زیندانی ورمێ؛ عەزیمە ناسری بە دانانی بارمتە ئازاد کرا

11:44 - 10 خەرمانان 2721

ڕۆژی سێشەممە ٩ی خەرمانان، عەزیمە ناسری، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی بۆکان، بە دانانی بارمتە لە زیندانی ناوەندیی ورمێ ئازاد کرا.

ئەو هاووڵاتییە بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی هەتا کاتی دادگاییەکەی ئازاد کراوە.

عەزیمە ناسری، ڕۆژی پێنجشەممە ٤ی خەرمانان، لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سپا، بۆ بەندی دابڕگەی زیندانی ناوەندیی ورمێ ڕاگوێزرا.

تۆمەتی وەپاڵدراو دژی ناوبراو، "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران"، ڕاگەیەندراوە.

عەزیمە ناسری، لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا، لە "دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر" و "چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە" بێبەری کراوە و لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سپادا بۆ وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ، لەژێر ئازار و ئەشکەنجەدا بووە.

ڕۆژی سێشەممە ٥ی گەلاوێژ، هێزە ئەمنییەتییەکان بەبێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی عەزیمە ناسری و ناوبراویان دەسبەسەر کردووە.

 ئەو هاووڵاتییە پاش دەسبەسەرکرانی، بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکان لە ورمێ کرابوو.

ڕۆژی یەکشەممە ١٧ی ڕەشەمەی ٩٩، ناوبراو بە دانانی بارمتە لە زیندانی ناوەندیی ورمێ ئازاد کرا.

عەزیمە ناسری، ڕۆژی شەممە ٢٠ی بەفرانباری ٩٩، بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سپا لە ورمێ کرابوو.

ئەو هاووڵاتییە ڕۆژی چوارشەممە ١٥ی ڕێبەندانی ٩٩، پاش کۆتایی لێپرسینەوەکەی بۆ بەندی زیندانی ژنان ڕاگوێزرابوو.