عوسمان مستەفاپوور بەهۆی کۆرۆنا گیانی لەدەست دا

11:22 - 16 خەرمانان 2721

سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە ١٦ی خەرمانان، عوسمان مستەفاپوور، زیندانیی سیاسیی پێشووی کورد، بەهۆی نەخۆشیی کۆرۆنا، لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری کۆیە، گیانی لەدەست دا.

ئەو زیندانییە سیاسییە مانگی بانەمەڕی ساڵی ٩٩، بەهۆی گوشاری هێزە ئیتلاعاتییەکانی پیرانشار، زێدی خۆی بەجێهێشت.

ڕۆژی پێنجشەممە ٣٠ی خەزەڵوەری ٩٨، "عوسمان مستەفاپوور" و "محەممەد نەزەری"، پاش ٥٣ ساڵ زیندانی، لە گرتنگەی ناوەندیی شاری ورمێ ئازاد کران.

"عوسمان مستەفاپوور" ٢٨ ساڵ و "محەممەد نەزەری" ٢٥ ساڵ لە زینداندا بوون. ئەو دوو زیندانییە ماوەی حوکمەکانیان لە زیندانەکانی "ورمێ، تەورێز و ڕەجایی شار" تێپەڕاندبوو.

"عوسمان مستەفاپوور"، پووشپەڕی ساڵی ١٣٧٠ی هەتاوی لە ناوچەی "تەرگەوەڕ"ی ورمێ دەسبەسەر کرا و دواتر بە تۆمەتی "ئەندامبوونی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران" بە ٢٥ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرا.

کۆتاییەکانی ساڵی ٩٢ی هەتاوی پاش ٢٣ ساڵ دەسبەسەری، لقی یەکی دادگای ئینقلابی ورمێ بە سەرۆکایەتی دادوەر "چابۆک"، حوکمی زیندانیی "عوسمان مستەفاپوور"ی بۆ ٣٥ ساڵ زیندانی تەعزیری گۆڕیبوو. دەزگای دادوەریی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، حوکمی ١٠ ساڵ زیندانی بۆ ئەو هاووڵاتییە کوردە بەهۆی شەڕکردن لەگەڵ سپای پاسداران بڕیبووە.