\"سارا چیڵد\" دەروازەیەک بۆ دەستپێکێکی گەورە

12:37 - 24 رەزبەر 2714
Unknown Author
تروسکە سادقی

\'مافی ژن\' بابەتێکی قسەهەڵگر و جێی گفتگۆ و جێی تێڕامانی هەموو سەردەمەکان بووە و لەرێگەی هەموو بزووتنەوە ئازادیخوازە پەیوەندیدارەکان لەهەموو جیهان کاری بۆکراوە، ئەو هەنگاوانەش لەرێگەی ڕێکخرا و ناوەند و سەرجەم ئەو سەنتەرانەی کە چ بە شیوەی یاسایی چ بە شێوەی خۆرسک لە هەوڵی وشیار کردنەوەی کۆمەڵگاکان دان کار بۆ ئەم پرسە کراوە، بەڵام تا ئێستاش ئامار و ژمارە گەلێکی کارەساتباری پەیوەندیدار بەو تاوانانەی کە لە دژی ژنان، چ لە کۆمەڵگا پێشکەوتوو و مۆدێرنەکان وچ وڵاتە ناپێشکەوتوو و هەژارەکان هەن، کە مرۆڤ دەخاتە نێو نیگەرانییەکی تێکەڵ بە ترس لەوەی ئایا دوارۆژی ژن لەناو کۆمەڵگادا چۆن دەبێ؟!

بە درێژایی مێژوو یاسا و نەریتەکان هۆکاری پەرواێز خستنی ڕەگەزی مێینە بوون، کە هەمووشیان لە سەدەکانی ڕابردوودا بە شێوازی جیاواز جێێ ناڕەزایی ژنان بوون؛ هەربۆیەش ژنان بەردەوام لە دروشم و کردەوەکانیاندا خوازیاری یەکسانی لەگەڵ پیاو لە گشت لایەنەکان بوون.

لاپەرەکانی مێژوو پێمان دەلێن کە ژنان لەقۆناغە جیاجیاکان چ لەسەردەمی ئایینەکان و چ پێش سەرهەڵدانی میتافیزیکی ئایینی هەر کاڵا بوون، رەنگە زۆرمان گوێ لێبووبێت کە لەکەوناردا ژنان پێگەوجێگەیەکی دیکەیان هەبووە، بەڵام لەراستیدا جیاوازیی پێگەی ژن لەکەوناریشدا زۆر جیاوازییەکی ریشەیی لەگەڵ سەردەمی ئێستادا نەبووە، تەنانەت هەرچەندە زۆرێک لەشرۆڤەکاران پەرەستنی ئاناهیتا وەکوو سیمبۆلێک وا وێنادەکەن، کە گوایا ئاناهیتا سیمبۆلی کۆڵەکەبوونی ژنان لەو سەردەم دەگەیەنێت، بەڵام لەراستیدا ئاناهیتا تەنیا لەرووی جوانیناسیی جەستەییەوە کراوەتە ئیلاهەی جوانی،و بەڵگەکانی ئەو سەردەمیش دەریدەخەن کە بەشێکی زۆر لەوانەی ئاناهیتایان دەپەرست پیاوان بوون. ئەوەش وادەکات ئەو ئیلاهەیەش کەژنان شانازی پێوەدەکەن و، زۆرجاران وەکوو ریفرێنس دەیهێننەوە، تەنیا رەهەندی فیزیکی هەبێت و مانایەکی مەعریفی و مەعنەوی لێ دەست نەکەوێت.

لەلایەکی دیکەشەوە ئەگەرچی \"پاکی\" لەئاینی زەردەشتدا سیفەتێکی یەکسان بۆ ژن و پیاوان بووە، و ئەو ئایینە داوای پاکی \"هزر\" و\" وتە\" و \"کردار\" لەهەر دوو رەگەز دەکات، بەڵام لە ئایینی زەردەشتیشدا رووی قسەکان بەردەوام لەپیاوان بووە،و ئازایەتی و بوێری و تەنانەت جوانیش لەبەها گرنگەکانی پیاوانن. لەگەڵ ئەوەی زەردەشت یەکێک لەو ئایینانە بووە کە بە نیسبەتی ئایینەکانی دوای خۆی کەمترین دژایەتی لەگەڵ ژنان کردووە، بەڵام پاکیش نەبووە لەو نابەرابەریانەی بەسەر ژناندا سەپاندوویەتی، کەمتر دەرکەوتنی ژن لە ناوەندی دەسەڵات و کەمتر باس کردن لە خواستی ژن وەک ئەوەندەی کە تەنیا لە وێنەو نووسراوەدا پیاو زیاتر دێتە بەرچاو، جیاوازی چینەکانی کۆمەڵگا و ڕەوا کردنی چەند ژنی بۆ پیاوانی دەوڵەمەند، دژایەتی یاساکان لەگەڵ ژن لەکاتی جیابوونەوە لە هاوسەر، باوەڕ بە بیۆلۆژی تایبەتی ژن وەک شەیتان بوون و پیس بوونی ئەوان و جیاوازلە بیۆلۆژی پیاوان و بۆیە پاکبوونی پیاو...هتد.

ئەو دوو نموونەیەم بۆیە لە دەستپێکی پێشنیارەکەی وتارەکەمدا هێناوەتەوە، کە بڵێم لەئێستادا خوێندنەوەی مێژووییش ناتوانێ سەرخۆشییەکی کاتیمان بداتێ، کە ساڵانێکە زۆربەی نوخبەی مافی ژنان بەو نۆستالیژیایە زیندوون. هەر بۆیەش دەبێ دەرگایەک بدۆزینەوە، کە هەنگاوی کردەیی بۆ دۆخی ئێستای ژنانی رۆژهەڵات لێبێت، بەڵام لەهەموو حاڵەتێکدا و بۆ هەموو لێکۆڵینەوەیەک پێویستە ئاوڕێک لەمێژوو بدەینەوە، تەنانەت پێداچوونەوە بەو پیرۆزانەشدا بکەین، کە رەنگە هەتاکوو ئێستا نەمانتوانیبێت یان بوێری ئەوەمان نەبووبێت، لێی دەربازبین. بەڵام وێرای هەموو ئەوانەش بۆ ئەوەی پرسی ژنان یان ئەو زوڵم و نابەرابەرییەی بەرامبەر ژنان دەکرێت، لەبازنەی خورافەو چارەنووس و ئایینەکان بهێنینە دەرێ و، مەودایەکی دەستپێراگەشتووی پێبدەین، پێویستە خوێندنەوەیەکی کۆمەڵناسانەمان بۆ پرسەکە هەبێت، بەواتایەکی دیکە لەدیمەنی کۆمەڵناسییەوە لەو پرسە بڕوانین و لەو چوارچێوەیەوە شیکاریکۆمەڵناسی ژنانی رۆژهەڵاتیکوردستانبکەین.

“Sociology”کۆمەڵناسی بریتیە لە زانستێک کە تەرکیز دەخاتە سەر کۆمەڵگا و رێکخراوەکان و پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان و، هاوکات تاوتوێی پێکهاتە و پراکتیکی گرووپە مرۆیەکان وەک نمونەیەکی ڕێکخراوی هەڵسوکەوتی گشتی دەکات. ئەو کۆمەڵناسیەی کە زیاتر پیاوانەیەو خاوەندارێتی کردنی پیاوان لە جەستەی ئەو زانستە نەک بۆتە هۆی پەراوێز خستنی ژنان بەڵکوو روانگەیەکی پیاوانەی بەسەر بناخە جیاوازەکانی ئەو زانستە لە کۆمەڵگادا کێشاوە و ئەوەش بووە هۆی ئەوەیکە لە نێوان ساڵەکانی ١٩٦٠ بۆ ١٩٧٠ لە لایەن ژنانەوە نارەزایەکی زۆری لێ بکەوێتەوە. هەربۆیە هەستکردن بە بێتوانا بوونی کۆمەڵناسی لە وەڵامدانەوە بە کێشەی ژنان و لە ئەنجامدا کڵۆڵ بوون لە داڕشتنی تیۆریەکی پتەو، بووە هاندەری فیمینستەکان بۆ لێکۆڵینەوەیەکی وردتر لەوەیکە بۆ کۆمەڵناسی لەگەڵ ئەوەی بێلایەنانە دەنوێنێ بەڵام لایەنگری لە پیاوان دەکات؟! ئەو لایەنگیری کۆمەڵناسی لەپیاوانیش وەکوو ئەو دژایەتییە وایە کەمێژوو لەژنانی دەکات، بەڵام بەو جیاوازییەی کە مێژوو تێپەریوە،و کۆمەڵناسی رێکارێکی دەستپێراگەیشتووی سەردەمە،و دەکرێ ژنان رامی بکەن، وەکوو چۆن پیاوان کردوویانە،و بگرە پاساوی زانستیشی بۆ دەهێننەوە. بەڵام کێشەکە ئەوەیە کە لەناوەندە زانستییەکانیشدا بۆ پرسێکی وەکوو کۆمەڵناسی کە پەیوەندیی کۆمەڵایەتی نێوان دوو رەگەز تاووتوێ دەکات،و دەشکرێ رێکاری جیدیش بدات بەدەستەوە، لەئێران هەر پیاوان لەپێشەوە.

بە پێێ ئاماری دەستەی زانستی (هەیئەت علمی) زانکۆی کۆمەڵناسی تاران بۆ ساڵی ١٣٩٢، لە کۆی ٥٥ کەس تەنیا ١٠ پسپۆری ئەو بوارە ژن بوون، هەر ئەو دەستەیەش لە زانکۆی سنە هەر پیاوان بوون، لێرەدا راستیەکمان بۆ روون دەبێتەوە کە ژنان بە ڕێژەیەکی زۆر کەم لەو بوارەدا خەریکی فێربوونن کە ئەوەش خەسارێکی گەورەیە. چونکە ڕەوشی ژنانی ئێران بەگشتی و کوردستان بەتایبەت لەهەموو روویەکەوە بەستراوەتەوە بە دیاردەیەکی کۆمەڵایەتییەوە.

ڕەوشی ژنان بە گشتی لە ئێران و بە تایبەتی لە پارێزگا کوردنشینەکان (ڕۆژهەڵاتی کوردستان) لە دۆخێکی ئەوەندە خراپ دایە کە ئامارەکان جێی نیگەرانین. واتا ئەوە جگە لەوەیکە کۆمەڵناسی وەک بناخە داڕێژەری کۆمەڵگا لە بوارە جیاوازەکاندا لە ئێران بە رادەیەک تێکەڵ بە باسی ئایینی و شیعە گەرایی و چرکردنەوەی ئەو زانستە بەر فراوانە لە کۆمەڵناسی ئیرانیدایە کە ئەو زانستە لە سانسۆرێکی گەورەدا و بە لادان لە رێڕەوی سەرەکی خۆی لە زانکۆکاندا دەگوترێتەوە و لە ئەنجامدا کۆمەڵگایەکی نا تەندروست و بەستێنێکی پەروەردەیی داخراو بە تایبەت بۆ ژنان دروست بووە.

کار نەکردن لەسەر پرسەکانی کۆمەڵناسی و شینەکردنەوە و نەدۆزینەوەی ڕێگە چارەی زانستی بە تایبەت بۆ کۆمەڵناسی ژنان و دووربوونی ژنان لەو زانستە رەنگە هۆکاری سەرەکی نەبێت بەڵام بێبەش نیە لەو نەهامەتیانەی کە بەسەر ژنان دێت لەوانە بێکاری، نەخوێندەواری، لادران لەکار، تەندروستی، کێشەی خێزانیی و...هتد.

بە پێێ ئاماری ناوەندە جیهانیەکان، ئێران سێیەمین وڵاتە کە تێیدا خۆکۆژی ژنان بەردەوام ڕوو لە زیاد بوونە. هۆکاری سەرەکی ئەمەش خەمۆکییە، بەڵام جگە لەم کێشەیە لە زۆربەی پارێزگاکانی ئێراندا کێشەی بنەماڵەیی کە راستەوخۆ گرێدراوە بە کیشەی کۆمەڵایەتی بە زۆرترین هۆکاری خۆکوژی ژنان زانراوە. هەر بە پێی ئەو ئامارە لە نێو پارێزگاکانی ئێراندا پارێزگای کوردنشینی (ئیلام) زۆرترین رێژەی خۆکوژی و شاری سمنان کەمترین ڕێژەی تێیدا ئەنجامدراوە.

لە لایەکەی دیکەوە بە پێی ئاماری نووسینگەی سەرۆککۆماری ئێران (کهگیلویە و بویر احمد)، (کرماشان) و پارێزگای (سنە) زۆرترین رێژەی خۆ کوژی تێدا تۆمار کراوە، لە بەرامبەرلەگەڵ (تاران)؛ ڕێژەی خۆکوژی لە پایتەخت لە ژێر١٠% دایە کەچی لەو ٣ پاریزگایە ئەو رێژەیە لە ٣٦-٣٨% لە بەرزبوونەوە دایە، کە خەریکە ئاستی پاریزگاکانی دیکە دەبەزێنێ و تەنانەت بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیشی تووشی شۆک کردووە.

خۆ ئەگەر سەرنج بدەین لە هەردوو ئامارەکەدا ئیلام، کرماشان، پارێزگای سنە ٣ شاری گرنگی رۆژهەڵاتی کوردستان دەکەونە بەرچاو کە زۆرترین ڕێژەی خۆکوژی ژنانی تێدا تۆمار کراوە.

نا یەکسانی چێنایەتی، نائومێد بوونی بەردەوام بە ژیان و ڕەشبینی، و بە تایبەت بەرزبوونەوەی دژایەتی لە نیوان نەریت و بەها کۆمەڵایەتیە مۆدێرنەکان سەرەڕای ژێر دەستە بوون بە دەسەڵات و یاسایەکی دژە ژن بۆتە هۆی ئەوەیکە خۆکوشتن و توندوتیژی دژ بە ژنان بە شێوەیەکی بەرچاو لە رۆژهەڵات بەرز بێتەوە و گرنگتریش ئەوەیکە بە پێێ ئامارەکان ژنان زیاتر لە پیاوان خۆیان دەکوژن. هەمووی ئەوانەش بەر لەوەی خوێندنەوەیەکی سیاسیی و ئاینییان بۆ بکرێت، لەخۆیاندا هەڵگری کۆمەڵێک دیاردەی کۆمەڵایەتین، و هەر دەبێ لەو دەروازەشەوە لێی بڕوانین.

بە پێێ ئاماری ئاژانسی هەواڵدەری کوردپا لە هاوینی ١٣٩٣ لە رۆژهەڵاتی کوردستان جگە لە مەحکموم کردنی ١١ ژن بە هۆکاری جیاوازی سیاسی و کوژران و بریندار بوونی ٣ ژن بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی ڕێژیم و مین، کە ئەوانەش شێوەیەکی جیاواز لە توندوتیژی دژی ژنانن، ١٣ حاڵەتی خۆکوژی، ٦ حاڵەت کوشتن، ١ حاڵەت سووتاندن تۆمار کراون.

بەڵام لەگەڵ ئەوەش ئەگەرچی بەپێی ئەو داتایانەی کە دەست من کەوتوون رێژەی دەرچوانی زانکۆ و خوازیارانی خوێندن لە ناو ژناندا زۆرە و لە زۆر حالەتدا لەسەرووی رێژەی پیاوانەوەیە؛ ئەوە دەرەنجامێکمان دەداتە دەست کە رەنگە ئەگەر بەشێک لە ژنان لە بواری کۆمەڵناسیدا خۆیان بدۆزنەوە و بە کەڵک وەرگرتن لە سەرچاوە بنەڕەتییەکانی ئەو زانستە واتە سەرچاوە سەرەکیەکە، خۆیان تێکەڵ بە ژیانی کۆمەڵگا بکەن و دەتوانن خۆیان رزگارکەری خۆیان لەو دۆخە نالەبارەی ئێستایان بن.

ژنانی خوێندەوار، فێرگە و ناوەندە فێرکاری و ئەدەبییەکان کە بەگشتی لە رۆژهەڵات ڕۆلێکی بەرچاویان بووە لە ماوەی ساڵانی رابردوودا، رێکخراەوەکانی تایبەت بە پرسی ژنان و بنەماڵە، بە گشتی لە هەوڵی ئەوەدابن کە بۆ بەرەنگاری لەگەڵ تونوتیژی دژی ژنان بە شێوەیەکی زۆر جدی روبەرووی ئەو مەسەلەیە بنەوە و کاری لەسەر بکەن و بەتایبەت شارەگی ئەو زانستە کە بێگومان کەم کاریگەر نابێت، بەدەستەوە گرن و لەگەڵ ئەوەشدا بە رێگای جیاوازی دیکە هەوڵ بە پێشگرتن یان کەم کردنەوەی توندوتیژی دژی ژنان لە ڕووی زانستی و پەروەردەیی و شیکاری تایبەت بدەن.

ئەو تیۆری و شیکاریانەی کە لەلایان پیاوانەوە بەتایبەت بۆ کۆمەڵگای ئێستای رۆژهەڵاتی کوردستان و بەگشتی بۆ \'کۆمەڵگا\' دەکرێت لەڕووی زانستی کۆمەڵناسیەوە هەرچەندە کە کاری بۆ کرابێت، بەڵام دیسانیش لە ئەنجامدا ئەوانە کەموکورتیان هەیە چونکە بێگومان نەیانتوانیەوە روانگەی ژن و ژنانە بوون لەناو کۆمەڵگا بە شێوەیەکی زانستی بخەنە ڕوو و لە کۆتاییدا دۆزینەوەی رێگە چارەکان بۆیان یان زۆر بە کەمی دەبیت یان رەنگە هەر چارەسەرێکی باشیش نەبێت.

بۆیە وەک پێشنیارێک بە ژنان لە رۆژهەڵاتی کوردستان، رێکخراوەکانی چالاک لە بواری خێزانی و بەتایبەت بە ژنان چ لە ناوخۆ و چ لە دەرەوە بگەرێینەوە سەر بیرۆکەکەی \"کێتی ساراچیڵد\"¹ و کار کردن لەسەر \"بەرزکردنەوەی هۆشیاری\" یاخود “consciousness-raising”بە مەبەستی نزیک بوونەوە لە یەکتر و پتەو کردنی هەستی یەکریزی و دۆستایەتی لە زیاتر لە نێوان یەک و دواتر بە شێوەیەکی کردەیی شیکردنەوەی هۆی بێ دەسەڵاتی ژنان، ترس، دیاردە کۆمەڵایەتیەکانی دژی ژنان و لە ئەنجامدا دۆزینەوەی ریگە چارە و پراکتیزە کردنی.

لەبەر ئەوەی بیرۆکەی \"کیتی سارا چیڵد\" کارکردن لەسەر کێشەی کۆمەڵایەتی-سیاسی یەکانی ژنان بوو، پێموایە ئەوە پەنجەرەیەکی نوێیە بۆ لێک نزیک کردنەوەی ژنانی رۆژهەڵات لەیەکتر. ژنانی رۆژهەڵاتی کوردستان بە رەچاوکردنی ئەو بیرۆکەیە دەتوانن ئەلقەیەکی گرنگ تەنانەت لە گۆڕینی یاسا و نەریتە داسەپاوەکانی دژی ژن لە رۆژهەڵات بن. هەربۆیەشە لەو روانگەیەوە پێموایە ئەرکی ژنانی هێزەکانی رۆژهەڵات بەوەی چارەنووسی سیاسی و کۆمەڵایەتیەکی هاوبەشیان هەیە، بە وەلانانی فکری سیاسی-شەخسی خۆیان، بەتایبەت هاوکار و هاوپشتیوانیان بن لە ئاڵوگۆڕ کردنی بیرورا و دۆزینەوەی رێگە چارە و پێشنیاری گونجاو بۆ کێشەکان و گەیاندنی دەنگی ژنانی رۆژهەڵات بە کۆڕ و کۆمەڵ و رێکخراوە خێزانی و بنەماڵەییەکانی جیهان و دواتر دروست کردنی بەستێنێک بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی چەوساندنەوەکانی دەسەڵاتی ناوەند بەوەیکە لەپاڵ کێشەی رەگەزی، هۆکاری دووهەمی چەوساندنەوەی ژنی رۆژهەڵات کێشەی سیاسیە. ئەو گرێیەی کە بە گرینگیدان بە کۆمەڵناسی و خۆدۆزینەوە لەو زانستە سەرەتایەک دەبێ بۆ چارەسەری کێشەی ژنان لە تاکێکی کۆمەڵایەتیەوە بۆ تاکێکی سیاسی. ئەو بیرۆکەیە لە کۆتایی شەستەکان و سەرەتای حەفتاکانی زایینی توانی کەشێکی ئارام بۆ ژنان پێکبهێنێت، بۆ ئەوەی لە دانیشتنە ئاساییەکانی خۆیاندا باس لەکێشە کۆمەڵایەتییەکانی خۆیان بکەن و دواتر بە گرێدانی ئەو کێشانە بگەنە ئەو دەرەنجامەی کە چارەسەری ئەو کێشانە چارەسەری بەشێکی گرنگ لە سیاسەتی پیاوانە دارێژراوی دەسەڵات و کۆمەڵگایەک لە دژی خۆیانە و ئەوەش دەکرێ یەکەم هەنگاوی ژنانی رۆژهەڵات بۆ دیتنی پرسەکەیان وەکوو خۆی بێت.

¹کێتی ساراچیڵد: لە دەیەی ٦٠ی میلادی، کۆمەڵێک گروپی بچووک و خۆرسکی ژنان بە ئامانجی نزیک بوونەوە لە یەکتر و یەکگرتوویی زیاتر لە نیوان ژنان، بە کۆبوونەوە لەدەوری یەکتر و لێکۆڵینەوە لە هۆکاری بێدەسەلاتی ژنان و شیکردنەوەیان، هەوڵ بۆ دۆزینەوەی رێگە چارەیەکی گونجاو درا. ئەم گروپە بچوکانە بە باس کردنی کێشەی کۆمەڵایەتی-سیاسی، ئەزموونی شەخسی، وترس و دڵەراوکێ شاراوەکانیان لە بەستێنێکی دۆستانەدا باس دەکرد، و لە کۆتاییدا دەگەیشتنە ئەو ئەنجامەی کە هەموویان کێشەیەکی هاوبەشیان هەیە. ئەو زانیاریە گشتییانە و دۆزینەوەی ڕیشەی کێشەکان و هۆکارە کۆمەڵایەتیەکانیان بووە هۆی دوورکەوتنەوەی ئەندامانی گرووپ لە ترس و دڵەڕاوکێ و تووڕەیی و هاوفکری هەموان بۆ دۆزینەوەی رێگە چارەی گشتی. کێتی سارا چایڵد چالاکوانی بواری ژنان یەکەم کەس بوو کە ناوی ئەم بیرۆکەیەی گۆڕی بۆ consciousness-raisingو لە کۆتایی دەیەی ٦٠ و سەرەتای دەیەی ٧٠ یەکێک لە کاریگەرترین شێوازەکانی خەبات لە بواری ژنان بوو.

ئەو بابەتە روانگەی نووسەرەکەیەتی و ئاژانسی کوردپا لێی بەرپرسیار نییە