سنە؛ زیندانییەکی مێرمنداڵ لێوەکانی خۆی دوورییەوە

10:59 - 31 جۆزەردان 2721

لە ڕۆژی شەممە ٢٩ی جۆزەردان، زیندانییەکی مێرمنداڵ بە ناوی "ئارمان فەرەهمەند"، تەمەن ١٧ ساڵ، کوڕی موختار و خەڵکی گوندی "سەردۆش" سەر بە مەریوان، بە دوورینی لێوەکانی لە کانوونی ئیسلاح و تەربییەتی سنە، دەستی داوەتە مانگرتن.

یەکیک لە نزیکانی ئەو زیندانییە بە کوردپای ڕاگەیاندووە: "ئەو مێرمنداڵە لە ناڕەزایەتی دەربڕین لەمەڕ ناڕوونیی چارەنووسی و هەروەها پێڕانەگەیشتن بە دۆسیەکەی لەلایەن لقی ٢ی لێپرسی مەریوان، دەستی داوەتە مانگرتن.

ئارمان فەرەهمەند، ڕۆژی دووشەممە ١٩ی خەرمانانی ٩٩، پاش شەڕ و تێکهەڵچوونێکی بەکۆمەڵ لە مەریوان و کوشتنی هاووڵاتییەک بە ناوی "پویا چارە‌تەلەب"، بە تۆمەتی "کوشتنی بەئەنقەست" وێڕای ٨ کەسی دیکە دەسبەسەر کرابوو.

٨ کەس لە تۆمەتبارانی ئەو دۆسیەیە لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا بێتاوان ناسێندران و ئازاد کراون، بەڵام ئەو مێرمنداڵە تەمەن ١٧ ساڵەیە هەروا لە گرتنگەدایە.