زەینەب جەلالیان ماوەی زیندانییەکەی خۆی لە دابڕگەی بەندی ژنان لە زیندانی کرمان تێدەپەرێنێ

11:36 - 10 گەلاوێژ 2720

زەینەب جەلالیان، زیندانیی سیاسیی کورد خەڵکی شاری ماکۆ، ڕێکەوتی ٥ی پووشپەڕ، لە زیندانی قەرچەکی وەرامین بۆ زیندانی کرمان دوورخرایەوە و هەنووکە لە دابڕگەی بەندی ژنانی ئەو زیندانە، ڕاگیراوە.

هەواڵدەریی "هێرانا لەو بارەیەوە بڵاوی کردەوە: "بارودۆخی زەینەب جەلالیان بە شێوەیەکە کە سەرەڕای تێپەڕینی مانگێگ لە ڕاگواستنی ناوبراو بۆ زیندانی کرمان، لە ژوورێکی چووکەدا، لە دابڕگەی ئەو زیندانە بە تەنیا ڕاگیراوە و لە پەیوەندیی گرتن لەگەڵ زیندانییانی دیکە بێبەری کراوە".

بە پێی ڕاپۆرتی هێرانا، جەلالیان کە لە ڕۆژی شەممە ٣١ی جۆزەردانی ئەمساڵ لەگەڵ گەڵاڵەی ڕاگواستنەوەی بۆ زیندانی خۆی یان زیندانی ئیڤین مانی لە خواردن گرتبوو، ماوەیەک پێش کۆتایی بە مانگرتنەکەی خۆی هێنا.

زەینەب جەلالیان ڕێکەوتی ٨ی بانەمەڕی ئەمساڵ بە هۆکاری نادیار لە زیندانی خۆی و ڕەوانەی زیندانی کرماشان و دواتر لە ڕێکەوتی ١٣ی بانەمەڕی ئەمساڵ، بۆ بەندی دابڕگەی زیندانی قرەچەکی وەرامین ڕاگوێزرابوو.

ماوەیەک پێش، ڕێکخراوی لێخۆشبوونی نێونەتەوەیی داوای لە بەرپرسانی حکوومەتی ئێران کردبوو کە کۆتایی بە زیندانیی نادادپەروەرانەی زەینەب جەلالیان بهێنن.

ئەو زیندانییە سیاسییە ڕێکەوتی ٢٠ی ڕەشەمەی ساڵی ١٣٨٦ی هەتاوی، لە کرماشان لەلایەن هێزەکانی ئێرانەوە دەسبەسەر کرا. پاشان لە سەرماوەزی ساڵی ١٣٨٨ی هەتاوی، بە تۆمەتی موحاربە و ئەندامەتی و هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکان، بە ئێعدام مەحکووم کرا و دواتر بۆ زیندانی هەتاهەتایی گۆڕدرا.

حوکمی لەسێدارەدانی ئەو زیندانییە سیاسییە، لە مانگی بانەمەڕی ساڵی ٨٨ لەلایەن دادگای پێداچوونەوە پشتڕاست کرایەوە، بەڵام دواتر لە مانگی سەرماوەزی ساڵی ٩٠ لەسەر بڕیاری لێبووردنی ڕێبەری نیزام، بۆ زیندان  گۆڕدرا و کەم کرابووە.

"زەینەب" ساڵی ١٣٦١ی هەتاوی، لە شاری ماکۆ سەر بە پارێزگای ورمێ لەدایک بووە.