قاچاخی چەکوچۆڵی نیزامی لە ئاڵمانەوە بۆ ئێران

22:13 - 3 خاکەلێوه 2713
ئاژانسی کوردپا: پۆلیسی تایبەتیی گومرۆکی ئاڵمان رایگەیاندووە، قاچاخی چەکوچۆڵ و کەلوپەلی نیزامی لە وڵاتی ئاڵمانەوە بۆ زۆربەی وڵاتانی دونیا بە تایبەت بۆ وڵاتی ئێران لە ساڵی ٢٠١٢دا بە بەراورد لەگەڵ ساڵی پێشتر، بەشێوەیەکی بەرچاو رووی لە زیادبوون بووە.

حەفتەنامەی \"فۆکۆس\"ی ئاڵمانی لە راپۆرتیكدا بڵاوی کردەوە، لە ساڵی ٢٠١٢دا لە ئەنجامی ئەو پشکنینانەی کە پۆلیسی گومرۆکی ئاڵمان ئەنجامی داون، ١٣٦ باری هەناردە کراو کە چەکوچۆڵ و کەلوپەلی نیزامییان لەخۆ گرتبوو، دەستیان بەسەردا گیراوە.

لە درێژەی ئەو راپپۆرتەدا هاتووە کە هەناردە کردنی ئەو چەکوچۆڵانە پێشێلکردنی راستەوخۆی یاساکانی هەناردەکردن و کۆنتڕۆلی چەکوچۆڵی وڵاتی ئاڵمان بووە کە بەبەراورد لەگەڵ ساڵی ٢٠١١، بۆ ٣٥ حاڵەت رووی لە زیادبوون کردووە.

ئەو راپۆرتە ئاشکرای کردووە کە لە نێو ئەو کەلوپەلە نیزامییانەدا تەکنۆلۆژیای سەرەکی بۆ دروست کردنی چەکی ناوکی، بیۆلۆژیکی و شیمیایی و هەروەها دروست کردنی راکێت بوونیان هەبووە.

بەم پێیە پۆلیسی گومرۆکی ئاڵمان رایگەیاندووە، لە ئێستادا لە حاڵی لێکۆڵینەوە بەمەبەستی شناسایی کردنی بەرپرسانی ئەو شیرکەتە دایە کە ٢٦ جۆری گەمارۆیان بەدژی وڵاتی ئێران پێشێل کردووە.