قاسم سولێمانی، باشوور، داعش

15:16 - 9 خەرمانان 2714
Unknown Author
عەلی ئیسماعیل‌نژاد

ماڵپەڕی ناوەندی توێژینەوەی ئێستراتژیکی ناوکیی ئێران لە هەواڵێکدا لادانی قاسم سولێمانی لە سەرۆکایەتی پەراوگەی عێراق رەت کردەوە و هەر لەو هەواڵەشدا باسی لەوە کرد کە سولێمانی بوو کە کوردەکانی لەشەڕی داعشەوە گلاند.

رەنگە خوێنەرانی ئەو هەواڵە ئەوەیان لا سەیر بێت کە ئەوە چەندی بەچەندەیە لەلایەک قاسم سولێمانی کورد لە شەڕەوە دەگلێنێ و لەلایەکی دیکەشەوە ئێران یەکەم دەوڵەت دەبێت کە چەک دەداتە پێشمەرگە بۆ شەڕ لەگەڵ داعش؟

بۆ لێکدانەوەی ئەو دۆخە وا باشە هێندێ بگەڕینەوە دواوە. لە ساڵی ٢٠١٢ کۆماری ئیسلامی پاش ئەوەی کە راگرتنی دەسەڵاتی ئەسەد دەکەوێتە مەترسییەوە گەڵالەیەکی سەیر و توناوتون لە سووریا دادەبەزێنێ \"گەڵالەی بە تێرۆریست ناساندنی بەرهەڵستکارانی ئەسەد\" لەو گەڵالەیەدا سێ ئامانج دیاری کراوە :
١: کۆمەڵگەی جیهانی کە دەستی لە پشتی ئەسەد بەرداوە شۆڕشگێرانی سووریا بە تێرۆریست لەقەڵم بدات ئەوەش ببێتە هۆی ئەوەی لە ترسی تێرۆریستان کۆمەڵگەی جیهانی ڕوو بکاتەوە ئەسەد.

٢: ئەو وڵاتانەی کە پشتی بەرهەڵستکارانی ئەسەد دەگرن مەترسیی ئیسلامی رادیکاڵ، ساردیان بکاتەوە و توشی سەرلێشێواویان بکات.

٣: ئیسراییل لە دراوسێتی دەسەڵاتێکی دەمارگرژی ئیسلامی بترسێنیت.

هەموو ئەو ئامانجانە بۆ مانەوەی دەسەڵاتی ئەسەد لە سووریا بوو گەڵالەکەی سولێمانی سەری گرت بۆ ئەو ئامانجە دەبوو دەزگای ئەمنییەتی ئەسەد و ئێران بتوانن رکێفی رەوتە تێرۆریستەکانی دژی ئەسەدیان لە سووریا لە دەست دابێت.

واتە پێویستی نەدەکرد خۆیان دایمەزرێنن بەڵکوو دەبوو ئەوان بتوانن لە هێندێ کاتدا بۆ ئامانجی خۆیان بەکاریبێنن.

داعش پاش داگیرکردنی موسل بەشێک لە چەکەکانی دەگوێزێتەوە بۆ سووریا، کە ئەوە دوو واتای هەیە:
١: داعش خۆی بۆ شەڕێکی قورس لە عێراق ساز نەکردووە.

٢: داعش دەیەوێت لە سووریا ببێتە هێزێک کە هێزەکانیتر بخاتە ژێر نیسێی خۆیەوە
ئەوەی کە داعش لە عێراق توشی شەڕێکی چەند لایەنە بوو هۆکارەکەی ئەو بەشە لە ئەندامانی ئەو رێکخراوە تێرۆریستە بوون کە پاش گیرانی موسل لەگەڵی کەوتن واتە عێراقییەکانی کە کۆنە بەعسی بوون یان ئەوەی کۆنە قینیان لە شێعە و کورد هەبوو رێبەرایەتیی داعش نەیدەتوانی لە دژی ئەوانە راوەستێ و ئەوە وایکرد کە داعش لە عێراق کەوتە نێو شەڕێکی قورسەوە، لەو نێوانەدا ئەو شەڕەی کە داعش دەستی پێکردبوو لە سێ لاوە بۆ ئێران جیگەی مەترسی بوو:
١: داعش لە عێراق پاش داگیرکردنی موسڵ ڕوو دەکات رووگە پیرۆزەکانی شێعە و مەترسی ئەوە هەیە دەستی بە مەرقەدە پیرۆزەکانی شێعە بگات.

٢: داعش لە عێراق ئەو بەشە لەخەڵک کە دژی سیاسەتی مالکین و لەباوەرەدان کە دەوڵەتی شێعەی عێراق سوننییەکانی لەپەراوێز خستووەو پشتیوانی لێدەکەن.

٣: کۆمەڵگەی جیهانی شەڕی داعش لە عێراق بە شەڕی شێعە و سونی دانانێ و لەگەڵ ئەوەش هۆکاری ئەو شەڕەە بە چاوچنۆکی سیاسی مالکی و دەوڵەتی شێعەی عێراق دەزانن. ئەوەش وا دەکات ئێران بە خۆی و مالکیەوە بچێتە شەڕ داعش و هیچ هاوپەیمانێکی نەبێت.

ئێران نە دەرقەتی تێچووی داعش دەهات و نە کۆمەڵگەی جیهانیش رێگەی دەدا عێراق وەکوو سووریا بکاتە شوێنگەی تەراتێنی خۆی ئەوەش وایکرد ئێران بۆ دژایەتی داعش بیر لە رێگایەکیتر بکاتەوە و هەتا شەڕەکە تەنیا شەڕی مالیکی و ئێران نەبێت و ئەو شەڕ ببێتە شەڕی تێرۆریسم باشترین رێگەش ئەوە بوو کە کوردەکان لەو شەڕەوە گلێن بەو هۆیانە :
١: کوردستانی باشوور لە چەند ساڵی رابردوودا بۆتە ناوەندێک بۆ سەرمایەگوزاری بیانی.

٢: باشووری کوردستان ئێستا وڵاتێکی خاوەن وزەیە.

٣: کوردستانی باشوور تەنیا ناوچەیەکی عێراقە کە ئەمریکا دەتوانێ وەکوو ئامانجی خۆی بۆ عێراق داکۆکی لێبکات چوون تەنیا ئەو ناوچەیە لە عێراق بە پێی بایەخەکانی سیاسەتی ئامریکا بەرێوەدەچێت.

٤: کوردەکان هێزی چەکداریان هەبوو.

٥: کوردستان ئەگەر شەڕی داعشی تێهاتبایە ئەگەری ئەوەی هەبوو پتر لە ٢ ملوێن نەفەر ئاوارەی ببن و ئەوەش وای دەکرد کە وڵاتانی رۆژئاوای لەسەر کوردستان وەجواب بێت.

سولێمانی هەموو ئەو شتانەی دەزانی و لە رێگەی ئەو پێگەیی کە لە نێوداعشدا هەی بوو توانی لوولەی چەکەکانی داعش بەرو کوردستان بێنێتەوە بە دڵنیاییەوە باشترین بیانو بۆ وەرگەرانەوەی داعش لە بەغدا ئەوە بوو کە ئەو رێکخراوەیە دەیەویست ئەو ناوچە کوردستانیانەی کە لەسەر هەرێم نەبوو بخاتە ژێر دەسەڵاتی خۆی چوون عێراقییەکانی نێوداعش ئەو ناوچانە بە ناوچەی سونییەکان دەزانن.

پاش پەلاماردانی کوردستان لە لایان داعشەوە شەڕی داعش هەر لە بەغداوە نەگوێزراوە بۆ هەولێر بەڵکو ئەو شەڕە لە رێگەچارەی سیاسییەوە بوو بە شەڕی تێرۆریسم و ئێران بەو شێوەیە توانی بەرژەوەندییەکانی خۆی لە عێراق و ناوچەکەدا کە بریتنی بوون لە:
١: پاراستنی روگە پیروزەکانی ئایینی شێعە لە تێرۆریستان، ٢: کەم کردنی زەختی سونییەکان لەسەر دەوڵەتی شێعە عێراق و پاراستنی ئەو دەوڵەتە، ٣: لاواز کردنی تێرۆریستانی دژی ئەسەد، بپارێزێت.

ئێران لە ئێستادا براوەترین لایەنی نێو شەڕی داعشە و هەر ئەوەش وای کردووە لە لایەک چەک بداتە پێشمەرگە و لەلایەکیتر ئاوری شەڕی داعش لەگەڵ پێشمەرگە خۆش بکات.