\"فرۆی بەرخە نێر\" - عەلی ئیسماعیل نەژاد

18:40 - 23 بەفرانبار 2714
Unknown Author
عەلی ئیسماعیل نەژاد

لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا رەوتێک بەدی دەکرێت کە بەپێی رواڵەتی ئەو رەوتە کۆماری ئیسلامی خوازیاری چارەسەری دۆزی کوردە و بە فەرمی وەزیری ئیتلاعاتی ئێران لە مەجلیسی کۆماری ئیسلامییدا دەڵێت: \"ئێمە لەگەڵ حیزبە کوردییەکان دانیشتووین\"؛ لەگەڵ ئەوەش بەردەوام دەبینین کەسانێک بێ ئەوەی باس لە نێوەرۆکی دانیشتنەکان بکەن بە ناوی کورد و چالاکانی کوردستان لەگەڵ بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا دادەنیشین و ئەوە دانیشتنانە بە دەستکەوت لە قەڵەم دەدرێت.

پرسیاری سەرەکی ئەوەیە ئایا دانیشتن لەگەڵ کۆماری ئیسلامییدا دەستکەوتە؟
دانیشتن لە دنیای سیاسەتدا دەکرێ وەکوو یەکەم قۆناغی دانوستانی سیاسی سەیری بکرێت دانوستان وەکوو \"دانوستان تەنیا\" هیچ بایەخێکی نییە مەگەر ئەوەی بریارێکی لێ‌شین بێت بۆیە دەبێ بڵێن دانوستان کاتێک بایەخ پەیدا دەکات کە دەرنجامێکی بۆ لایەنەکانی دانوستانکار لێبکەوێتەوە.

ئەگەر وای دانێن کە دانیشتنەکانی چالاکانی سیاسی کورد لە نێوخۆ لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ڕاستییدا دەستپێکی ناسینە دەبی بڵێن کە ئەو دانیشتنانە جۆرێک گاڵتەکردن بە خەباتی رزگاریویستی کوردستانە چوون لە ٣٥ ساڵی ڕابردوودا لە حیزبی خاوەن پێشمەرگەوە هەتا چالاکی سیاسی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی دانیشتوون و لەو ماوەیەدا دۆزی کورد ویستەکانی نەتەنیا هیچ ئاڵوگۆرێکی بەسەردا نەهاتووە و بەڵکوو بە تەواوی بۆ کۆماری ئیسلامی و بریاردەرانی نێو ئەو رژیمە ڕوون و ئاشکرایە بۆیە ئەگەر ئەو دانیشتنانە بۆ ناسیاوی ساز بووبێت ئەوە تەنیا خۆگێل‌کردن نییە بەڵکوو گاڵتە کردن بە خەباتی کوردە. ئاخۆ بەراستی کۆماری ئیسلامی هەتا ئێستا نازانێ داخوازیی روونی کورد چییە؟ یان ڕوونتر بلێن ئاخۆ کۆماری ئیسلامی گەڵاڵەیەکی بۆ دۆزی کورد نییە؟ ئەگەر جوابی ئەو پرسیارانە (نا) بێت ئەوە خۆگێل کردنە و ئەگەر (ئا) بێت ئەوە ئەو کاتە دەبێ بڵێ گەڵاڵەکە چییە؟ لەسەر کامە بنەما دامەزراوە؟ کامە بنەما ئەو چالاکانەی کردوتە دەمڕاستی کورد؟

لایەنێکی‌تر ئەو دانیشتنانە دەتوانێ وەرگرتنی رەوایی بێت بۆ چەند چالاکی سیاسی لە نێوخۆ، رەوایی بەو واتایی کە کۆماری ئیسلامی بە هۆی گشتگیربوونی دۆزی کورد لە رۆژهەڵات و پێگەی ئەو دۆزە لەنێو کۆمەڵگای کوردستاندا بەیەوێت ڕەوایی بە چالاکی سیاسی نێوخۆی بدات بە دوو ئامانج:
یەکەم، لەوە رێگەیەوە خۆی بەری بکات لەوەی کە لایەنی سەرەکی لە گرفتەوکێشەکانی نێو کوردستان کۆماری ئیسلامییە.

دووهەم، دەیەوێت بە ڕەوایی دان بە رەوتێکی نێوخۆی ڕەوایی لە لایەنە سیاسییەکانی دەرەوەی سنوورەکانی ئێران وەرگرێتەوە ئەوە بە نیشانەی ئەوە نییە کۆماری ئیسلامی باوەری بە چالاکانی نێوخۆی رۆژهەڵات هەیە بەڵکوو تەنیا لەبەر ئەوەیە کە رەوتی نێوخۆی خێراتر سەرکوت دەکرێت. وەکوو ئەوەی لە پاش هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری لە ساڵی ١٣٨٨دا دیتمان.

لێرەدا دەبێ بلێن ڕەوایی بۆ دۆزی کورد و چالاکی بۆ سەرخستنی ئەو دۆزە لە کۆماری ئیسلامی وەرناگیرێت. بەڵکوو ئەو رەواییە دەبێ لە کۆمەڵگایی کوردستان وەرگیرێت و سنووری ئەو ڕەواییەش یاسای کۆماری ئیسلامی دیاری ناکات بەڵکوو مافی نەتەوەی کوردە کە ئەو سنوورە دیاری دەکات.

بە گشتی ئەو هەوڵانە دەچیتە خانی باس‌کردن لە مافی کورد لە چوارچێوەی یاسای بنەرەتی ئێرانەوە و ئەوەش لە راستییدا وەرگرتنی ماف بۆ کورد نییە بەڵکوو هێنانەخوارێی ئاستی ویست و مافی کوردە، هۆکاری سەرەکیش لە پێشوازیکردن لەو دانیشتنانە پڕنێوەرۆک بوونی دانیشتنەکان و چوونی دانیشتن بە ئاراستەی دانوستاندا نییە بەڵکوو هۆکاری پێشوازییەکان لەو دانیشتنانە دەگەرێتەوە سەر ٣ خاڵی گرینگ:
١: شکست خواردن و پۆنگخواردنەوەی ئەو هێزەی کە دەیەوێت یان باوەری وایە کە بۆ مافی کورد دەبێ چوارچێوەی یاسا لە کۆماری ئیسلامییدا هەڵوەشێتوە.

٢: ئەو دانیشتنە بێ‌نێوەرۆکانە لە بەرژەوەندی پارچەکانیکەی کوردستان بەتایبەتی باکوور و باشووری کوردستان دایە لایەنە سیاسییەکانی ئەو دووپارچەیە بەپانەوە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی پەیوەندییان هەیە و هەر ئەوەش وای‌کردووە بەرورووی ڕای گشتی کوردستانی‌رۆژهەڵات ببنەوە بۆ خۆ لادان لەو بەرەرووبونەوە لە هەوڵدان کە خواستی رۆژهەڵات هەتا ئاستی یاسای بنەرەتی کۆماری ئیسلامی بێنەخوارێ و خواستەکان بیخەنە چوارچێوەی یاسای بنەرەتی کۆماری ئیسلامییەوە بەو شێوەیە هەم خۆیان لە قەیرانی پەیوەندی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی رزگار کردووە و هەمیش ئێرانیان قەرزداری خۆیان کردووە و لەگەڵ ئەوەشدا هێندێ هێزی سیاسی کە وەکوو رەکابەرێکی پەنگراو بۆ لایەنە سیاسییەکانی پارچەکانیتر کوردستان سەیر دەکرێن بن کۆڵ دەبن و بەرو لاوازی دەچن.

٣: ئەگەری لە ئارا دابوونی هێندێ دەستکەوتی تاکەکەسی مەودای ئەو دانیشتنانە درێژ دەکاتەوە بەڵام کۆتای دانیشتنەکان نە دانوستانی لێشین دەبێ و نە کوردیش بە خواستی خۆی دەگا، چوون ئەوە یەکەم دانیشتنی و یەکەم وەفدی کوردی نیین کە لە تاران پێشوازییان لێدەکرێت لە ٣٥ ساڵی ڕابردوودا دەیان وەفدی وا لە تاران پێشوازییان لێکراوە.

ئاژانسی کوردپا لە ناوەرۆکی ئەم بابەتە بەرپرسیار نییە.