شادمان بەنی بەشەر لە زیندانی ناوەندیی سنە ئازاد کرا

10:37 - 7 رەشەمه 2720

ڕۆژی چوارشەممە ٦ی ڕەشەمە، شادمان بەنی بەشەر، چالاکی مەدەنی و ئەندامی گرووپی شاخەوانیی "چلچەمە"، دوای تەواوبوونی ماوەی زیندانیبوونەکەی، لە زیندانی ناوەندیی سنە ئازاد کرا.

ڕۆژی یەکشەممە ٢٠ی ڕەزبەر، ئەو چالاکە مەدەنییە بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەی، خۆی بە لقی ٤ی ئیجرای ئەحکامی کەیفەریی سنە ناساندبوو و دواتر بۆ زیندانی ئەو شارە ڕاگوێزرابوو.

٣ی خەرمانانی ئەمساڵ، ئەو چالاکە مەدەنییە لە ڕێگەی بانگهێشتنامەیەدا بۆ ئیجرای ئەحکام، بانگهێشتی لقی ٤ی ئیجرای ئەحکامی کەیفەریی شاری سنە کرابوو.

شادمان بەنی ‌بەشەر ڕۆژی پێنجشەممە ٢٤ی ڕێبەندانی ساڵی ٩٨، لە شوێنی کارەکەی خۆیدا لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و ڕۆژی سێشەممە ٢٠ی ڕەشەمە بە دانانی بارمتەی ١٥٠ ملیۆن تمەنی لە زیندانی سنە ئازاد کرابوو.

هێزە ئەمنییەتییەکان، ئەو چالاکە مەدەنییەیان بە "پڕوپاگەندە دژی نیزام و ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران"، تۆمەتبار کردبوو.

٦ی بانەمەڕی ئەمساڵ، کۆبوونەوەی دادگاییکردنی دۆسیەی ئەو چالاکە مەدەنییە لە لقی ١ی دادگای ئینقلابی سنە بەڕێوە چووبوو و ناوبراو لە تۆمەتی "ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران"، بێتاوان ناسرا و بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" بە ١ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرابوو.

حوکمی ١ ساڵ زیندانیی تەعزیریی ئەو چالاکە مەدەنییە، لە لقی ٤ی دادگای پێداچوونەوەی سنە بۆ ٦ مانگ زیندانیی تەعزیری کەم کرابووەوە.