سەردەشت؛ چالاکێکی مەدەنی بانگهێشتی پۆلیسی فەتا کرا

11:08 - 11 خەرمانان 2721

ڕۆژی چوارشەممە ١٠ی خەرمانان، محەممەد مەمەندزادە، چالاکی مەدەنی و ژینگەیی، بەهۆی ناڕەزایەتی دەربڕین بەنیسبەت ڕاگواستنی ئاوی بەنداوی سەردەشت و کەمیی ئاوی خواردنەوەی ئە شارە، بانگهێشتی پۆلیسی فەتا کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو چالاکە مەدەنییە بە بڕیاری دادستانی سەردەشت بانگهێشتی پۆلیسی فەتا کراوە.

ئەو سەرچاوە ئاگادارە هەروەها وتوویەتی: "ناوبراو پاش چەند کاتژمێر لێپرسینەوە، بە وەرگرتنی بەڵێننامە ئازاد کراوە".

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، بۆ ماوەی چەندین ڕۆژی بەردەوام، ئاوی خواردنەوەی شاری لە چەند شوێنی شارەکانی سەردەشت و ڕەبەت پچڕاوە و هۆکاری بنەڕەتیی کەمیی ئاوی خواردنەوە، مەندیی ئاو و دابەزینی ئاستی پاشکەوتی ئاوی بەنداوی سەردەشت بووە کە ئەوەش بۆ دروستکردنی بەنداوی "کانی سێو" لە سەرەوەی ڕووباری زێی بچووک هەڵکەوتوو لە شاری پیرانشار، دەگەڕێتەوە.