سێ مۆره‌ی حکوومەتی ماڵی هاووڵاتییانیان تاڵان كردووه‌

12:09 - 9 بانەمەڕ 2720

سێ کەس لە دەستوپێوەندییەکانی حکوومەتی لە گوندی "سەرچنار"ی ناوچەی چۆمی مەجیدخانی شاری بۆکان کە ماوه‌یه‌كی زۆر خه‌ریكی تاڵانكردنی ماڵ و سامانی خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌ بوونه دوای ئه‌و ماوه‌ زۆره‌، به‌ ئه‌گه‌ری كێشه‌ له‌ دابه‌شكردنی به‌شه‌كان له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی حكوومه‌تی پاش بە تاڵانبردنی ماڵی زۆرێک لە هاووڵاتییان، دەسبەسەر کراون.

سەرچاوەیەکی ئاگادار شوناسی ئەو سێ کەسەی لە دەستوپێوەندییەکانی حکوومەتی بە ئاژانسی کوردپا ڕاگەیاندووە كه‌ ناوەکانیان بریتین له‌: "بیلال حەیدەری، ئیبراهیم ئیسماعیل‌زادە و حوسێن بلکامە".

ئەو سەرچاوە ئاگادار هەرووەها ڕایگەیاند كه‌ دانیشتوانی گوندەکانی ناوچەی چۆمی مەجیدخان سەرەڕای چەند جار تۆمارکردنی سکاڵا لە سەر ئەو سێ کەسە، ناوەندە پێوەندییەدارەکانی حکوومەتی وڵامی سکاڵای هاووڵاتییانی ماڵبراویان نەداوتەوە.

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، ئەو سێ کەسه‌ پاش تاڵانکردنی ماڵی هاووڵاتییان و ئەنبارکردنی شتومەکە دزراوەکانی هاووڵاتییان و شاردنەوەیان لە ماڵی بیلال حەیدەر، کێشە لە نێوانیان ساز دەبێت و ئەمەش دەبێتە هۆی دەسبەسەرکرانیان و دانپێدانانی کردەوەکانیان.

سەرچاوەی کوردپا ئەوەشی خستەڕوو، دانیشتوانی گوندەکانی ناوچەی چۆمی مەجیدخان نیگەرانن کە پاش ماوەیەک ئەم سێ کەس بەبێ هیچ سزایەک ئازاد بکرێن و دووباره‌ ده‌ست بكه‌نه‌وه‌ به‌ ئازار و ئەزیەتی خەڵك.