شاناز سادقی‌فەر لەلایەن دادگای پێداچوونەوە بە ٥ ساڵ و ڕۆژێک زیندانیی تەعزیریی مەحکووم کرا

11:29 - 8 رەشەمه 2720

حوکمی ١٥ ساڵ زیندانیی شاناز (بێریوان) سادقی‌فەر، زیندانیی سیاسیی کورد لە دادگای پێداچوونەوەی ورمێ، بۆ ٥ ساڵ و ڕۆژێک کەم کرایەوە.

کۆبوونەوەی دادگاییکردنی ئەو زیندانییە سیاسییەی خەڵکی ورمێ، ڕۆژی شەممە ٢ی ڕەشەمە بە شێوەی ئانلاین بەڕێوە چوو و ڕۆژی دووشەممە ٤ی ڕەشەمە، حوکمی ٥ ساڵ زیندان پێڕاگەیەندراوە.

ئەو هاووڵاتییە ڕێکەوتی ٣١ی پووشپەڕی ئەمساڵ، لە لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ورمێ بە سەرۆکایەتیی دادوەر "شێخلوو" دادگایی کرا و بە تۆمەتی "ئەندامبوون کە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران" بە ١٥ ساڵ زیندانیی تەعزیریی مەحکووم کرابوو.

ڕۆژی دووشەممە ٢٦ی خەزەڵوەر، ئایناز زارع کچی شاناز سادقی‌‌فەر لقی ١ی دادگای کەیفەریی تایبەت بە مێرمنداڵان و لاوانی ورمێ به تۆمەتی "هەوڵدان دژی تەناهی نەتەوەیی لە ڕێگای ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران" بە ٥ ساڵ زیندان مەحکووم کرا کە ئەو حوکمە لە دادگای پێداچوونەوەدا بە یەکساڵ زیندان گۆڕدرا.

ڕۆژی پێنجشەممە ٦ی سەرماوەز، ئایناز زارع، زیندانیی سیاسی لە بەندی ژنانی زیندانی ورمێ، پاش کۆتایی ماوەی حوکمەکەی لەو زیندانە ئازاد کرا.

شاناز سادقی‌‌فەر و کچەکەی بۆ ماوەی ٣ ساڵ ئەندامی یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران بوون و مانگی خەرمانانی ساڵی ٩٨، پاش وەرگرتنی ئەماننامە لە سنووری بانە گەڕابوونەوە ئێران و دواتر لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوون

ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە پاش دەسبەسەرکرانیان بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ ڕاگویزرابوون و بۆ ماوەی دوو مانگ لەژێر لێکۆڵینەوەدا بوون.

خەزەڵوەری ساڵی ٩٨، شاناز سادقی‌فەر و ئایناز زارع، پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەیان بۆ بەندی ژنانی زیندانی ناوەندیی ورمێ ڕاگوێزرابوون.