سەرکردەی شەریف و ناجنسی

20:45 - 9 پووشپەڕ 2715
Unknown Author
کارزان کۆیی

لەژێر سێبەری قەیران و بێ هەڵوێستی حکومەت ولاوازی وەزارەتی ئەوقافدا، کۆلکە مەلا و ئیسلامیە سیاسیەکان. بە فتواو بۆچونی بێ بنەما ئەم هەرێمەیان تەنیوە. گەر لەهەر گۆشە نیگایەکەوە خوێندنەوەیان بۆ بکەین. ئەم فڵتە فڵتە و بۆچونانە نەک فتوا نین بەڵکو لە وڕێنەش ناچن. دە دەستم دامێنتان پیاوە پیرۆز و ڕۆشنبیرەکانی ئیسلام سەرفرازبن گەر بوێرن، بەڵێ گەر بوێرو ترسنۆک نین لەم مانگی ڕەمەزانە شەرمێ لەخواکەی خۆتان بکەن و هەڵوێستێ وەربگرن. بەڕاستی شەرمە بۆ ئەم هەرێمە مەلایەکی بوێری تیا نەبێ لەسەرئەم گاڵتە جاریە بێتە دەنگ.

١- لەم ڕۆژانەدا لەگرتەیەکی ڤیدۆیدا مەلاشوانی مام ڕێویم بینی پیرۆز بایی لە خۆکوژێکی سەر لێ شێواو دەکرد و مژدەی بەهەشتی پێ دەبەخشی. دەکرێ بپرسین ئەگەر مەلاشوان خۆی گومانی نیە لەو بەهەشتە بۆ خۆی خۆی ناتەقێنێتەوە؟ یا بۆ کەسمان تا ئێستا سەرکردەیەکی ئیسلامی تووند ڕەوی نەدی خۆی بتەقێنێتەوە، بێگومان ئەمانە دوورن لەڕاستی تەنها گەوجاندنە، دەنا کەی بەرپرس و سەرکردە ئەوەندە بەویژدان و شەریف و ناجنسی بووە خەڵکی نەخوێندەوارو هەژار پێش خۆی بنێرێتە لای حەفتاو حەوت حۆری ڕووت.

٢- وەک دەزانین مامۆستایانی ئایینی هەزار جار ئەوەیان پشت ڕاست کردۆتەوە بەئایەت و حەدیس کە هەرکارێک یا ڕووداوێک ویستی خوا گیانی لەسەر نەبێت، نابێت. وە ئەوەی لەچارەمان نووسراوە هەرئەوەیە و گەر لەشوشەی فەرحانیشدا بین خوای گەورەش لە سورەتی النساء دەفەرموێ (أَيْنَمَا تَكُونُواْ يُدْرِككُّمُ الْمَوْتُ وَلَوْ كُنتُمْ فِي بُرُوجٍ مُّشَيَّدَة). منیش لەمنداڵیەوە باوەڕم بەوە هێنابوو، کەچی بەم تەمەنەوە وا خستیانمە گومانەوە. ئاخر چۆن گومانم لا دروست نەبێ، لەبابی (أخذ بالاسباب)ە وە دکتۆر عبدالتیفی سەلەفی ئیمانی لەق بووەو بەپێچەوانەی فەرموودەکانی خوای گەورەو حەدیسەوە سەیارەیەکی درعی کڕیووە بۆ قوتار بوون لەمردن. واتە دکتۆر عبدالتیفی سەلەفی ئەوەمان پێ دەڵێ دەتوانین لەو مردنە قوتار بین کەخواگیان بۆی داناوین. گەر وانیە بۆ هیچ مەلایە فزەی لێ نایە.

٣- ئێمە بە باپیرانیشمانەوە شانازیمان بەجەژنی نەورۆزەوە کردوە وەک بۆنەیەکی نەتەوەی و مێژوویی سەیریمان کردوە. وەلێ تازە بەتازە مەلا عەبدولسەمەد فتوای حەرام کردنی نەورۆز دەر دەکات و پێمان دەڵێ بیدعەیە و ناشەرعیە و بەوەشەوە ئارامی نەگرتوە دەڵێ هەرکەسێ لەنەورۆزدا بەشداری بکات یا شتێک بکڕی کافر دەبێ. من نازانم ئەم ئیجتهادەی لەکام بنەمای گەوجاندنەوە وەر گرتووە چونکە نەورۆز لەلای کوردو گەلانی ئێران وئەڤغان و ئاسیای ناوەڕاستەوە وەک بۆنەیەکی مێژوویی ونەتەوەیی سەیر دەکرێ نەک وەک بۆنەیەکی ئاینی، مەلا عەبدولسەمەد دەڵێ هەرچی پێغەمبەرو خەلیفەو سەحابەکان نەیان کردبێ، بکرێ حەرامە وعاقیبەی ئاگری جەهەنەمە، ئێ ئاخر مامۆستا ڕەحمێ بکە خۆ لەو زەمانەدا نە مۆبایل هەبووەو نە کارەباو نە سەیارەو کامیراو مایکرۆفۆنەکەی بەردەمی بەڕێزت هەبووە!

٤- مەلا علی خانیش لەم ڕۆژانەدا لەکەناڵی ئامۆژگاری فەرمووی بەئیتیفاقی هەموو عولەما ئەوەی نوێژ نەکات خوێنی حەڵاڵە. ئەمە نەقسەی جاهیلە و نە درۆو دەلەسەیە، ئەمە ڕاست و درووست وایە. گەر ڕاست و درووست نیە بۆ وەزارەتی ئەوقاف فزەی لێ نایە. گەر هیچ نەبێ جیاوازی مانای ( ‌آمرت آن آقاتل الناس) و (آمرت آن آقتل الناس) بۆ مامۆستا ڕوون بکاتەوە.

ئەمەی کە دەگوزەرێ کارەساتە و بە کافر کردنی کۆمەڵگایە هەموو بوارێکیشیان بۆ ڕەخساوە. بۆ نمونە تەنها لە پارێزگای سلێمانی زیاتر لە ٢٠ کەناڵی تیڤی و ڕادیۆی ناوخۆیی ئیسلامی هەیە. هەر هەمووشیان لەسەر ورگی حکوومەتە بێ ئاگاکەمان دەژین و دەکەن دەرئەنجامیش نەوەیەکی داعشی بۆ بەرهەم دێنن.

هەموان زۆرێکمان بینیووە خۆ بەخشانە دەجەنگێن دژبەداعش کە دوژمنی ئیسلامە، وە زۆرێکمان لەدکتۆرەکان بینیووە کە ئیسلامیش نین چارەسەری خانوادەی پێشمەرگە دەکەن بەخۆڕایی، منداڵەکانی زۆرێکمان دەخیلەکانیان بەخشی بۆ کۆمەکی پێشمەرگە بەڵام کەسمان نەی بیستوەو نەی بینیووە یەکێ لەو کۆلکە مەلایانەی کەوڕێنەی وادەکەن یا ئیسلامێکی سیاسی بڵێ لەپرسەی شەهیدانی پێشمەرگەدا بەخۆڕایی قورئانی پیرۆز دەخوێنم. بەڵام فریشتە بێ تاوانەکانمان لەخوێنا دەگەوزێنن بۆ بەدەست هێنانی ٧٧ فریشتە ڕووتە کەی خۆیان.

ئەم بابەتە روانگەی نووسەرەکەیەتی و ئاژانسی کوردپا لە ناوەڕۆکی بەرپرسیار نییە