شاهۆ؛ هەموو پارەکەم بۆ کەبوودوەند!؟

18:41 - 28 خەزەڵوەر 2712
Unknown Author
عارف نادری

شاهۆ؛ مندالێکی تەمەن ١٠ ساڵان لە بنەماڵەیەکی کوردی رۆژهەڵاتی کوردستانە کە ئێستاکە لە شاری \"ترۆندهایمی\" وڵاتی نۆروێژ ژیان دەکات. شاهۆ لەم رۆژانەدا کاتی دایک و بابی باسی کەبوودوەند دەکەن، دەڵێت کەبوودوەند کێیە؟

باوکی ئەو دەڵێت کەبوودوەند وەکوو ئەو کات کە بابی تۆ لە زینداندا بوو و ئێوە و من هەموو ئاواتمان ئەوە بوو تەنیا بۆ ساتێک چاومان بە یەکتر کەوێت؛ ئێستە نزیک بە ٦ ساڵە لە گرتووخانەدایە و منداڵەکانی تامەزرۆی بینین و لە ئامێز گرتنین. بەڵام کۆماری ئیسلامی داوای پارەی لێدەکا بۆ ئەوەی ٣ رۆژ بچێتەوە ماڵ و ئەویش پارەی نیە.

\"9789.jpg\"
شاهۆ دەڵێت بابە گیان با پارەکەی منی بۆ بنێرێن، حەز دەکەم بەو پارەیە کاک سدێق بچێتەوە بۆ ماڵ خۆیان. شاهۆ خێرا هەڵدێ و دەچێ داخڵە\"خەزانە\"(ئەوەی کە منداڵان پارەی تێدا کۆ دەکەنەوە)کەی دەهێنێت و دەڵی دایە و بابە، من هیچم بۆ سەری ساڵی نوێ ناوێ، تۆ خوا پارەکەم بدەن بە کاک سدیق.

شاهۆ؛ رۆژهەڵاتی بە چاو نەبینیووە. بنەماڵەی ئەو پێشمەرگە بوون و شاهۆ لە بنکەکانی حیزبی دێمۆکراتدا لە دایک بووەو ماوەی ٣ ساڵە هاتۆتە وڵاتی نۆروێژ. بابی ئەو کاک کامیل ئۆستادئەحمەدی ماوەیەک لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامیدا دەستبەسەرو مەحکووم بە لەسێدارەدان بووە. بەڵام بەختەوەرانە دوایی لە گەڵ چەند پێشمەرگەیەکی دیکەدا دەرفەتی هەڵاتن بۆیان دەرەخسێ و لە ئەشکەنجەخانەکانی داگیرکەری ئیرانیدا رزگاریان دەبێت. شاهۆ گەرچی ئەو کات منداڵ بووە؛ بەڵام ئێستاش کە باسی ئەورۆژانە دەکرێت؛ چاوەکانی خەمگین و زەردەخەنەی سەر لێوانی ژاکاو دەبێ. لە دنیای منداڵیی ئەودا، هەموو گیراوێکی کورد؛ واتای بابی بۆ ئەو هەیە و هەموو زیندانێک مانای رۆژانی تاڵ و زۆر ناخۆشی دوور بوون لە باوک و سارد و سڕیی ژیان.

ئەمڕۆ بەیانی شاهۆ و بابی لە کۆبوونەوەی پشتگیری بۆ مانگرتووانی کوردستان هاتن بۆ لای من. بابی بەو گوتبووی عارف؛ هەڤاڵی کاک سدیقە و دەتوانێ پارەکەتی بۆ بنێرێت. شاهۆ بە داخڵەکەی دەستیەوە هاتە بەردەمم و گوتی ...
من شەرمم کرد؛ هەم لە شاهۆ و هەم لە کەبوودوەند!؟
بەڵام دڵخۆش بووم کە لە وڵاتی مندا هەم کەبوودوەند هەیە و هەم شاهۆ!