریەتیی کورد، بەتایبەت لە رۆژهەڵاتی کوردستان هەیە. لە ئێستادا کە خەباتی حیزبەکان پێوەندییەکی تەواوی بە هێزی ئابووری و دارایی هەیە، رادەی ئەو بەرپرسیاریەتییە زیاتر دەبێ. رۆژانە حیزب و لایەنە کوردییەکان دەبینین کە بەپێی توانای ئابوورییان گەشە دەکەن و کاریگەر دەبن، بۆیە پێویستە کوردانی رۆژهەڵات لەسەر چەند خاڵێکی گرینگ خۆیان ساخ بکەنەوە و لەپێناو هەستاندنەوە و راگرتنی سەربەخۆییی سیاسی هێزەکانی پارچەی خۆیان رەچاوی ئەو خاڵانە بکەن.

ئەوانەی ئەندام و لایەنگری حیزب و رێکخراوەکانن، پێویستە بەپێی میکانیزمی داراییی حیزبەکەیان و بەگوێرەی توانا ئەو بارە راست بکەنەوە و هاوکاری و ئەرکە دارایییەکانی خۆیان جێبەجێ بکەن و درێخی نەکرێ. ئەوانەی لە دەرەوەی حیزبەکانن و بەهەر بیانوویەک لە ئێستەدا خۆیان لە کاری سیاسی نادەن و بەداخەوە ژمارەیان کەم نییە، دەبێ بەپێی توانا بەدەنگ پێویستیە ئابووری و دارایییەکانی هێزەکانەوە بێن و بەدڵنیایییەوە رێگەیەکی تەندروست پەیدا دەبێ کە ئەو یارمەتییانە بگاتە شوێنی خۆی و هیچ کێشەیەک بۆ لایەنی یەکەم پەیدا نەبێ.

پێویستە لەو راستییە تێبگەین و بڕوای پێ بکەین کە ناتوانین چیتر سەرباری ئابووری و سیاسیی حکوومەتی هەرێم بین و بۆ رۆژهەڵات دواجار هەر دەبێ خۆمان هاوکار بین. بەهیچ بیانوویەک خۆمان لە بەخشینی یارمەتییەکی کەمی دارایی بۆ حیزبە شۆڕشگێڕەکان نەبوێرین کە هەرچەندێک بێ، ناگاتە گیانی ئەو شەهیدەی ئامادە بوو لە چوارچێوەی رێکخراو و ئامانجەکەیدا گیانی خۆی بەخت بکا و کردیشی.

ئەم بابەتە روانگەی نووسەرەکەیەتی و ئاژانسی کوردپا لێی بەرپرسیار نییە.