سێ کورتە چیرۆک بۆ منداڵان

14:41 - 26 خەزەڵوەر 2713
Unknown Author
گۆڕینی : رەزا شوان

١ـ مێـروولە و کوللـە

میروولەیەک لە هاوینەدا، خەریکی کۆکردنەوەی دانەوێڵە بوو .. دەیبردەوە بۆ شارەکەی .. دانەوێڵەیەکی باشی کۆکردەوە .. بۆیە غەمی هاتنی زستانی نەبوو.

رۆژێکی زۆر ساردی پاییز، کوللـەیەک لە دەرگای ماڵی مێروولەکەی دا .. داوای خواردنی لە مێروولەکە کرد .

مێروولەکە : ئەی هاوینی رابردوو چیت دەکرد .. ؟
کوللـەکە : بە درێژایی هاوینی رابردوو .. گۆرانیم دەوت .
مێروولەکە :دەبـڕۆ بە درێژایی زستانی داهاتووش .. هەر هەڵپەڕە .
پێشی گوت : \"ئەوشت لەبیر نەچێت ، پێویستە هەموو کاتێک مرۆڤ خۆی بۆ بەیانی ئامادە بکات .. \"

٢ ـ قازێکی هێلکەزێڕ

جوتیارێک قازێکی هەبوو .. رۆژێک لە رۆژان ، قازەکەی هێلکەیەکی سادە زێڕی کرد .. لەو رۆژەەوە بەدواوە ، قازەکە هەموو رۆژێک هێلکەیەکی زێڕی تری دەکرد .. جوتیارەکە دەوڵەمەند .. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ، زۆر چاوچنۆک بوو .

جوتیارەکە رۆژێکیان ، بیرۆکەیەکی خراپی بەبیردا هات و .. گوتی :
\" من بۆ هەموو رۆژێک ، چاوەڕێی ئەوەبم تا قازەکەم هێلکە زێڕەکەی دەکات .. ئەی بۆ سەری نەبڕم و ، سکی هەڵنەدڕم .. بە جارێک هەموو هێلکە زێڕەکانی ناو سکی دەردەهێنم .. \"

جوتیارەکە ئەم بیرۆکە خراپەی جێبەجێکرد .. قازەکەی سەربڕی و ..سکی هەڵدڕی .. بەڵام هیچ هێلکەیەکی زێڕی ، لە سکی قازەکەدا نەدۆزییەوە .

٣ ـ هەڵــــۆ و کۆتـــر

رۆژێک مێردمنداڵێک ، کوترێکی بینی، کە هەردوو باڵیان کردبوو .. کۆترەکە نەیدەتوانی هەڵبفڕێت .

مێردمنداڵەکە لەبەرخۆیەوە گوتی : \" ئەم کۆترە بەسزمانە ، چۆن خواردنیدەست بکەوێت، بۆ ئەوەی بژی ؟\"

زۆری پێ نەچوو ، هەڵۆیەک لە بەردەم کۆترەکەدا نیشتەوە .. نێچیرێکی بە دەنووک هەڵگرتبوو ، نێچیرەکەی لە بەردەمکۆترەکەدا دانا ..کۆترەکە دەستی بە خواردنی کرد و تێری خوارد .

مێردمنداڵەکە .. بیری لەوە کردەوە، کە خوا توانای هەموو شتێکی هەیە .. خوارن بە هەموو گیانلەبەرێک دەدات .. بۆیە گوتی :
\" من بۆ دابمێنم و بیر لە بژێوی ژیانم بکەمەوە .. ؟ چیم بوێت خوا پێمیدەبەخشێت ..

مێردمنداڵەکە بڕیاری دا ، کە لەماڵەوە دابنیشێت و ، هیچ نەکات .. رۆژان هاتن و تێ پەڕین .. مێردمنداڵەکە هیچی بۆ نەهاتە ماڵەوە .

پیاوێکی دانا هات بۆ لای و پێی گوت : \" رۆڵەی شیرینم ، تۆ دوو باڵندەت بینی .. یەکێکیان کۆترێکی برینداری باڵکراوبوو ، ئەوی تریان هەڵۆیەک بوو.. بۆ حەزدەکەیت وەکو کۆترەکە بيت .. ؟ ئەی بۆ بیرناکەیتەوە ، کە وەکو هەڵۆکە بيت .. ؟ کە تەنها خۆی تێرناکات ، بەڵکو ئەوانەش تێردەکات کە پێویستیان بە یارمەتیدان هەیە ..\"

*چیرۆکی یەکەم و دووەم لە ( نەرویجی ) یەوە گۆڕیومن بۆ سەر زمانی کوردی.
بەڵام چیرۆکی سێیەم لە ( عەرەبی ) یەوە گۆڕیومە بۆ کوردی .