زێدەبوونی‌ توندوتیژی لەهەمبەر هەڤسەر و بنەماڵە، بەرهەمێكی دیكەی‌ كۆماری ئیسلامیە بۆكۆمەڵگە

20:30 - 19 خەزەڵوەر 2713
Unknown Author
شۆڕش گوڵكار

توندوتیژی لە هەمبەر هەڤسەر و بنەماڵە، دیاردەیەكی پڕ مەترسیە كە لە رێگەی توندوتیژی جەستەی و شكاندنی كەلوپەلی ماڵ و توندوتیژی دەروونی و زاری و سووك كردن و بێ رێزی كردن بە كەسایەتی و سیما و جەستەی ژن و پێشگرتن لە ئیش یان خوێندن یان هاندانی بۆ كاری نەشیاو ناپەسەند كە بە هۆی تووشبوونی مێرد بە مادەی هۆشبەر یان بێكاریەوە پەیڕەو دەكرێ كە مەخابن وڵاتی ئێران لەو بوارەوە لە پێشەوەی زۆربەی وڵاتاندایە كە ئەوەش ئاكامی سیاسەتە پاشكەوتوو هەڵەكانی مەلاكانی دەسەڵاتداری ئێرانە بە هۆی پێداگری لەسەر بەڕێكردنی شۆڕش بۆ دەرەوەی وڵات و بەستێن سازی بۆ هاتنی ئیمامی زەمان! كۆمەڵگەیان تووشی ئەم قەیرانە مەزنانە كردووە بە جۆرێك كە شیرازەی كۆمەڵگە خەرێكە لەبەر یەك هەڵوەشێتەوە، چوونكە بنەماڵە تووشی قەیران و تووندوتیژی بووتەوە، بنەماڵەش یەكێ لە بنەما سەرەكی و گرینگەكانی كۆمەڵگەی مرۆییە كە بە بناغەیترین و یەكەم بنەمای كۆمەڵگە دێتە ئەژمار.

كاریگەری بنەماڵە لەسەر گەشە و پێشكەوتنی تاك و كۆمەڵگە تا رادەیەكە كە هیچ خاوەن بۆچوونێک ناتوانێت حاشای لێ بكات، چوونكە بنەماڵە گونجاوترین پێكهاتەیە بۆ دابینكردنی پێداویستیە مادی و دەروونی و مەعنەوی مرۆڤ و باشترین بەستێن بۆ دابین كردنی ئاسایش و هێمنی دەروونی ئەندامان و پەروەردەی نەوەی نوێ و كۆمەڵایەتی كردنی زارۆكان و دەستەبەركردنی پێویستیە سۆزداریەكانی تاكەكان دابین دەكات. بەڵام مەخابن هەر بەو جۆرەی كە ئاماژەی پێكرا هەنووكە پێكهاتەی بنەماڵە تووشی كێشە و قەیرانی بنەڕەتی بووەتەوە. بەپێی دوایین ئامارەكان دیاردەی توندوتیژی لە هەمبەر ژن و بنەماڵە لە ئێران زێدەتر بووە و رۆژ لە دوای رۆژیش لە پەرەسەندن دایە، بۆ نموونە هەر لە باژێری تارانێ بەپێی ئەو تۆژینەوەیە كە كراوە ٩/٨٧ ژنانی هەڤسەردار بەرەوڕووی توندوتیژی هەڤسەرەكەیان بوونەتەوە.

یان بە پێ راگەیندراوەكانی\" سازمانی بهزیستی\" پارێزگای سنە لەم ساڵدا رێژەی توندوتیژی هەڤسەر و بنەماڵە بە شێوەیەكی بەرچاو پەرەیسەندووە. هەرچەند زۆرێك لە ژنەكان و بنەماڵەكان بە هۆی شەرم و حەیا و هەوڵدان بۆ پێشگرتن بە لێك بڵاوی بنەماڵە ئەم توندوتیژی و نەهامەتیانە تەحەمول دەكەن، بەڵام ئەم رەوتە كە ئاوا خەرێكە دەچێتە پێشێ لە درێژخایەندا كۆمەڵگە بەرەو هەڵدێر و لەبەر یەك هەڵوەشانەوە دەبا.

ئەم باباتە روانگە و بۆچوونە نووسەرەکەیەتی و ئاژانسی کوردپا لمەڕ ناوەرۆکەکەی بەرپرسیار نییە.