سپای پاسداران پاش ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی دوو هاووڵاتیی خەڵکی پیرانشار گڵکۆکانیانی بە بتۆن داپۆشاند

10:32 - 9 رەشەمه 2720

سەرلەبەیانیی ڕۆژی پێنجشەممە ۷ی ڕەشەمە، سپای پاسداران پاش ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "عەبدوڵڵا نادری" و "عوسمان نادری"، کوڕی مارف و خەڵکی پیرانشار، گڵکۆکانیانی بە بتۆن داپۆشاندووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە، بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: "پاش کۆتایی ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی ئەو دوو برا، هێزەکانی سپای پاسداران بە ڕژاندنی بتۆن، گڵکۆی هەردووکیانی داپۆشاندووە".

ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستە ڕوو: "هێزەکانی سپای پاسداران، پاش ڕادەستکردنی تەرمی ئەو دوو هاووڵاتییە، بە بنەماڵەکەیانی ڕاگەیاندووە کە ئیزنی بەڕێوەبردنی هیچ جۆرە ڕێوڕەسمێکیان بۆ کوڕەکانیان نییە".

ڕۆژی چوارشەممە ٤ی ڕەشەمە، ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە، لە جادەی گوندی "شیناوێ" بو گوندی "زێدان" سەر بە پیرانشار، بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سپای پاسداران گیانیان لەدەست دا.

ئەو دوو برا، خێزاندار و خاوەن منداڵن.