سەردانی گەشتیارانی ئێرانی بۆ وڵاتی میسر قەدەغە کرایەوە

16:53 - 19 خاکەلێوه 2713
ئاژانسی کوردپا: پاش یەک حەفتە لە سەردانی یەکەمین گروپ لە گەشتیارانی ئێرانی بۆ وڵاتی میسر، دەوڵەتی ئەو وڵاتە بڕیاری راگرتنی سەردانی گەشتیارانی ئێرانی دەرکرد.

رۆژنامەی \"شرق الاسوط\"ی چاپی لەندەن لە زاری وەزیری گەشتیاریی وڵاتی \"میسر\"ـەوە بڵاوی کرەوە، بەمەبەستی هەڵسەنگاندنی سەرلە نوێ و لێکدانەوەی ئەزموونەکانمان، سەردانی گەشتیارانی ئێرانی بۆ وڵاتی میسر قەدەغە دەکەین.

زۆربەی سەرچاوە هەواڵییەکانی میسر بڵاویان کردۆتەوە کە ئەم بڕیارەی وەزیری گەشت و گوزاریی وڵاتی میسر لە کاتێک دایە کە وڵاتی ئێران ناڕەزایەتیی بە کۆبوونەوەی سەلەفییەکان لە بەر دەرکەی شوێنی نیشتەجێ بوونی باڵویزی ئێران لە وڵاتی میسر دەربڕیبوو.

\"11907.jpg\"
چەند رۆژ پێش ئێستا سەلەفییەکانی وڵاتی میسر بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە سەردانی گەشتیارانی ئێرانی بۆ شوێنی ئاسەوارە مێژووییەکانی وڵاتی میسر، لەبەر دەرکەی شوێنی نێشتەجێ بوونی باڵوێزی ئێران کۆبوونەوەییەکی ناڕەزایەتییان پێکهێنابوو.

رێکەوتی ١١ی خاکەلێوەی ئەمساڵ، ٥٨ گەشتیار ئێرانی پاش زیاتر لە ٣ دەیە سەردانی وڵاتی \"میسر\"یان کرد.

سەلەفییەکانی وڵاتی میسر لەسەر ئەو باوەڕەن کە حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە قاڵبی گەشتیاردا مەئموورانی ئەمنیەتی دەنێرێتە ناو خۆی میسر و لە کاروباری ناوخۆیی ئەو وڵاتەدا دەستێوەردان دەکەن و برەو بە شیعەگەری ئەدەن.