عەلی ئەحمەد سلێمان لە زیندانی ناوەندیی ورمێ ئازاد کرا

16:01 - 4 رەشەمه 2720

ئەمڕۆ دووشەممە ٤ی ڕەشەمە، عەلی ئەحمەد سلێمان، خەڵکی کوردستانی عێراق، پاش تێپەڕینی ١٥ ساڵ زیندان، لە زیندانی ناوەندیی ورمێ ئازاد کرا.

ئەو زیندانییە سیاسییە ٢٦ی خەزەڵوەری ١٣٨٤، لە ناوچەی "تەرگەوەڕ" سەر بە ورمێ، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و لە دادگای ئینقلابی ورمێ بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران" بە ٥ ساڵ زیندان و دوورخرانەوە بۆ زیندانی تەورێز و هەروەها بە تۆمەتی "هاتن بۆ ئێران بە شێوەی نایاسایی" بە شەش مانگ زیندان مەحکووم کرابوو.

عەلی ئەحمەد سلێمان لە ماوەی زیندانیبوونیدا ڕەوانەی گرتنگەی ئیتلاعاتی سپا کرا و دۆسیەیەکی دیکە بە تۆمەتی "قەتڵـ"ـی دوو ئەندامی سپای پاسداران بۆ ناوبراو دروست کرا و لە ئاکامدا لەلایەن لقی ١٢ی دادگای جەزایی ورمێ بە قیساس مەحکووم کرا و مانگی گەلاوێژی هەمان ساڵ، ئەو حوکمە پشتڕاست کرایەوە و بە ناوبراو ڕاگەیەندرا.

حوکمی قیساسی ئەو زیندانییە سیاسییە، بە لێخۆشبوونی بنەماڵەکانی هەر دوو کوژراوەکە، بۆ دانی دیە گۆڕدرا و حوکمی ٩ ساڵ و شەش مانگ زیندان، لە بواری گشتیی تۆمەتی "قەتڵ" بە سەر ناوبراودا سەپێندرا.

عەلی ئەحمەد سلێمان، ڕۆژی سێشەممە ١٥ی ڕێبەندانی ١٣٩٣، پاش مانگرتن لە خواردنی ٣٣ ڕۆژەی زیندانییانی سیاسیی زیندانی ورمێ، بۆ زیندانی تەورێز ڕاگوێزرا و ٢٩ی بەفرانباری ١٣٩٨ لە زیندانی تەورێز ڕەوانەی زیندانی ورمێ کرا.