سەربەخۆیی باشووری کوردستان و دانیشتنی وییەن

14:37 - 24 پووشپەڕ 2714
Unknown Author
ئاگری ئیسماعیل نژاد

رۆژی ٢ی ژوئیە وەفدی دیپلۆماسی دەرەوەی ئێران بەرەو وییەن چوون، بابەتی دانیشتنیان \"کێشەی ناوەکیی ئێران\" بوو، ئەو کێشەیە پتر لە ١٠ ساڵە کە لە نێوان ئێران و کۆمەڵگای جیهانی دێت و دەچێت و لە مانگی نوامبری ٢٠١٣ رێککەوتنێکی ٦ مانگە لە نێوان ئێران و گرووپی ٥+١ بەسترا، ئەو رێککەوتنە لە راستیدا دیاری کردنی ماوەیەکی ٦ مانگە بوو بۆ وتووێژ بە ئامانجی گەیشتن بە هێندی خاڵی هاوبەش لەنێوان کۆماری ئیسلامی و گرووپی ٥+١ .

رەنگە ئەگەر بێت و ئەو رێکەوتنە کاتییە رێککەوتنێکی کۆتایی بەدوادابێت بێ گومان ئەو رۆژانەی ئێستا وەکوو گرینگترین رۆژەکانی مێژووی دیپلۆماسی لە سەدەی ٢١میندا لە قەڵەم دەدرێت.

ئەو رۆژە گرینگانەی دیپلۆماسی دەتوانێت چ شوێنەوارێک لەسەر چارەنووسی کورد لە باشووری کوردستاندا دانێت؟
١: سەرەتا با باسی ئەوە بکەین ئەگەر باشووری کوردستان بیەوێت کۆمەڵگای جیهانی بهێنیتە سەر ئەو باوەرەی کە بە سەربەخۆیی باشووری کوردستان رازی بن چ کارتێکی بە دەستەوەیە بۆ گەیشتن بەو ئامانجە هەرێمی باشووری کوردستان ٥ کارتی بەدەستەوەیە:
١: نەتەوەی کورد لە باشووری کوردستان دەنگ بە سەربەخۆیی کوردستان بدات و لایەنە سیاسییەکان لەسەر سەربەخۆیی کوردستان هاودەنگ بن.

٢: هێمنی کوردستان و ئاڵۆزی ناوچەی سوننی و شیعەنشینی عێراق
کوردستان ناوچەیەکی هێمنە کە توانیویەتی پتر لە یەک و نیو ملوێن ئاوارەی عێراق، سووریە و ئێران لەخۆ بگرێت، ئەگەر بێت و ئەو هێمنیە تووشی مەترسی بێت ئەو ئاوارانە ڕوودەکەنەوە وڵاتانێکیتر وڵاتانێک کە بتوانێ ئەمنیەتی ئەوان بپارێزێت و دیارە لەو نێوانەدا بە دڵنیایەوە بەشێکی زۆریشیان روو دەکەنە وڵاتانی ئورووپایی ئەوەش دەتوانێ کێشەی قوڵ بۆ ئەو وڵاتانە ساز بکات.

٣: گرینگی بایەخە سیاسییەکانی رۆژئاوا لە سیستمی دەسەڵاتداری کوردستانی باشوور

شێوەی دەسەڵاتداری لە باشووری لەگەڵ ئەوەی رەخنە و تانەی دێتەوە سەر بەڵام شێوەیەکی رۆژئاواییە و ئەو بایەخانەی کە لە رۆژئاوا گرینگیان پێدەدرێت وەکوو دێمۆکراسی، مافی هاووڵاتی ، مافی مرۆڤ، مافی کەمینە، مافی یەکسانی ژن و پیاو و ... لەباشوور وەکوو سەردێرێکی دەسەلاتداری سیاسی سەیریان دەکرێت بە پێچەوانەی دەسەڵاتداری لە عێراق و رۆژهەڵاتی نێوەراستدا.

٤: هەبوونی سەرچاوەی وزە لە کوردستان

هەرێمی باشووری کوردستان وڵاتێکی خاوەن وزەیە و هاتنی بۆ نێو نەخشەی وزەی جیهان لە ئێستادا زۆر ئاستەم نییە.

٥: هێزی پێشمەرگە بۆ پاراستنی هێمنی ناوچەی سەربەخۆ.

‌هەرێمی کوردستان هیزێکی چەکداری تەکووزی هەیە و ئەو ‌‌هێزە نیشتمانییە و دەتوانێت هێمنی هەرێمی کوردستان پاش سەربەخۆییش بپارێزێت و ئەوەش وای کردووە کە پێویست نەبێت وڵاتانی لایەنگری سەربەخۆیی کوردستان بۆ پاراستنی سەربەخۆیی هێز ببزوێنن و قانونی نێودەوڵەتی پێشێل بکەن.

٢: دانیشتنی وییەن و باشووری کوردستان
ئەگەر کۆتایی رۆژی ٢٠ ژوئیە رێککەوتنێک لە نێوان ئێران و گروپی ٥+١ ببسترێ ئەوە بە دڵنییایەوە ئێران لە بەرانبەر ئەوەکە واز لە خولیا ناوەکییەکانی دێنێ لەگەڵ ئەوەی کە گەمارۆی ئابووری لەسەر لادەبردرێ کۆمەڵێک چووری تایبەتی پێدەدرێت ئێمە تەنیا باسی مانەوە یان نەمانەوەی گەمارۆی ئابووری سەر ئێران دەکەین.

کۆماری ئیسلامی یەکێ لە وڵاتانی دابینکەری وزەیە لەگەڵ ئەوەی کە ئێران بە پێی ساڵانی ڕابردوودا بە هۆی گەمارۆی ئابووری و پێشەی نەوت تووشی قەیران هاتووە بەڵام ئێران تواناییەکی هەیە بۆ هەناردەکردنی نەوت و ئێستا ئێران وڵاتێکە کە هێمن و تووشی هیچ شەرێک نییە بۆیە بە لاچوونی گەمارۆی ئابوورییەکانی سەر ئەو وڵاتە، ئێران دەتوانێت ببێتە ناوەندێک بۆ کۆمپانییە نەوتییەکانی جیهان و ئەوەش وا دەکا کە لە پاش لاچوونی گەمارۆی ئابووری لەسەر ئێران ئەو وڵاتە لە ماوەیەکی کورتدا بگاتەوە ئەو پێگەی کە لە ڕابردوودا لە نێو وڵاتانی فرۆشیاری وزەدا هەیبوو و واتە پلەی دووهەم لە ئۆپێکدا، پاش ئەوەی کە گەمارۆ بەسەر پیشەی نەوت و گازی ئێران داسەپا عێراق جێگای ئیرانی پڕ کردەوە، ئێستا ئالۆزی عێراق وای کردووە کە هەناردەی نەوت لەو وڵاتەوە بکەوێتە مەترسییەوە و هەر چەشنە مەترسییەکیش لەسەر هەناردەی نەوت وا دەکات کە بازاری نەوت تووشی ئالۆزییەکی زۆر ببێت چون هاوکات دوو وڵاتی گرینگ لە نەخشەی وزەی جیهانییدا دەچنە دەرێ لە لایەک عێراق ئالۆزە و ئێرانیش گەمارۆی ئابووری دراوە.

ئەگەر ئەو دوو وڵاتە هەر بەو شێوەیە نەتوانن رۆلی خۆیان لە نەخشەی جیهانی وزەدا بگێرن بازاری وزە تووشی ئالۆزی گەورەتر دێت و بۆ چارەسەری ئەو ئالۆزییە بێ گومان کۆمپانییە زڵهێزەکانی دنیا و دەسەڵاتە جییهانییەکان بە دوای بەدیلێکدا دەگەڕێن.

لێرەدا کورد دەبێت بیر لەوە بکاتەوە کە ئەو بەدیلەی کە بڕیارە بازاری نەوت لە مەترسی بێنێتە دەرێ دەتوانێت کوردستان بێت.

کوردستان لە ئێستادا دەتوانێ بێ ئەوەی مەترسییەک بۆ داهاتووی کۆمەلگای جیهانی ساز بکات بەدیلێک بێت بۆ نەوتی ئێران و عێراق، کۆمەلگای جیهانی لە باتی ئێرانی خاوەن بۆمبی ناوەکی و هەروەها عێراقێک کە پاوانخوازی تێدا فەرهەنگێکی سیاسییە و ئێستا توشی شەری ناخۆ هاتووە ، کوردستانێک بپارێزن کە هەم توانایی هێزەکی هەناردە کردنی نەوتی هەیە و هەمیش بە پێی بایەخە سیاسییەکانی رۆژئاوا لە ئاستی نێودەوڵەتیدا سیاسەت دەکات.

لەگەڵ ئەوەش بۆتە هەرێمێک بۆ داڵدەدانی ئاوارەی دوو شەری ناخۆی و هاوکات ئەو هەرێمە خۆی خاوەن هیزی چەکداری خۆیەتی و پێویست نییە کە لە دەرەوە بۆ پاراستنی هێمنی باشووری کوردستان ‌هێزی چەکداری رەوانەی ئەو هەرێمە بکرێت.

سێکوچکەی ئیران، مالکی و ئەسەد دژ بە سەربەخۆی باشووری کوردستانن ئەو سێکوچکەیە لە ئێستا توشی شەری ناوخۆی و گەمارۆی ئابووری هاتوون، ئەگەر ئەو وڵاتانە کێشەکانیان درێژەی هەبێت بێگومان واتای ئەوەی هەیە کە باشووری کوردستان دەتوانێت دەرفەتێکی زیاتری بەدەستەوە بێت بۆ گەیشتن بە ئامانجە سیاسییەکانی.

هەڵاواسراوەی کێشەی ناوەکیی کۆماری ئیسلامی بۆ باشووری کوردستان لە دوو بواردا دەتوانێت دەرفەت بێت:
١: یارمەتی دەربێت بۆ ئەوەی باشووری کوردستان زووتر بچێتە ناونەخشەی جیهانی وزە

٢: کاتی پێویست بۆ باشوور دەستەبەر دەکا بۆ ئەوەی خۆی بۆ دژایەتی کردن لەگەڵ دژبەرانی سەربەخۆیی ئامادە بکات.

هەر بەو هۆیانەش دانیشتنی ئەو چەند رۆژە لە وییەن دەتوانێت لەسەر داهاتووی کوردستان کارتێکەری تایبەتی هەبێت.

بەڵام دەبێ یەک شتمان لە بیر بێت نە زلهێزانی جیهانی و نە دەسەلاتدارانی ناوچە بە ئاڵۆزی عێراق رازی نین و بەدوای چارەسەری دادەگەرێن و لەگەڵ ئەوەش ئێران و ئامریکا دەتوانن لە ناوچەکەدا خاڵی هاوبەشیان پێکەوە هەبێت بۆیە کوردەکان ئەگەر نەتوانن لە ماوەیەکی کەمدا پڕۆژەی چوونە نێو نەخشەی جیهانی وزە بەرنە سەرێ دەبێ بگوترێت یەكی لە هەلە زێڕینەکانی سەردەمیان لە کیس چووە.