قاسملوو دیپلۆمات و شۆڕشگێڕێكی تیرۆر كراو

13:44 - 24 پووشپەڕ 2714
Unknown Author
بێستوون هەورامی

دوای ئەوە عەبدولڕەحمان قاسملوو لەتەمەنی لاویەتی لەناو ریزەكانی حیزبی(تودە)ی ئەوكاتی ئێراندا هەستی بە زەوت كردنی ماف و ئازادییەكانی گەلەكەی خۆی كرد سەنگەری خەباتی بۆ ناو حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران گواستەوە، ئەم لاوە خوێن گەرمە بەهۆی بەتوانایی و هەستی بەرزی نەتەوەیی لەناو حیزبی دێموكراتدا رۆژ لەدوای رۆژ بەرچاوتر ئەبوو، ئەوەی لای قاسملوو بووە بنەمای فەلسەفەی خەباتكاری و باوەڕبون بەچارەسەركردنی پرسی كورد لەڕۆژهەڵاتی كوردستاندا زیاتر دانوستان و گفتوگۆ بوو وەك لەوەی خەباتی چەكداری بێ‌، بەڵام مەخابن شەمشەمە كوێرەكانی دونیای تاریكی ئەوەی لایان بنەمای فەلسەفەی دەوڵەتداری و فەرمانڕەوایی كردن بوو تەنها سەركوتكاری و تیرۆركردن بوو كە لەكۆتاییدا هەر بەم بیروباوەڕە چەپەڵەیانەوە ڕوبەڕوی قاسملوو بونەوەو شەهیدیان كرد، دووربینی و دونیابینی قاسملوو لەو سەردەمەدا ئەوەی دەبینی كەفەلسەفەی سیاسەتی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەرەو گۆڕانكارییەكی جەوهەری هەنگاو دەنێ‌ و بەهاوشێوەی درووستی ئەمڕۆ ڕوو لەوڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوین دەكا و گەلانی كەمەنەتەوە و ئاینزاكان لەڕوانگەی ماف و ئازادییەكانەوە تەماشایان ئەكرێ‌ و كۆتایی بە نەهامەتی و شێوازی خەباتی چەكداری دێ‌، بۆیە من لەو باوەڕەدام بەتیرۆركردنی تەنها زیانی بەحیزبی دیموكراتی و بنەماڵەكەی نەكەوت بەڵكوو زیانێكی گەورەی بە بەرەی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی نەتەوەیمان و هەروەها ئەو گەل و كەمە نەتەوانەش زیانمەندبوون كە لەناو وڵاتی ئێراندا دەژیان، چونكە تێكۆشانی قاسملوو تەنها لەپێناو ماف و ئازادییەكانی گەلی كورددا نەبوو، بەڵكوو وەك هەر یەك( غاندی و جیڤاراو ئۆلف پاڵمە )بیركردنەوەی بۆ خەباتی ڕزگاركردنی مرۆڤ هەبوو لەهەر شوێنێكی ئەم گۆی زەمینەیەدا هەبن، بۆیە لەئەمڕۆدا بزووتنەوەی ڕزگاری خوازییەكانی گەلەكەمان لەڕۆژهەڵاتی كوردستان پێویستە بگەڕێنەوە بۆ فەلسەفەی خەباتی قاسملووچی و كۆتایی بەو پارچە پارچە بونەی خەباتیان بێنن و بەرەیەكی یەكگرتوی خەبات ڕابگەێنن، چونكە ئەبێ‌ ئەوەیان لەبیرنەچێ‌ كە ڕۆژهەڵاتی كوردستان بەجیاواز لەپارچەكانی دیكەی كوردستان لەدوای( دەوڵەتی ماد)ی كوردییەوە خاوەنی یەكەم كۆماری كوردستانە بەپێشەوایەتی( قازی محمد ) بۆ من ئەوەی لەئەمڕۆدا جێگای داخە كەرتبونی پارت و ڕێكخراوەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستانە و خەون و ئۆخەیی دوژمنانی گەلەكەمانی هێناوەتەدی، بۆیە هەقوایە هەموو ساڵێك لەبیرەوەری تیرۆركردنی شەهید قاسملوودا پارت و ڕێكخراوەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان پرۆژەی یەكبوونی خۆیان وەك وەڵامدانەوەیەك بە(نا) بۆ تیرۆركردن لەدژی كۆماری ئیسلامی ئێران ڕابگەێنن تاوەكوو ئەوانیش بەهاوشێوەی پارچەكانی دیكەی كوردستان جێگای هیوایەكی گەورەتر بن بۆ براكانمان لەڕۆژهەڵاتی كوردستان.