فەرماندەی هێزە نیزامییەکانی خوراسان: بانگەواز بۆ ناڕەزایەتی لەو پارێزگایە سێ بەرابەر زیادی کردووە

18:29 - 27 گەلاوێژ 2720

"محەممەدکازم تەقەوی"، فەرماندەی هێزە نیزامییەکانی پارێزگای خوراسانی ڕەزەوی ڕایگەیاند: "بانگەواز بۆ کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان لەو پارێزگایە لە چاو ساڵی ڕابردوو، سێ بەرابەر بووەتەوە".

ئەو بەرپرسە نیزامییە، هۆکاری زۆربوونی بانگەوازی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی بۆ "تەنگەژەی ئابووری و نەخۆشیی کۆرۆنا" گەڕاندەوە.

فەرماندەی نیزامییەکانی خوراسانی ڕەزەوی، سێ بەرابەر بوونی بانگەوازی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی بە نایاسایی ناو برد و تۆمەتی "بەدخاهانی نیزامـ"ـی دایە پاڵ بانگەشەکەرانی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان.

"محەممەدکازم تەقەوی" ئەوەشی خستەڕوو، کارنامەی هێزە نیزامییەکانی پارێزگای خوراسانی ڕەزەوی لەهەمبەر کۆنترۆ کردنی بانگەوازی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان، کارنامەیەکی ڕوونە.

بە بڕوانی کارناسان و چاوەدێرانی سیاسی، لێدوانی ئەو بەرپرسە نیزامییە، ئاگادارکردنەوەیەک بووە بۆ بەرپرسانی حکوومەتی کە ئەگەری مانگرتنێکی گشتی و سەرتاسەری لە ئێران لە ئارادایە.