سڕینەوەی سیمای کوردستانی لە ورمێ

21:30 - 13 گەلاوێژ 2714
Unknown Author
عەلی ئیسماعیل نژاد

لە چەند رۆژی رابردوودا بە بڕیاری شارەوانیی ورمێ ناوی کوردی بۆ سەر ناوەندەکانی نێو شاری ورمێ قەدەغە کراوە و هەر دووکان یان کۆمپانییەک یا ناوەندێکی فەرهەنگی کە ناوی کوردی هەبێت، دەبێ ئەو ناوە بگۆرێ هۆکاری پیرەو کردنی ئەو سیاسەتە چییە؟

بە پێی مادەی ١٥ قانونی بنەرەتیی ئێران، زمانی کوردی وەک زمانی بەشێک لە خەڵکی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بە فەرمی ناسراوە و هەر لەو مادەیەش دا رێگەیش دراوە کە ئەو زمانە بخوێندرێ و راگەیاندن بەو زمانە هەبێت.

بەڵام لەو مادەیەدا بە روونی باس لەوە نەکراوە کە کام وەزارەتخانە ئەرکی فێرکردنی زمانی کوردی و زمانی ئەو نەتەوەکانیتری لە ئەستۆیە هەر ئەوەش وایی کردووە کە وەزارتخانەی پەروەردە ، فەرهەنگ و خوێندنی باڵا خۆ لەوە ببوێرن کە ئەرکی بەرێوە بردنی مادە ١٥ قانونی بنەرەتی ئێران لە ئەستۆی ئەوانە بەو شێوەیە بۆشایییەکی قانونی لە پانتای فێرکاری زمانی نەتەوەکانی ئێراندا ساز بووە.

ئەو زمانانە نە لە زانکۆکان کۆرسیان بۆ دادەندرێ و خولی فێرکاریان بەرێوە دەچێ و نە لە قوتابخانەکان خوڵی فێرکاریان بەرێوە دەچێت و نە لە دەرەوەی زانکۆ و قوتابخانەش دەچنە چوارچێوەی کاری وەزارەتخانەیەک کە بکرێت بۆ بەرێوەبەردنی مادە ١٥ قانونی بنەرەتی ئێران پێمل بکرێت.

ڕوونە هۆکاری ساز بوونی ئەو بۆشاییە قانوونییە دەگەرێتەوە سەر ئەو ڕوانگەیەی ئەمنییەی کە دەرحەق بە زمانی کوردی و زمانی نەتەوەکانیتری ئێران هەیە ، فێرکاری زمانی نەتەوەکانی ئێران دەچێتە چوارچێوەی روانگەیەکی ئەمنییەوە و بەو شێوەیە چالاکێکی فەرهەنگی کورد یان نەتەوەکانیتر ناتوانن لە چوارچێوەی قانونی ئێراندا خولی فێرکاری زمانی نەتەوەکانی نێو ئێران بەرێوە ببن.

لە ئێستادا زۆربەی ئەو ناوەندانەی کە لە رۆژهەڵاتی کوردستان خولی فێرکاریی زمانی کوردی بەرێوە دەبن مۆڵەتی چالاکی فەرهەنگیان هەیە نەک مۆڵەتی دانانی خولی فێرکاری زمانی کوردی ئەوەش وای کردووە کە هەر کات کە پێویست بوو بە بیانوی ئەوەی کە ئەوان مۆڵەتی دانانی خولی زمانی کوردییان نەبووە و ئەو خوڵانەش بەرێوەچوو ناوەندەکە دابخرێت.

ئەو بۆشاییە قانوونییە رێگەی ئەوەش دەگرێت کە بکرێت رێکخراوە یان ناوەندێک بە شێوەی فەرمی و قانونی لە ئێران تاپۆ بکرێت و ئەو رێکخراوەیە بتوانێ لە سەرانسەری کوردستان خولی فێرکاری زمانی کوردی دابنێت ئەوەش لە راستیدا کێشەیەکی قوولە چوون زۆربەی ئەو ناوەندانەی کە لە ئێستادا خولی فێرکاری زمانی کوردی بەرێوەدەبن سەربەخۆ لە یەکتر کار دەکەن و ئەوەش وای کردووە زۆر تێبینی رێنووسی بچێتە ناو کتێبی فێرکارییەکانیان و جۆرێک ئالۆزی لە زمان و رێنووسی کوردییدا ساز ببێت.

بە گشتی رێگەدان بە دانانی خولی فێرکاری زمانی کوردی پاش ئەو بۆشاییە قانوونییە هەموو گرێدراوە بە دۆخی ئەمنیەتی و سیاسی کوردستان و ئێرانەوە ئەگەر دۆخی ئەمنی ئێران پێویست بکات کە بۆ کەم کردنەوەی زەختی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان و رای گشتی کوردستان خولی زمانی کوردی بەرێوەبچێت ئەوە ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی چاوپۆشی لەو خولانە دەکەن و لە راگەیاندنیشدا دەگوترێ ئەو ناوەندانە خەریکن مادەی ١٥ قانونی بنەرەتی ئێران بەرێوە دەبن. بەڵام ئەگەر دۆخی ئەمنی ئێران وا لێکدرێتەوە کە هەبوونی ئەو خوڵانە دەتوانێ هەوێنی هێندێ کردەوە بێت ئەوە بە بیانوی ئەوەی ئەو خولانە مۆڵەتی فەرمیان نییە کۆدەکرێنەوە.

لە ورمێ بەکار هێنانی زمانی کوردی بە شێوەی نوسراوە قەدەغە کراوە تەنانەت ئەگەر وەکوو ناوی ناوەندێکی فەرهەنگی یان ئابووریش بەکار هاتبێت ودەیانەوێت ناو ومۆرکی کوردی لە کۆڵان و گەرەک و باژێری دەوروپشتی ورمێ بسرنەوە.

ئەوەیکە ئێستا لە ورمێ روویداوە هۆکارەکەی دەرنجامی ئەو ڕووداوە سیاسییانەیە کەلە باشوور، رۆژئاواو باکوور ڕوودەدا لەو نێوانەدا باسی سەربەخۆیی وبەهێند وەرگیرانی لەلایەن خەڵکی رۆژهەڵاتەو ەیەکێ لەهۆکارە سەرەکییەکانە کە ریژیمی ئیسلامی بریار بدات کە لەورمێ بەکارهێنانی زمانی کوردی بە شێوەی نوسراوە قەدەغە بکرێت ئەوە بەواتاییە نییە کە سەربەخۆیی خراپە بەڵکوو بەو واتاییە هەموو پارچەکانی کوردستان راستەخۆ و هەر لە کورتخایەندا شوێنەواری زۆر گرینگیان لەسەر یەک هەیە.

لە ئێستادا بۆ شاییەکی قانوونی و روانگەیەی ئەمنی کۆماری ئیسلامی دەستیداوەتە دەست یەک ،کە ژینۆسایدێکی فەرهەنگیتر لە رۆژهەڵات ڕووبدات سرینەوەی ناوی کوردی لە ناوچەکانی و شوێن و گەرەک و کۆڵانەکانی ورمێ و قەدەغە کردنی نوسینی زمانی کوردی لەو باژێرە هەنگاوێکە بۆ ئەوەی کوردستانی بوون ورمێ بسردرێتەوە.

ئەو ژینۆسایدە فەرهەنگییە نوێیەی کە کۆماری ئیسلامی لە ورمێ گرتویەتە بەر جارێکیتر کۆمەڵگای کوردستان دێنێتەوە سەر ئەو باوەرەی کە هەر رووداوێک کە لە پارچەکانی کوردستان ڕووبدات بە هۆی کارتێکەریەکی راستەخۆی کۆمەڵایەتی ، فەرهەنگی ، ئابووری و سیاسی کە لە سەر پارچەکانیتر هەیەتی راستەخۆی شوێن لە سەر دۆخی پارچەکانیتر دادەنێت و خوێندنەوەی هەر رووداوێکی پارچەیەک لە کوردستان سەربەخۆ لە پارچەکانیتر ناکرێت و تووشی هەڵەی لێکدانەوەمان دەکات.