زمان پێناسەی گەڵانه

20:19 - 21 بانەمەڕ 2714
Unknown Author
فه‌ردین که‌مانگه‌ر

کاتێک منداڵێک چاوی هەڵدێنێ و جیهان به چاوە گەشەکانی دەبینێ، سەرەتا گۆیەکانی پیتە جوانەکان کە لە زاری دایکی دێتە دەرەوە، دەیبیست ئەو وشە شیرینانە کە لە نێوان لایەلایەی دایکی دەیبیست، فێری دلۆڤانی و ئەوینداری دەبێت و لە پێناو زمانی دایکی چرای داهاتووی روون دەکاتەوە، لە سەردەمێکدا کە سەردەمی عیلم زانستە و هێشتا چەوسێنەران و ئیمپریالیزم لە جل و بەرگێکی تازەوە بە ناو جیهانی بوون هاتوونەتە مەیدانەوە تاکوو نەتەوەکان لە ژێر چەمکی ئەوان بمێننەوە، زمانەکانی‌تر لە روو ڵاواز ببن و ئەم بابەتە ببێتە هۆی مەرگی زمانەکان.

زمان دەتوانین بە گرینگترین نیشانەی هەر فەرهەنگێگ و پێناسەی گەلان بناسن. هەڵبەت، هەرچەند کەسانێک دروست کردنی ئامراز لەلایەن مرۆڤەوە بە سەرەتای مرۆڤ دەناسن بەڵام بۆ وێنە ئەگەر ئێمە لە هەسارەکانی دیکەدا گیانلەبەرانێکی وەکوو مرۆڤ بدۆزینەوە کە خاوەن ئامێر و ئامراز ببن، بەڵام نەتوانن ئاخافتنیان هەبێ و لەگەڵ یەک بدوێن بە واتە زمانیان نەبێ ئایا دەتوانین ئەوانە بە خاوەن فەرهەنگ بناسین؟ زمان کەرەستەیەکە بۆ دەربڕینی بیروباوەڕی مێشکی هەر مروڤێک.

چونکوو بوونەوەرێکیش وەکوو مێروولە توانیویەتی بەدەیان جۆرو شێوە خانوو و کۆشک لە ژێری زەوین‌دا ساز بکات، بەڵام ئایا دەتوانین بە خاوەن فەرهەنگ باسیان لێ بکەین، بەم پێیە فەرهەنگ بە واتە؛ هەموو ئەو عادات و داب و نەریتانە و ئەو مەهارەتانەی کە مرۆڤ وەکوو تاکە کەسێک لە کۆمەڵی دەور و پشتی خۆی فێری دەبێت.

لە راستیدا هەرکات باسی زمانی نەتەوەیەک دێتە ئاراوە بێ خوروو لە فەرهەنگ و کولتووری میللەتێک دەدوین چونکوو فەرهەنگی هەر نەتەوەیەک، زمان و زاراوەکان و جل و بەرگ، داب و نەریتەکانی ئەو میللەتە دەگرێتە بەر کە لە راستیدا زمان گرینگترین تایبەتمەندی هەر فەرهەنگێگە و بە لەناوچوونی زمان، فەرهەنگیش دەمرێت کە ئیسمایل بێشکچی لەم بارەوە دەڵێ: ئەگەر دەتەوێت نەتەوەیەک لە ناو ببەیت نیازت بە تانک و تۆپ نیە ئەتوانی بە لەناوبردنی زمانی نەتەوەیەک، ئەو نەتەوەیە لەناو بەری.

زمان کەرەستەیەکە بۆ دەربڕینی بیر و باوەڕی مرۆڤێک بۆ مرۆڤێکی دیکە، زمان ئامێری راگەیاندنی بیر و باوەڕەکانی هەر مرۆڤێکە، کە هەرچەندە زمان رێک و پێک‌تر بێ، راگەیاندنەکە بە جوانی و راستی جێبەجێ دەبێ، بەڵام لە لای تاقمێک کە شارەزایێک زانستیان لە سەر زمان نیە دەڵێن زمان ئامێرێکە تەنیا بۆ پەیوەندی گرتنی مرۆڤەکان و ئیدی هیچ...!

پێویستە بگوترێت، کە ئەم بابەتە لەبەر ئەوەیکە تاکوو ئێستا لە وڵاتانی ئێمە بە جوانی بایەخی پێ نەدراوە، زمان وشەیەکی شاراوە و نەهێنی‌یە، کە دەبێ لە ڵایەن کاربەدەستان و زمانەوانان و وێژەوانان لە سەری لێکۆڵینەوە و بایەخی زێدتری پێ بدرێت تاکوو کاریگەری زمان لە هەموو بوارەکانی زانستی و دەروون ناسیدا بۆ هەمووان روون ببێتەوە و ئیدی زمان تەنیا بە چاوی ئامێرێک بۆ پەیوەندی گرتن نەناسن.

زمانی دایکی لە سەدەی بیست و یەکدا لە پلە و پایەیەکی تایبەت لە جیهاندا چاوی لێ دەکەن چونکوو زمانی هەر میللەتێک پێناسەی ئەو نەتەوەیە کە پیشاندەری دەوڵەمەندی و پەرەسەندنی کولتووری و فەرهەنگی، ئابووری و رامیاری ئەو گەڵانەیە کە ئاخافتنیان پێ دەکەن. هەڵبەت جێگای ئاماژەیە کە ئەو بیروباوەڕەکە گرینگایەتی زمان لە هەموو بوارەکانی زانستی و فەلسەفی رامیارییەوە گەیشتووەتە تەشقی خۆی و زۆر لە زانیاران و وێژەوانان لە باری زانستیەوە لە جیهان لە سەری تۆژینەوە و لێکۆڵینەوە دەکەن. تا ئەو رادەیە بایەخی پێ دراوە کە ساڵانە میلیۆنها دوڵار موچەی بۆ دابین دەکەن و ساڵی پار لە ڵایەن رێکخراوە نەتەوە یەکگرتووەکانی یونێسکۆ بە ناوی ساڵی زمانی زگماکی ناو نرا و رۆژی دووی رەشەمە (٢١ فوریە) بە ناوی رۆژی جیهانی زمان دایکی هەڵبژێردراوە، بۆ پتر بایەخ‌دان و پاراستنی زمانی دایکی بە واتە پێناسەی گەڵان.

بەپێی هەڵژمێری یونسکۆ لە دونیا هەنووکەی ٦٠٠٠ هەتا ٦٥٠٠ زمان هەیە کە هەرکام بەهۆی جیهانی بوون و کەم‌تەرخەمیی دەسەڵات و نەبوونی ناوەندەکانی زمان ناسی و ... زۆربەی زمانەکان ڵاواز بوونە کە لە هەر ١٢ رۆژ زمانێک لە ناو دەچێ و لە چەند دەهەی داهاتوو مەترسی‌یەکی گەورە هەموو نەتەوەکان دەگرێتە بەر، چونکوو بە مەرگی زمانێک نەتەوەیەکیش دەمرێت.

هەڵبەت لە هەموو وڵاتانی یەکیەتیی ئورووپایی زمانی دایکی بە جوانی بایەخی پێ دراوە وەکوو ماڤی هاووڵاتی‌بوونی خەڵک لەبەر چاوگیردراوە و بایەخی پێ دەدەن و لە قوتابخانەکان و زانکۆوەکانیان بەچەند زمانی رەسمی پەروەردە هەیە وەکوو وڵاتی سویس بە چوار زمان، بلژیک بەسێ زمان و سەنگاپوور بە چوار زمانی رەسمی و ئەو وڵاتانە زۆر سەرکەوتنیان لە هەموو بوارەکانیانا هەیە. چونکوو بە پێ هەڵژمێری ناوەندی لێکۆڵینەوەی رامان: فێربوونی زمانەکانی دیکە لە کن زمانی دایکی ماددەی خۆلەمێشی مێشک کە ئەرکی جێ‌بەجێ کردنی زانیارییەکانە پەرە دەسێنێت کە دەبێتە هۆی گەشەسەندنی عیلم و زانست لە قوتابخانە و زانکۆوەکاندا. بەڵام بەداخەوە لە وڵاتی ئێران کە زێدی فەرهەنگ و زانین و کوورەشە، هەرچەند لە دەستووری یاسای وڵاتی ئیران لە ئەسڵی ١٥دا بە تەواوی ماڤی خوێندن و نووسین به زمانی دایکی لە قوتابخانەکان وەکوو ماڤی شاروومەندی هەر هاووڵاتیێک لەبەر چاو گیراوە. بەڵام تاکوو ئێستا بۆ جێ‌بەجێ کردنی ئەم ماڤە هیچ تیکۆشانێک نەکراوە زمانی کوردی یەکێک لەو زمانانەیە کە لە ئێران‌دا هەیە و بە هۆی زۆر تایبەتمەندی کە هەیە لە بەرانبەر زەخت و گوشاری زەمانەکانی فارسی و عەرەبی و تورکی، جیهان بوون مەرگی زمانەکان بەربەرەکانێ کردووە و خۆی لە مەرگ و نەمان رزگار کردووە و ئەم مانەوە بە بێ تێکۆشان و چاوەدێری وێژەوانان و زمانەوانان و چالاکانی مەدەنی و یارمەتی کار بەدەستان هیچ مانایەکی نەدەبوو کە ئێستا زمانی کوردی وەکوو چیا بەرزەکانی خۆی دەنوێنی و لە بەرانبەر گوشارەکاندا بێ وچان راوەستاوە.

جێگای ئاماژەیە کە بە راستی زۆر لە مامۆستایان و نووسەران بە دانانی وانەکانی فێرکاری زمانی کوردی که مافی شارومەندی هەر هاووڵایەتیکە بە شێوەیەکی سەربەخۆ ئەرکی خۆیان لە بەرانبەر زمانی زگماکی بە واتە زمانی کوردی و زێدەکەیان بەڕێوە بردووە بە بێ ئەوە کە ناویان لە هیچ شوێنێک ببێ تەنیا ناویان لەسەر دڵی قوتابیەکانیان و هاووڵاتیانیان جێگر ئەبێ و دەتوانین ئاماژە بە وانەکانی فێرکاری کە لە چەند ساڵی رابردوو لە کوردستان بەڕێوە دەچێ و چالاکی چالاکانی مەدەنی کە تێکۆشەرانی رێگەی پەرەسەندنی زمانی دایکین بکەین.

گرینگی هەبوونی زمانێکی یەکگرتووی کوردی پێشکەش کرا کە چرایەک بوو بۆ دیکەی تێکۆشانەکان لە سەر زمانی کوردی کە چاوەڕوان بین. وە جێگای ئاماژەیە کە مانەوەی هەر زمانێک بەهۆی هەبوونی دەسەڵات هەبوونی ئابووریێکی بە توانا کە بێتە پاڵپشتی بۆ دانانی گۆڤار و رۆژنامە و فێرگە و زانکۆو وەرگێڕان لە زمانێکە و بۆ زمانی دیکە وەویست و ئیرادەی ئەو خەڵکە کە ئاخافتنی پێ دەکەن دەورێکی هەرەگرینگی هەیە بۆ رزگاری لە مەرگ و دەوڵەمەند بوونەوەی هەر زمانێک.

ئەو خاڵانە کە لە سەر زمان و زمانی دایکی ئاماژەی پێ کرا. بە راستی ئەم بابەتە دەسەلمێنێ کە زمانی کوردی خاوەن کولتوورێکی دەوڵەمەندە و تاکوو ئێستا خەڵکی بە شێوەیەکی خۆڕسک هەوەڵی پاراستن و گەشەسەندنی زمانی کوردیان داوە، بەڵام بەداخەوە لە ئێران کار بەدەستان و میدیاکان بۆ بەڕێوە بردنی ئەرکی خۆیان کە لە یاسای بنەڕەتی‌دا گرینگی پێ دراوە بەڕێوە نابەن کە جێگای سەرنج و پرسیارە و هۆی ئەم کەمتەرخەمییانە چیە؟! چونکوو پاراستنی زمانی دایکی نەتەوەکان لە کن زمانی یەکگرتووی فارسی دەبێتە هۆی گەشەسەندنی زێدەکەیان. هەر وا کە شەهریار شاعیری تورکی ئازەری کە خۆی ئەینداری زمانی دایکیە دەڵێ:
اختلاف لهجه نزاید بهر کس
ملتی با یک زبان کم‌تر به یاد آرد زمان


کەلە تەنیشت پاراستن و گەشەسەندنی زمانی زگماکی چاوەڕوانی پەرەسەندنی وڵات بین لە هەموو بوارەکاندا هەروه‌ها کە هایدگر دەڵێ: دونیای هەرکەس زمانە‌کەیەتی و ئێمە لە نێو زماندا ئەژین.