شارەداریی سنە بڕی ١٣ ملیۆن تمەن باجی لە کاسبکاران وەرگرتووە

11:37 - 6 رەشەمه 2720

 

شارەداریی سنە بە مەبەستی ئیزندان بە دەسفرۆشەکانی شەقامی فێردۆسی لەو شارە، بۆ کاسبی‌کردن لە کاتی شەوانەدا، لە هەر دەسفرۆشێک بڕی ١٣ ملیۆن تەمەن پارەی وەرگرتووە.

بە وتەی یەکێک لە دەسفرۆشەکانی شەقامی فێردۆسی، شارەداری بۆ ئەوەی ئیزنیان پێ بدات کە شەوانە کاسبی بکەن، بڕی ١٣ ملیۆن تمەن پارەی لێیان وەرگرتووە.

پێشتریش و لە مانگی بەفرانباری ئەمساڵ، بەپێی گەڵاڵەی خاوەنکاریی شارەداری بۆ ڕێکخستنی دەسفرۆشەکان، لە دوو نۆرەی شەو و ڕۆژدا،  دەسفرۆشەکانی شەقامی فێردۆسی دەبوایە بۆ هەر مێزێک بڕی ٣٢٧ هەزار تمەن پارە بە خاوەنکاری شارەداری بدەن.

پاش سەنگفەڕشکردنی ئەو شەقامە سەرئەنجام شارەداری بڕیاری دابوو، کە دەسفرۆشەکان لەو شەقامەدا دەتوانن لە کاتژمێر ٦:٣٠ خولەکی ئێوارە بەدواوە دەسفرۆشی بکەن.