سیاسەتی حیزبی دێمۆکرات و دانووستان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی

13:45 - 21 خاکەلێوه 2714
Unknown Author
مادح ئەحمەدی

یەکێک لە بنەماکانی سیاسەتی حیزبی دێمۆکرات بۆ چارەسەری پرسی کورد، وتووێژە. حیزبی دێمۆکرات لە لای ئەوەدا کە بۆ چارەسەری ئاشیخوازانەی پرسی کورد، باوەڕی بە وتووێژ هەیە، هیچ کام لە شێوازەکانی خەباتیشی رەت نەکردووەتەوە. هەر وەک لە وتار و ئاخاوتنەکانی رێبەری مەزن \"دوکتۆر قاسملوو\"دا و هەروەها کاربەدەستانی دیکەی حیزبدا زۆر جار باس کراوە، حیزبی دێمۆکرات شێوازەکانی دیکەی خەباتی بۆ دروست کردنی گوشار و رەخساندنی هەلێک بۆ چارەسەری ئاشتیخوازانەی پرسی کورد بەکار هێناوە.

بەواتایەکی دیکە دانوستان و چارەسەری ئاشتیخوازانەی پرسی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان، کۆڵەکەیەکی سیاسەتی حیزبی دێمۆکرات بووە و لەگەڵ ئەوەی حیزب مەرج و تێبینی خۆی هەبووە، لە هیچ قۆناغێکیشدا وتووێژی رەت نەکردووەتەوە. پێداگریی لەسەر ئەم سیاسەتە لۆژیکییە دەبێتە هۆی ئەوەی حیزب دێمۆکرات لە \"شورای ملی مقاومت\" بێتە دەرەوە. حیزبی دێمۆکرات لەم پێناوەدا ٢٥ ساڵ لەمەوبەر لەسەر مێزی وتووێژ رێبەرێکی لێوەشاوەی وەک \"دوکتور قاسملوو\"ی لە دەست دا. دواتر حیزب بڕیاری دا کە دانوستان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی بۆ چارەسەری پرسی کورد دەبێ ئاشکرا بێ و بە ناوبژیوانی لایەنی سێیەم بێ.

هەنووکە باسی دانیشتن لەگەڵ کۆماری ئیسلامی هاتووەتە ئاراوە. وردەکاریی ئەم بابەتە هیچ دیارە نییە و هێشتا بەفەرمی لایەنی پێوەندیدار ئەم بابەتەی پشت راست نەکردووەتەوە. بەگشتی لەم کورتە نووسینەدا دەمەوێ قسە لەسەر ئەوە بکەم کە ئایا لە ئێستادا دۆخی بزووتنەوەی کورد و حیزبە کوردییەکانی رۆژهەڵات هەڵگری ئەوەیە کە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی بکەونە وتووێژەوە؟ هەروەها ئایا بۆ پاساودانی ئەم پرسە، دروستە هەلومەرجی ئێستا لەگەڵ سەردەمی دوکتور قاسملوو بەراوەرد بکەین؟ بەم پێیە، لە چەند خاڵدا هەوڵ دەدەم تیشک بخەمە سەر باسەکە:
١ـ هەلومەرجی ئێستای بزووتنەوەی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ وتووێژ نابێ و کۆماری ئیسلامی پێویستی بەوە نییە وتووێژ لەگەڵ هێزە کوردییەکان ئەو پارچەیە بکات. بزووتنەوەی کورد لە رۆژهەڵات بە پێچەوانەی پارچەکانی دیکەی کوردستان ماوەی چەند ساڵێکە کەوتووەتە دۆخێکەوە کە ناتوانێ وەک فاکتۆرێکی کاریگەر دەور بگێڕی و سەرئێشە و نائەمنی بۆ کۆماری ئیسلامی دروست بکا. ئەم دۆخە کە دەتوانین ناوی \"قۆناغی بێ هێزی\" لەسەر دابنێین، دۆخێک نییە بۆ ئەوەی کە کەسێک، یان لایەنێک، یان دوو لایەن لە حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بچن بکەونە دانوستان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی.

٢ـ کۆماری ئیسلامی ئەگەر لە ئێستادا بیەوێ وتووێژ لەگەڵ لایەنێک یان کەسێک بکا، بەدڵنیاییەوە لە مەبەستی خۆی دەگەڕێ و نایەوێ ئیمتازێک بە کورد بدات. بۆیە هەڵەیەکی کوشندەیە (بۆ سواڵی موحیبەتی ئەملا و ئەولا و یان هەر مەبەستێکی دیکە) بکەویتە گەمەیەکەوە کە هەر لە سەرەتاوە دیارە کە دەیدۆڕێنی.

٣ـ ئەولەویت بۆ هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەبێ رێکخستنی ناو ماڵی خۆیان بێ، ئەوجار بیر لەوە بکەنەوە کە بە یەکگرتوویی مامەڵە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی بکەن. لایەنەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەگشتی و هەر دوو لای دێمۆکرات بەتایبەتی پێویستە کێشەکانی نێوانیان چارەسەر بکەن و ئەگەر بڕیار بێ دانوستان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی بکەن، ئەوا دەبێ نوێنەرایەتییەکی هاوبەش پێکبێنن کە تەعبیر لە رۆژهەڵاتی کوردستان بکا و ئەو نوێنەرایەتییە هاوبەشە بە ئاشکرا لەگەڵ نوێنەرانی کۆماری ئیسلامیدا دانیشتن بکا.

٤ـ پێویستە لانی‌کەم و لانی زۆر داخوازییەکانی خەڵکی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان (لە لایەن نوێنەرایەتییە هاوبەشەکەوە) پۆلێن‌بەندی بکرێ و دیار بێ لەسەر چ بنەمایەک و بۆ چی، دانوستان دەکەی.

٥ـ لە ئێستادا هەر چەشنە وتووێژ و دانیشتنێک لەگەڵ کۆماری ئیسلامی (بەتەنیا و بەنهێنی) حیزبەکانی رۆژهەڵات لەیەکتری دوور دەخاتەوە و ئەمەش دژی پرۆسەی لێکنزیک بوونەوەی هێزەکانە. ئەگەر باوەڕێک بۆ لێکنزیک بوونەوە و یەکگرتوویی هەبێ، پێویستە هەموو لایەک بەرپرسیارانە مامەڵە بکەن و خۆیان لەو فاکتۆرانە بەدوور بگرن کە لایەنەکان لە یەکتری دوور دەخاتەوە.

٦ـ زۆر کەس بۆ پاساودانی هەڵەیەکی ئێستا، پەنا دەبەنە بەر ئەوە کە کاتی خۆی دوکتور قاسملووش دانیشتنی کردووە و لەسەر مێزی وتووێژ شەهید کراوە. سەنگەر گرتن لە پشت دوکتور قاسملووە بۆ پاساودانی هەڵەیەک، کارێکی باش نییە، چونکە ئێستا هەلومەرجەکە جیاوازە.

ئەو کات شەڕی ئێران و عێراق تازە کۆتایی پێ هاتبوو، دوکتور قاسملوو نیگەرانی ئەوە بووە کە هاوکێشەکان بە زەرەری کورد بگۆڕدرێ بۆیە ئەو وتووێژەی کرد. لە لایەکی دیکەوە ئەو کات کۆماری ئیسلامی بە هۆی شەڕەوە لەوپەڕی بێ هێزیدا بوو و حیزبی دێمۆکرات لە سەردەمی زێڕینی خۆیدا بوو و هێز بوو و رێبەرێکی هەڵکەوتەی وەک دوکتور قاسملووی هەبوو.

بەپێچەوانەوە ئێستا کۆماری ئیسلامی لەو پەڕی هێزدایە و حیزبی دێمۆکرات لەوپەڕی بێ هێزی دایە و رێبەرێکی وەکوو دوکتور قاسملووشی نییە. بۆیە ناکرێ لە پشت دوکتور قاسملووەوە سەنگەر بگرین و هەڵەکان پاساو بدین و هەلومەرجەکەی ئەو کات و ئێستا بەشێوەیەکە کە قەت ناکرێ لەگەڵ یەکتری بەراوەردی بکەین.

لە کۆتاییدا ماوەتەوە بێژم کە ئەوە مەرجگەلەی کە حیزبی دێمۆکرات بۆ وتووێژ باسی لێ دەکات و بووەتە سیاسەتی ئەو حیزبە (وتووێژ بە ئاشکرا و بە ناوبژیوانی لایەنی سێیەم بێ)، زۆر گونجاوە و پێویستە هەموو لایەک ئەو بنەماگەلە لەبەرچاو بگرێت.

ئەگەر لەم هەلومەرجەدا کەسێک، یان لایەنێک بیەوێ وتووێژ لەسەر لانی کەمی داخوازییەکانی خۆی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی بکات و لە ئاکامدا نیمچە رێککەوتنێک دروست بێ!!!، ئەوا لە باشترین حاڵەتدا تووشی چارەنووسی حیزبی \"تودە\" و کەسانی سەر بەو حیزب دەبێ. بۆیە لە هەلومەرجی ئێستادا هەر چەشنە دانیشتنێک لەگەڵ کۆماری ئیسلامی (هەر لایەنێک بیکا) بە زیانی خودی ئەو لایەنە و بزووتنەوەی کورد تەواو دەبێ و دەبێ مەحکووم بکرێ.

ئەم بابەتە روانگەی نووسەرەکەیەتی و ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا لێی بەرپرسیار نییە.