سێ چالاکی ژینگەپارێزی بە ٨ ساڵ و ٨ مانگ زیندان مەحکووم کران

12:09 - 8 گەلاوێژ 2720

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، حوکمی ٨ ساڵ و ٨ مانگ زیندانی بۆ "فازڵ قوەیتاسی" چالاکی ژینگەپارێزی، "ئامانج قوربانی" کارناسی باڵای ژینگە و فەرمانبەری ئیدارەی ژینگەپارێزیی شاری کامیاران و "سیروان قوربانی" چالاکی ژینگەپارێزی ڕاگەیەندرا.

بەپێی ئەو حوکمە ڕاگەیەندراوە، "ئامانج قوربانی" بە سێ مانگ و ڕۆژێک زیندانیی تەعزیری، "فازڵ قوەیتاسی" بە دوو مانگ زیندانیی تەعزیری و ٥ ساڵ زیندانی تەعلیقی و "سیروان قوربانی" بە سێ مانگ زیندانیی تەعزیری و ٣ ساڵ تەعلیقی، مەحکووم کران.

حوکمی داسەپاوی ئەو سێ چالاکە ژینگەییە بە حیسابکردنی دەسبەسەرکرانی پێشوویان ئەژمار دەکرێت.

ڕۆژی پێنجشەممە ١٢ی پووشپەڕ، کۆبوونەوەی دادگاییکردنی دۆسیەی ئەو سێ چالاکە ژینگەپارێزییە لەگەڵ ٧ ژینگەپارێزی دیکە بە ناوەکانی "هادی کەمانگەر، بەختیار کەمانگەر، عیسا فەیزی، مەهدی قوبادی، ڕاشد مونتەزەری، خالید زەمانی و فەرزاد حوسێنی" لە لقی یەکی دادگای ئینقلابی شاری سنە، بە سەرۆکایەتیی دادوەر "سەعیدی" بە تۆمەتی "هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی لە ڕێگای لاینگەری و ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران" بەڕێوە چووبوو.

ئەو ١٠ چالاکە ژینگەپارێزییە مانگی بەفرانبار و ڕێبەندانی ساڵی ٩٧، بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران" لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە لە کامیاران دەسبەسەر و دواتر پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەیان بە دانانی بارمتە ئازاد کران.

وێنە: ئامانج قوربانی، فازڵ قوەیتاسی و سیروان قوربانی