سیستمی پەروەردە و بارهێنانی حکوومەتی ئێران گەیشتووەتە بنبەست

15:51 - 17 خەرمانان 2716
ئاژانسی کوردپا: یەکێک لە بەرپرسانی زانستگەکانی حکوومەتی ئێران لە پارێزگای کوردستان باسی لەوە کردووە کە؛ هیچ جۆرە سیاسەتێکی ڕاست و تۆکمە بۆ پەروەردە و بارهێنانی باڵا لە ئێراندا بوونی نیە، و زانستەگان بوونەتە شوێنی چاپی بڕوانامە و کارخانەی بێکاران.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا بەرپرسانی زانستگەکانی پارێزگای کوردستان لە دانیشتنێکدا باسیان لەوە کردووە کە؛ سیستمی پەروەردە و بارهێنان لە ئێراندا هیچ بەرنامەیەکی تۆکمەی نیە و زانستگەکان شوێنێکن کە بێکاری بەرهەم دێنن و لەو بارەیەوە دەبێت بەرپرسانی حکوومەت ڕێگا چارەیەک بدۆزنەوە.

لەو بارەیەوە بەڕێوەبەری ژووری فکریی زانستگەی کوردستان، باسی لەوە کردووە کە پارێزگای کوردستان ٥ هەزار ئەندازیاری بێکاری هەیە.

حامید قادرزادە بەڕێوەبەری ژووری فکریی زانستگەی کوردستان هەروەها ڕایگەیاندووە کە؛ لەو ٥ هەزار کەسە لە دەرچووانی زانستگە کە بێکارن، تەنیا ١٠٠ کەسیان لە ڕێگای ڕێکخراوی سەنجشەوە بۆ دامەزراندن ناسێندراون، کە لەو ١٠٠ کەسەش، تەنیا ١٦ کەسیان دادەمەزرێت.

ناوبراو هەروەها باسی لەوە کردووە کە؛ \"گرینگی دان بە کەسانی خۆجێیی\" یەکێکی دیکە لەو کێشانەیە کە ناوەندەکانی خوێندنی باڵا لەگەڵی بەرەوڕوون، و پارێزگای کوردستان لە بواری دامەزراندنی کەسانی خوجێیی خوێندەوار، لە ئێراندا پلەی ٢٨ی هەیە.

ئەو بەرپرسەی زانستگەی کوردستان گوتوویەتی کە؛ خوێندکاران و دەچووانی هەندێک لە ڕشتەکانی خوێندن وەک ئەندازیاریی بەرق و سەنایع، بە گشتی بێکارن.

لە بەشێکی دیکە لە قسەکانیدا ناوبراو باسی لەوە کرد کە؛ کەیفیەتی ئامووزش تا ڕادەیەک دابەزیوە کە بە گشتی بووەتە مەدرەک‌گەرایی و ئەمڕۆکە زانستگە دەوڵەتی وغەیرە دەوڵەتییەکان تەنیا بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی ماڵی، خوێندکاران بۆ ئاستی دۆکتۆرا بەرز دەکەنەوە.

بێکاریی دەرچووانی زانکۆکان لە ئێراندا، یەکێکی دیکە لەو بابەتانەیە کە بەردەوام ڕووی لە زیادبووندایە و بەرپرسان هیچ هەنگاوێک بۆ چارەسەر کردنی ئەو گرفتە هەڵناگرن.

بەپێی ئەو ئامارەی لەبەردەست‌دایە، هەنووکە دەرچوانی زانکۆکان زیاتر لەسەدا ٣٠ی کۆی گشتیی بێکارانی کۆمەڵگای ئێران پێک دێنن، و ئاماری بێکارانی خاوەن بڕوانامەی کارناسی و سەرەوەتر، لە ماوەی ٥ ساڵی داهاتوودا بۆ ٥ میلیۆن کەس بەرزتر دەبێتەوە.

بە وتەی کارناسان، بەڕێوەنەبردنی هاوتەریبی فێرکاریی تێیۆریک و پێداویستییەکانی بازاڕی کار، لەبەرچاو نەگرتنی پێداویستیی کۆمەڵگا و لقی خوێندنی خوێندەواران، بەڕێوەچوونی مێکانیزمی لۆکاڵی لە زانکۆکان، وەرگرتنی خوێندکاران بێ سەرنجدان بە بازاری کار و نەبوونی لێهاتوویی و بەکارهاتوویی خوێندکاران لە پیشە و کاری پەیوەندیدار بە لقی خوێندنیان، لە گرینگترین هۆکارەکانی بێکاریی دەرچوانی زانکۆکانی ئێران لە قەڵەم دەدرێ.