سێ‌سووچکەی داکوتانی وێنەی ئاپۆ و مۆرکی پ.ک.ک لە نێو رۆژهەڵاتییەکان

13:37 - 11 بەفرانبار 2714
Unknown Author
شەریف بێهروز

رێز و حورمەت و خۆشەویستی بۆ رێبەرانی کورد بە هەر شکڵ و شێوەیەک و لە لایەن هەرکەسێکەوە بێ، ئاسایی و جێگای رێز و پێزانین و ئەرکێکی نیشتیمانییە.

گرینگ نییە ئەم رێبەڕە هی کام پارچە بێت و لە روانگەی منەوە ئەو رێبەرانەی کە تەمەنێکیان لە پێناو گەل و نیشتمان و بیروبۆچونەکانی خۆیان و حیزبەکەیان تێپەڕاندووە، گەرچی لە گەڵ بۆچوون و رێبەازەکەشیان نەبم، شایەنی رێز و حورمەتن و بەڕێز عەبدوڵا ئەوجەلان وەک سەرکردەیەکی خەباتگێڕی باکووری کوردستان بە تایبەتی کە ئێستا دیلی داگیرکەرانی کوردستانە یەکێک لەوانەیە و هیچ ئیرادێک بە شانازی کردن بە وێنەی ئەم رێبەڕە شک نابم. بەڵام هەڵاوەسینی وێنەی ئەم رێبەڕەی کورد و هێندێک جارانیش حیزبکەی پارتی کرێکارانی کوردستان واتە پ.ک.ک لە لایەن کوردی رۆژهەڵاتەوە لە لایەن سێ چینی جیاواز و بە مەبەستی جیاوازەوە دەکرێ کە لە دانەیەکیاندا نە ئاساییە و نە جێگای رێزە و نە هیچ فڕیشی بە کوردایەتییەوە هەیە:

یەکەم، ئەوانەی بە هەر هۆیەک پێوەست بە پ ک ک و لق و پەلەکانی بوونە و رزگاری نەتەوەیی لە خەباتکردن لەم چوارچێوەدا شک دەبن، ئاپۆ بە خودای خۆیان دەزانن و ئیمانیان وایە و ئاوای بۆ دەچن و ئەوانە هەروەک بۆخۆیان دەڵێن، ئاپۆچین. هۆکاری چوونی ئەم تەیفەش لە رۆژهەڵات بۆ لای پارتێکی سیاسی پارچەیەکی تری کوردستان کە شتێکی بۆ خەڵکی رۆژهەڵات و بگرە ئێستا بۆ کوردیش بە گشتی پێ نییە، باسێکی ترە و دەرفەتی زیاتری دەوێ. هەڵاواسین و پێهەڵاگوتنی ئەم تەیفە بە رێبەرەکەیان وەک هەڵاواسینی وێنەی مارکس و لینین و چەگوارا ئاسایی و جێگای رێزە تا ئەو کاتەی رێز لە رێبەرو کەسانی تریش بگرن کە بە رێبەری خۆیانی دەزانن. بەداخەوە، بەشێکی بەرچاو لەم تەیفە لە پەنا هەڵاواسینی وێنەی ئاپۆ و ئاڵای پ ک کدا بەردەوام خەریکی تەبلیغاتی ژەهراوی و نێوزڕاندنی پارتەکانی تری رۆژهەڵات، خەباتیان و رێبەرەکانیانن کە ئەوەش باسێکە وروژاندنی زیاتری دەوێ و لە حەوسەلەی ئەم چەند دێڕە دا بەدوورە.

دووهەم، ئەوانەی هەستێکی ناسک و بێ لایەنی نەتەوەییان هەیە و بەشێکی بچووکیان تا ئەو جێگایەی بۆیان بکرێ وێنەی ئاپۆ لە پەنا وێنەی رێبەرانی تر بە تایبەتی رێبەرانی رۆژهەڵاتدا هەڵدەدەن. ئەم تەیفە لەو کەسە نیشتمانپەروەرانە پێکهاتوون کە پێشتر لە رێزی حیزبەکان یان لە ناوخۆ خەباتیان کردووە و ئێستا وازیان لە حیزبایەتی و خەباتی ئاشکرا هێناوە و یا خەڵکی ئاسایینە کە ئێستا لە دەرەوە دانیشتوون و زیاتر بانگەوازیی بۆ ئاشتەوایی نەتەوەیی دەکەن و زیاتر هەوڵ دەدەن ئەگەر راستەوخۆ خێریشیان بۆ حیزب و لایەنەکان نەبێ لانیکەم زەرەریشیان نەبێ. ئەم تەیفە بە گشتی کەمتر لە چوارچێوەی حیزب و لایەندا جێگایان دەبێتەوە و تا ئەو جێگایەی بۆشیان بکرێ یارمەتیدەری هەموو لایەنەکان دەبن کە لە پێناو گەل و نیشتماندا خزمەت دەکەن و بەشداری رێپێوان و رێوڕەسمەکان و هتد...دەکەن و لە دانی یارمەتی ماڵیش دەریغی ناکەن. دیارە زۆربەی ئەوانەش سەڕەڕای هەستی بەرزی نیشتمانپەروەریان هاتوچۆی رۆژهەڵات دەکەن و خەریکی ژیان و گوزەرانی ئاسایی خۆیانن.

بەڵام چینی سێهەم، بەشێک لەو خەڵکانەن کە گەیشتوونەتە وڵاتانی دەرەوە و پێیەکیان لە فرۆکەخانەی تەورێزە و ئەوەی تریان لە دەرەوەیە. ئەو تەیفە، کە کەمیش نینە، تا ئێستا لە چەندین شوێن و ماڵەکانیان سرنجیان راکێشاوم کە وێنەی ئاپۆ بە تاقی تەنیا دیواری ماڵەکانی رازاندوونەتەوە. ئەو کەس و بنەمالانە کە زۆربەیان بە هۆیی ناسیاسی هەڵوەدای دەرەوە بوونە و بە یارمەتی حیزبەکانی رۆژهەڵات بە تایبەتی حیزبی دێموکرات گەیشتوونەتە ولاتانی ئەمن، نەتەنیا هیچ خێرێکیان بۆ حیزبەکانی رۆژهەڵات نەداوەتەوە بەڵکوو بە بیانووی هاتوچۆیان بۆ ئێران و لە ترسی ماڵ و سەروەت بەردەوام زەمی حیزبەکانیش دەکەن و بەسەروگۆیی رژێم هەڵدەڵێن کە دۆخی خەڵک باشە، جاش و پاسدار بەدی ناکرێ و بازدید نییە و هەموو خەڵک باری ئابووریان لە سەرێیە، ئیمکانات هەیە، ئەمنیەت هەیە و هتد... ئەو تەیفە بە گشتی وێنەیەکی ئاپۆش لە ماڵەکانیان یان لە سەر شاشەی کامپیتۆرەکەیان، یان موبایل یان ماشێنەکەیان و هتد... دادەکوتن کە پاساو بۆ ئەو چەواشەکارییانە لە دۆخی رۆژهەڵات و ئەو ئەدەبیاتە ژەهراوەییە بێننەوە کە بە دژی ئەم حیزبانە کەڵکی لێوەردەگرن کە رۆژانێک، بەداخەوە دەستیان گرتوونە و لە چۆم پەراندوویاننەوە.

هەڵاوەسینی وێنەی ئاپۆ لە لایەن ئەم تەیفەوە لە دڵ و ئیمان و باوەڕەوە سەرچاوە ناگرێ. ئەمانە تەنیا هێندێک خەڵکی هەلپەرەستن کە بۆ مەبەستی تاکە کەسی و حەشاردانی شوناسی راستەقینەی خۆیان دەست بۆ ئەم کارانە دەبەن. ئەوانە زۆربەیان هاتوچۆی ئێران دەکەن و نایانهەوێ ژیان و گوزەرانیان و بگرە سەرمایەکەشیان لە ئێران لە مەترسی کەوێ، بەڵام بۆ ئەوەی بڵێن ئێمەش کوردایەتی دەکەین و بیکەنە فەخر بە سەر ئەوانەی وا بە دەیان ساڵ لە ریزەکانی پێشمەرگەدا خەباتیان کردووە و لە خزم و کەسیان دوور بوونە، یان زیندانیان کێشاوە، یان برا، خوشک، دایک و باوکیان شەهید بوونە و پێیان بڵێن کە بەوەی نییە ئێمە هاتووچۆی ئێران دەکەین بەڵام کوردایەتی ئێمە لە هی ئێوە بەرزترە و ئەوەی ئێمە بۆی تێدەکۆشین لە هی ئێوە زۆر پیرۆزترە. بەڵام هەروەک باسکرا، هۆکاری خۆهەڵاوەسینی ئەمانە بە پ ک ک و کەسایەتی ئۆجەلان هەلپەرەستی و هەڵخەڵەتاندنە. ئەوانە لەبەر پێوەست بوونیان بە پ ک ک لە ئێران تووشێ مەترسی نابنەوە و لێپرسینەوەیان لێناکرێ. هیچ رێژەیەک لەبەردەست دا نییە بزانین چەند لەو کەسانەی هاتووچۆ دەکەن دەکەونە داوی دەست وپێوەندییەکانی رژێم کە ئیزنی هاتووچۆی بەردەوامیان پێ بدەن و گرفتیان بۆ ساز نەکەن. هەڵبەت ئەوەش زیاد بکرێ کە روانگەی حیزبەکان بە نیسبەت ئەوانەی هاتووچۆ دەکەن تا رادەیەک جێگای رەخنەو گلەیە و بەداخەوە هەمووان بەیەک چاو سەیر دەکەن کە نابێ وا بێت.

لێرەدا و هەر لەم پێوەندییەدا پێم خۆشە ئاماژە بە چەند خاڵی پێوەندیداریتر بکەم. دیارە ئێستا زۆر درەنگ بووە و وەک دەلێن کار لە کار ترازاوە و بریا ئەم کارە دەیان ساڵ لەوە پێش کرابا، بەڵام حیزبەکانی رۆژهەڵات پێویستە پشتیوانی سیاسی لە هیچ کەس یان کەسانێک نەکەن کە رۆژانێک لە ریزەکانی ئەم حیزبانەدا خەباتیان نەکردبێ یان لە نێوخۆیی وڵات بە هۆیی چالاکی سیاسی لە گەڵ ئەم حیزبانە گیان و ژیانیان تووشی مەترسی نەبووبێ. کاتێک دەڵێن هاتووچۆی پەنابەران بۆ ئێران تلێکسی ئەم حیزبانەی بێ ئیعتبار کردووە، خەتاکە ناکەوێتە سەر شانی ئەم کەسانە کە هاتووچۆ دەکەن یان ئەندامانی راستەقینەی حیزبەکان کە دڵسۆزانە بۆ ئەم حیزبانە تێدەکۆشن، خەتاکە لە بنەڕەتدا هی ئەو حیزبانەیە کە بە سووک و ئاسان و بەداخەوە هێندێک جاریش بە دەست و پێوەندی ئەم خەڵکانە وەکوو سیاسی و هەوادار تەئید دەکەن و زۆر جارانیش کە دەگەنە وڵاتەکان خێرا وەک ئەندام وەریان دەگرن کە پاش ماوەیەک و هاتووچۆیان بۆ ئێران بە تەواوی پشت لەم حیزبانە دەکەن و بگرە لە رێوڕەسمەکانیشیان بەشدار نابن و پەیتا پەیتا تەبلیغی نەرێنی دەکەن و بیانوو دێننەوە بۆ بەشدار نەبوونیان و خەڵکی تریش هان دەدەن کە بەشداری رێوڕەسمەکان نەکەن و پاشان بەردێنیان پێبکەنن کەم ئەم حیزبانە فەشەلیان هێناوە و شتی تر...

لەقۆناغەکانی تردا و وردە وردە خۆ بە ئەو و ئەم هەڵداوەسن و بە شان و پیلی ئەم و ئەو هەڵدەڵێن، بە بێ ئەوەی یەک تۆسقاڵ باوەڕیان پێی بێ و هەڵاوەسینی وێنەی ئەوجەلان و ئاڵای پ ک ک و جەوی ژەهراوی دژ بە پارتەکانی رۆژهەڵاتی نێو پ ک ک باشترین بژاردەیە بۆ ئەم کۆمەڵە خەڵکە. بە دڵنییایەوە ئەگەر دۆخی تورکیا بۆ هەڵدانی ئاڵا و وێنە وەکوو ئێران بووایە و یان رژێمی ئێڕان بە وێنەی ئۆجەلان و ئاڵای پ ک ک هەستیار با، ئەمانە لە ترسی لەدەستدانی تورکیا وەکوو پردێک بۆ پەڕانەوەیان بۆ ئێران و لە ترسی ئێران قەت نێوی ئاپۆشیان نەدەهێنا.

سەیر ئەوەیە کە ئەوانە بە گشتی خۆ لە هەموو شتێک دەقوورتێنن کە پێوەندی بە رۆژهەڵات و چەرمەسەرییەکانییەوە نەبێ. ئەگەر لە رۆژهەڵات خەڵک قەڵاچۆ بکرێ، ئێعدامی بە کۆمەڵ رووبدات، مانگرتن بێ و لە دەرەوە ئاکسیونێکی پشتیوانی رێکبخرێ، ئەوانە لە گۆیی گادا خەوتوونە، بەڵام کەسێک لە باکوور، و یا ئێستا لە رۆژئاوا، گوێی دە خوێن بێ ئەوانە باڵ دەگرن و سەروکەلەیان پەیدا دەبێ و هاتوهەرا دەکەن کە گەل یارمەتی دەوێ! هی وا دەناسم کە بە تلێکسی حیزب گەیشتوونەتە ئەم وڵاتانەو پێ گەیشتوونە، بەڵام کە جارێک داوای یارمەتیت لێکردن خۆت لێ سوور هەڵدەگێڕن و کون بە کون خۆت لێ دەشارنەوە و وات لێدەکەن جارێکی تر نەوێری سڵاویشیان لێ بکەی، بەڵام لەنەکاو و بۆ شتی تر سەرو سوراغیان پەیدا دەبێ، خۆپێشاندان دەکەن و ماڵ بە ماڵ دەگەڕێن یارمەتی کۆ دەکەنەوە.

من بەو کەسانە دەلێم، لەوە گەڕێین کە لە سەر حیسابی کورو كچی شەهید و زیندانی سیاسی ئەمرۆ ئێوە بە شتێک گەیشتوون و ئێستاش پاز پازدێن دەکەن. ئەوەش خۆتان و ویژدانی خەوتووی خۆتان کە حیزبێک ئێوەی گەیاندۆتە ئەو شوێنە بەڵام ئەمرۆ نەتەنیا خێرتان بۆ ئەم حیزبە نییە، بەڵکوو شەرێشی پێ دەفرۆشن.

وێنەی ئەوجەلان و ئاڵای پ ک ک شتان لێ مبارەک بێ و خێری لێ ببینن، بەڵام تکاتان لێدەکەم ئەگەر شتێکتان بۆ خەڵکی خۆتان لە دەست نایە یان رەوا نابینین تکایە خۆ لە شتی تریش مەدەن و ئەگەر دەشیکەن روو لەوانە مەکەن کە دڵیان لە رۆژهەڵات و بۆ رۆژهەڵات لێدەدات. دڵنیا بن بۆخۆیان هەستی وڵاتپارێزی و نیشتمانپەروەریان ئەوەند بەرزە کە بەم کارانە هەستن.

لە کۆتاییدا لەوەش گەڕیین کە وەرگرتنی پشتیوانی سیاسی سووک و ئاسانی حیزبێک چەندە هاندەرە کە خەڵکی ناسیاسی و بێ موشکل مەوتەنی و نیشتمانی خۆیان بەجێهێڵن. زۆربەی جارەکان ئەم کەسانە بە خیاڵی ژیانی خۆشتر لە دەرەوە مال و ژیانیان لە رۆژهەڵات هەرزانفرۆش دەکەن یان گوشاری ماڵی و روحی دێننە سەر بنەماڵەکانیان کە یارمەتیان بدەن بچنە دەرەوە و بە ساڵهای ساڵ لە تورکیا و وڵاتانی تر ئاوارە و هەڵوەدا دەمێننەوە و پاشان یان بە ناهومێدی و دەستبەتاڵی دەگەڕێنەوە یان پاش گەیشتنیان بۆ وڵاتی سێهەم مخابن زۆربەیان ئەوانەیان لێدەردەکەوێ کە سەر بە دوایین سێسووچکەن .