ستراتیژیی پەکەکە و چارەنووسی کوردستانی سووریا

13:58 - 16 رەزبەر 2714
Unknown Author
کوورش ساڵح

رۆڵەکانی رەنگی سور و شۆرش جارێکی دیکە رابردوویەکی تری خوێناوییان تۆمار کرد. بەدرێژایی مێژووی پڕ سەروەری میللەتی کورد چەندین حیماسەی قارەمانانە خولقاون کە بە بیری نەتەوەکانی تر نەهاتوون. لە هەموو ئەو بەربەرکانێیانەدا نەتەوەی کورد تەنیا ویستوویەتی مەجوودی‌یەتی خۆی بپارێزێ. لەو رۆژەوە کە کاوەی ئاسنگەر بەگژ زۆحاک دا چوو تا داستانی تراژیکی قەڵای دمدم و تا ئەورۆیش بەربەرەکانی قارەمانانەی رۆڵەکانی گەلە ماف‌زەوتکراوەکەمان لە کۆبانی، مێژوو و بەشەر شاهێدی نموونەی بەرزی خۆراگری میللەتی کوردن.

حیماسەتی قەڵای دمدم تەواو بوو، بەڵام خەباتی گەلی کورد قەت رانەوەستا و بە شکڵی جوراوجور درێژەی کێشا تا گیشتە ئەورۆ، سەدەی بیستوویەکەم. گرینگیی ئەم دەورەیە بۆ خەباتی گەلی کورد ئەوەیە کە سازماندراوە و بە رێبەرایەتی حیزبی سیاسی دەکرێ. کەوابوو بەرپرسیارەتیی حیماسەتەکان و بەربەرەکانی‌یە خویناوییەکان راستەوخۆ لە سەر ئەستۆی ئەو حیزبە سیاسیانەیە کە ئەو جوولانەوەیە رێبەرایەتی دەکەن. رۆڵەکانی گەلی کورد هەمووجارێک، هەروەها ئەمجارەش لە کۆبانی سەلماندوویانە کە ئامادەی هەرجۆرە فیداکارییەکن، ئەوە ئەو حیزبانەن کە دەبێ بەرانبەر بە گیان و خوینی ئەو رۆڵە خوێنگەرمانە هەست بە بەرپرسیارەتی بکەن، دەنا حیماسەتەکان تا دێت درێژەیان دەبێت.

ئەگەر سەبارەت بە حیماسەتەکان هەمیشە دیدێکی ئێحساسیمان هەبێت و بە دیدێکی رەخنەگرانەوە چاویان لێ‌نەکەین بە دڵنیاییەوە دووبارە و چەندبارە دەبنەوە. دیدێکی رەخنەگرانە، بەڵام دوور لە تەعەسۆب و دەمارگرژی، بەڵکوو تێکلڵو بە مەنتێق.

سەبارەت بە هەلومەرجی ئێستای کۆبانی و ئەو چارەنووسە نادیارەی کە بەتەمای کۆبانی‌یە، دەبێ لە خۆمان و لە حیزبە بەرپرسەکان یەک پرسیار بکەین. هۆی بەردەوام بوونی ئەو شەرە ماڵوێرانکەرە چییە؟ (تەکید لەسەر بەردوامبوون دەکەم نەک دەستپێکردن). بۆچی ئەمجارەش کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی رازیە بە قوربانی کردنی رۆڵەی کورد؟

ئەمن مەبەستم ژێر پرسیار بردنی کردەوەی کومەڵگەی نێودەوڵەتی نییە. لەبەرئەوەی ئێمەی کورد بە چاوێکی عاتێفی لە رەوابێتی نێودەوڵەتان دەروانین، بە راحەتی ئەتوانین بەرپرسیارەتییەکە بخەینە ئەستۆی ئەوان و خۆمان لە هەموو بەرپرسیارەتییەک بەری کەین.

لەبەر ئەوەی کە یەپەگە لە رێبەری و سیاسەتەکانی پەکەکە هەر لە سەرەتاوە پەیروەی کردووە، لای کۆمەڵگەی کوردی و ناوچەیی و تەنانەت نێودەوڵەتیش، یەپەگە بە بەشێک لە پەکەکە ناسراوە. هەروەها لە بەر ئەوەی کە یەپەگە تەنیا حیزبی کوردی‌یە کە لە کوردستانی سووریا ئێستا حوزووری نێزامیی هەیە و شەڕ دەکات، پەس دەبێ سیاسەتەکانی پەکەکە کاریگەریی راستەوخۆیان هەبووبێت لە چۆنیەتی بەرەوپێشچوونی رەوتی رووداوەکانی ئەو بەشەی کوردستان بە تایبەت کۆبانی.

دارشتنی سیاسەت و ستراتیژی بۆ هەموو میللەتانی دۆنیا گرنگە، بۆ میللەتی کورد هەزار جار گرنگترە لەبەر ئەوەی گەلی کورد وەزعییەتی لەگەڵ هەموو میللەتانی دونیا فەرق دەکات و چوار دەوری دوژمنانی درندە گرتوویەتی. لە سەر ئەساس و بنەمای ئەم وەزعییەتە تایبەتەیە کە دەبێ ئەحزابی کوردی ستراتیژی و تاکتیکی خۆیان دارێژن. هێزی نێزامی و ماڵی، پشتیوانیی خەڵک، وەزعی ژێۆپۆلیتیکی وڵات بەشێکی تر لەو فاکتەرانەن کە لە دیاریکردنی ستراتیژی و دیاریکردنی رێگە و کەرەستەی پێویست بۆ گەییشتن بەو ئامانجانە دەبێ لەبەر چاوبگیردرێن. هەروەها شتێکی تر کە زۆر گرنگە دەبێ ئامانجەکان و رێگەکان کە ئەو رێکخراوە یا حیزبانە هەڵیاندبژێرێن، بۆ خەڵکی عاددی روون و ئاشکرا بن. 

پەکەکە هەر لە سەرەتای دامەزراندنیەوە لە بەر ئەوەی خوێندنەوەیەکی دەقیقی لەو فاکتەرانە بەتایبەت فاکەتەری یەکەم نەبوو، بووبە هۆی دارشتنی سیاسەتێکی غەڵەت کە ئێستایش بە دەستی‌یەوە دەناڵێنێ و وەکوو دومینو ئەفێکت سیاسەتی غەڵەتی هەر بە دوای خۆیەوە هێناوە. کاتێک کە کورد هیچ پشتیوانی نێودەوڵەتیی نەبوو و بیر و ئەفکاری گشتی (عوموومی) لە راستای شۆڕشی گەلی کورد لە هیچ یەک لە بەشەکانی کوردستان‌دا نەبوو، پەکەکە بە داوا کردنی کوردستانی گەورە و بە ئەنجامدانی چەن کردەوەی نادرۆست (توندوتیژی) بەتایبەت لە ناو جەرگەی وڵاتانی ئورووپایی بووە هۆی ئەوەی کەلە لایەکەوە ئەو رێکخراوە لە لیستی تێرۆر دابنرێ و لە لایەکی تریشەوە بە زەرەری جووڵانەوەی گەلی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان بشکێتەوە. لە حاڵەتێکدا ئێستا کە کورد لە بەشێک لە بەشەکانی کوردستان خاوەنی تا رادەیەک کیانی سیاسییە و ئەفکاری گشتی زۆربەی وڵاتانی پێشکەوتووی دونیا لە راستای دڵسوزی کردن لەگەڵ شۆڕشی رەوای گەلی کوردە، ستراتیژیی پەکەکە لە ئازادی بۆ عەبدوڵڵا ئۆجەلان و ستاتۆ بۆ کوردستان خۆلاسە بوەتەوە.

سەبارەت بە ئەم کارەساتەی کۆبانی، پەکەکە لە بەر ئەوەی راشکاونە پلۆرالیسمی سیاسی لەکاتی شۆڕش رەت دەکاتەوە، بە شێوەیەک راستەوخۆ بەشێک لە مەسوولی‌یەتی بەردەوامبوونی ئەم شەڕەی کوردستانی سووریا بە تایبەت کۆبانی دەکەوێتە سەر شانی. لە بەر ئەوەی کە لەگەڵ هێزەکانی تری کوردی سووریا نەتەنیا هاوکاری نەکرد بەڵکوو ئەوانی تۆمەتبار کرد و وردە وردە هەمووی لە کوردستان وەدەرنا و مەرجی دانا کە ئەگەر گەرەکیانە پێشمەرگەیان هەبێ یان شۆڕش بکەن دەبێ لە ژێر ئاڵای یەپەگە دا بن. ئەوە لە لایەکەوەە بوو بەهۆی ئەوە کە لە دونیای دەرەوە(ئورووپا و ئامریکا) ئەم شەڕە وەکوو شەڕی نێوان پەکەکە و داعەش بناسرێ تا وەکوو شەری بەینی کورد و داعەش کە ئەمە بوو بە هۆی ئەوە کە ئەو پشتیوانییە نێودەوڵەتی‌یە بەتایبەت لە لایەن ئورووپا و ئامریکاوە کە لە باشووری کوردستان کرا لە کوردستانی سووریا تا رادەیەکی زۆر نەکرێ.

وەکوو تێبینی دەبێ ئەوە بڵێم کە ئەمە بە مانای کەمکردنەوەی بەرپرسیارەتی کوردی بەشەکەنی تری کوردستان بە نێسبەت کوردی سووریادا نییە.

لە لایەکی ترەوە پەکەکە دەبا ئەهەمی‌یەتی ژێۆپۆلێتیکی کوردستانی سووریای زۆر بە باشی دەرک کردبا و زانیبای تۆراندن و ترساندنی بەشێک لە کوردەکانی سووریا و بە ئاوارە بوونیان زۆر زۆر بە زەرەری کوردستانی سووریا تەواو دەبێ، لە بەر ئەوەی کە هەموو جەمعییەتی کوردی سووریا کەمتر لە یەک ملوێن‌ونیون، هەڵاتنی نیو ملوێن یا یەک ملوێن لە لایەکەوە بە تەواوی دێمۆگرافی کوردستانی سووریا دەگۆرێ و لە لایەکی ترەوە ئەبێتە زەعیف بوونی هێزی بەرگری.

تەزاد یا دوگانێگی‌یەکی تر کە لە ستراتێژیی پەکەکە دەبینرێ و زۆر زۆر جێی مەترسیە، داوای پەکەکەیە لە تورکیا کە یارمەتی کوردی سووریا بدات. پەکەکە لەلایەکەوە تورکیا بە سەرەکی ترین دوژمنی خۆی دادەنێ و لەلایەکی ترەوە لە پرۆسەیەکی بە ناو ئاشتی لەگەل تورکیادایە و هەر وەها لەلایەکی‌ترەوە بە شێوە‌یەکی کۆمێدی بەرەوپێشچوون لە پرۆسەی ئاشتی، بە هاوکاریکردنی تورکیا بە کوردەکانی سووریا گرێدەدات. دەبێ بڵێم ئەمە کۆمێدی نییە بەڵکوو تراژێدیایەکی زۆر گەورەیە لە بەر ئەوە ئەم کارەی پەکەکە سیگناڵێکە بۆ هەموو کوردێک و بەتایبەت لایەنگرانی پەکەکە و لایەنگرانی پرۆسەی ئاشتی، کە مەشروعی‌یەت بدات بە چوونە ژوورەوەی عەسکەری تورکیا بە کوردستانی سووریا. ئەمن لەگەڵ چوونە ژوورەوەی عەسکەری تورکیا زۆر مۆخالێفم لە بەر ئەوەی بەر رای من داعش ئەگەریش کۆبانی بگرێ قەت ناتوانێ بۆ ماوەیەکی زۆر بمێنێتەوە، لەبەر ئەوەی وەکوو دوژمنی ئێنسانییەت لە هەموو دونیا ناسروە و مەنفوورە، بەڵام تورکیا ئەندامی ناتۆیە، هاوپەیمانی ئامریکایە و بە لەبەر چاوگرتنی مەسەلەی رووسیا و کرێمێا ئەتوانێ سیناریۆیەکی مەترسیدارتر بخولقێنی.

یەکێکی‌تر لە هەڵە سیاسی‌کانی پەکەکە هاوپەیمان بوونی پەکەکە‌یە لەگەل بەشار ئەسەد و ئێران. وڵاتانی ئورووپایی و بەتایبەت ئەمریکا بە راشکاوانە چەندین جار دووپاتیان کردوتەوە کە ئەوان قەت هێرشێکی نێزامی ناکەن کە بە یارمەتیدانی رێژیمی ئەسەد تەواو بێت، هەروەها یارمەتی‌یەکی سیاسی ناکەن کە ببێتە هۆی قەوی بوونی بەشار ئەسەد. دیسان ئەوە بووەتە هۆی ئەوە کە هێرشە نێزامیەکانی وڵاتانی هاوپیمان بە سەرۆکایەتی ئامریکا بۆ سەر داعەش، کە بۆ یەپەگە زۆرگرنگن بە شێوەی پێویست ئەنجام نەدرێن.

کۆی ئەم سیاسەتە غەڵەتانەی پەکەکە بە نەزەری من بوونەتە هۆی بەردەوامبوونی ئەم شەڕەی کوردستانی سووریا.

ئەمجارە لە کۆبانی بەتایبەت کچانی ئازا، بەجەرگ و چاو گەشی کوردستان، عاشقانە وەکوو خاتوو زین مەرگ لە ئامێز دەگرن. دیسان هەزاران سڵاو لە هەموو شەهیدانی کوردستان بە تایبەت شەهیدانی نوێی کوردستان کە بە دەستی چڵکنی جەهل و نەزانی شەهید کران. هەموو شەهیدانی پەکەکە و یەپەگە.

ئەم باباتە روانگەی نووسەرەکەیەتی و ئاژانسی کوردپا لێی بەرپرسیار نییە.