ساڵی رابردوو ٧٧ هاووڵاتیی کورد لە ئێران بەرەوڕووی حوکمی ئێعدام بوونەتەوە

21:59 - 17 خاکەلێوه 2713
ئاژانسی کوردپا: لە سەرەتای ساڵی ١٣٩١ی هەتاوییەوە هەتا کۆتایی مانگی رەشەممەی ئەو ساڵە، ٥٦ هاووڵاتیی کورد بە تاوانی جۆراوجۆر و بەبڕیاری دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران ئێعدام کراون.

بەپێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی کوردپا، لە ساڵی ١٣٩١ی هەتاویدا ٧٧ هاووڵاتیی کورد بەرەوڕووی حوکمی ئێعدام بوونەتەوە کە لەکۆی ئەو رێژەیە ٥٦ هاووڵاتی بەبڕیاری دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە سێدارە دراون.

هەروەها بەپێی ئاماری ئاژانسی کوردپا، ٢١ هاووڵاتیی کورد لەلایەن دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە حوکمی ئیعدامیان بۆ بڕاوەتەوە کە ٩ کەسیان بەهۆی چالاکیی سیاسییەوە بە سێدارە مەحکووم کراون.

حەبیب ئەفشاری، عەلی ئەفشاری، مەنسوور ئاروەند، سامان نەسیم، بەختیار مێعماری، سمکۆ خورشیدی، هوشەنگ رەزایی، ئیبراهیم عیساپوور و سیروان نژواری بەهۆی چالاکیی سیاسی، لەلایەن دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە حوکمی ئێعدامیان بۆ بڕاوەتەوە.

هەروەها رێکەوتی ٧ی رێبەندانی ساڵی ١٣٩١ی هەتاوی ٦ زیندانی مەزهەبیی کوردی خەڵکی شاری سنە لە زیندانی قزلحەساری شاری کەرەج لە سێدارە دران.

هەر لەو پەیوەندییەدا رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران بڵاوی کردەوە کە لە ساڵی رابردوودا ٥٨٠ هاووڵاتیی ئێرانی کە ٩ کەسیان ژن بوون، ئیعدام کراون و زیاتر ٦٠%ی ئەو ئیعدامانە لە شوێنە گشتییەکان و لەبەرچاوی هاووڵاتیان ئەنجام دراون.

لە درێژەی راپۆرتی ئەو رێکخراوەدا هاتووە کە ٢٧ هاووڵاتیی \"ئەفغانی\" و هاووڵاتییەکی \"پاکستان\"یش بە تاوانی کڕین و فرۆشتنی ماددە هۆشبەرەکان لە سێدارە دراون.