زەخت و گوشاری ئیدارەی پەروەردە و بارهێنان بۆ سەر قوتابییانی کوردستان بەردەوامە

19:52 - 16 سەرماوەز 2712
ئاژانسی کوردپا: ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی شاری سایین‌قەڵا بە بەرپرسانی قوتابخانەکانی ئەو شارەی راگەیاندووە کە دەبێ بڕە پارەیەکی دیاریکراو بدەن بە حکوومەت.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا: ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی شاری سایین‌قەڵا لە پارێزگای ئازەربایجانی رۆژئاوا بە بەرپرسانی سەرجەم قوتابخانەکانیان راگەیاندووە کە بڕی ١٠٠ هەزار تمەن پارە لە قوتابیەکان وەربگرن.

سەرچاوەیەک بە ئاژانسی کوردپای راگەیاند: هەتا ئێستا قوتابییان لە دانی ئەو بڕە پارەیە خۆیان بواردووە و ئامادە نین ئەو پارەیە بە حکوومەت بدەن.

ئەو سەرچاوەیە گوتیشی کە بەم هۆیەوە ژومارەیەکی بەرچاو لە قوتابیان ناچنەوە بۆ قوتابخانە و دەستیان لە خوێندن هەڵگرتووە.

لەلایەکی دیکەشەوە بەرپرسانی قوتابخانەی \"شبانە روزی\"ی دوا ناوەندیی گوندی \"قشڵاخی پرد\" لەژێر گوشاری ئیدارەی پەروەردە و بارهێنان زەختیان لە قوتابیان کردووە کە بڕی ٧٠٠ هەزار تمەن بابەتی بابەتی خواردن بەو خوێندنگەیە بدەن.

لەلایەکی دیکەشەوە ماوەیەک لەمەوپێش بەرپرسانی چەند خوێندنگەیەکی ساری بۆکان داویان لە قوتابییەکان کردبوو کە بۆ دابین کردنی پێداویستییەکانی قوتابخانە دەبێ هەر قوتابییەک بڕی ١٥ هەتا ٢٠ هەزار تمەن پارە بدەن و هەڕەشەیان کردبوو کە هەر قوتابییەک ئەو پارەیە نەدات ناهیڵن درێژە بە خوێندن بدات.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو مەسەلەیە بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاندووە کە پاش ئەو رووداوە چەند قوتابییەک لە قوتابخانەی گەڕەکەکانی\"عەلی ئاباد، مەجبوورئاوا و میرئاوا\" کە لەدانی ئەو پارەیە خۆیان بواردووە، لەلایەن بەرپرسانی قوتابخانەکانەوە پێش بە چووناین بۆ قوتابخانە گیراوە.

ساڵی رابردوو ناوەندی توێژینەوەی مەجلیسی ئێران رایگەیاند: کەلە وڵاتی ئێراندا ٣ میلیۆن و ٥٠٠ هەزار منداڵی بێبەش لە خوێندن بوونی هەیە و لە کاتێکدا ئیدارەی پەروەردە و بارهێنان رایگەیاندبوو کە تەنیا ٣%ی منداڵان نەیانتوانیوە بچنە قوتابخانەکان و لە خوێندن بێبەش بوون.

هەڵاوسانی ئابووری، هەژاری و بێکاری هۆکاری چوونەسەری لەرادەبەدەری رێژەی منداڵانی نەخوێندەوار و سەرشەقام لە ئێرانن و ئەو رێژەیە رۆژ لە دوای رۆژ روو لە زیادبوون دەکات.