رێکەوتنی ناوکیی کۆماری ئیسلامی و پارتە سیاسییەکانی خۆرهەڵات

12:42 - 26 خەزەڵوەر 2714
Unknown Author
حیسام دەسپیش

پرسی ناوکيی کۆماری ئیسلامی یەکێکە لەو بابەتانەی ئەمریکا و دەسەڵاتدارانی ئێرانی بەخۆیەوە خەریک کردووە. لەلایەکەوە سەرۆکی ئەمریکا لەرۆژانی هاتنە سەرکاری باسی لەم پرسە کردووە، وەک یەکێک لەبابەتە سەرەکییەکانی سیاسەتی دەرەوەی خۆی. لەهەمان کاتدا دەسەڵاتدارانی ئێرانیش بەهەمان رادە و بگرە زۆرتر پرسی ناکوکیان بەلاوە گرنگ بووە. نمونەی هەرە زەق لەپاش هاتنە سەرکاری رووحانی دەبینین، کە رۆژانە باسی ئەم پرسە دەکرێت. ئاماژەدان بەم باسە لەسەرەتاوە لەوە سەرچاوە دەگرێت، کە گەر پرسی ناوکیی بۆ کۆمەڵگای جیهانی و هەروەها دەسەڵاتدارانی ئێرانیش ئەوەندە گرنگە، ئاخۆ ئەم پرسە دەتوانێ بەهەمان رادە کاریگەری لەسەر مامەڵە یان داهاتووی ئێران لەگەڵ پارتە سیاسییەکانی خۆرهەڵاتدا هەبێ؟ بەواتایەکیتر چۆن و لە چ سونگەیەکەوە دەتوانین وێنای کاریگەری رێکەوتن یان نەکەوتنی دانوستان ناوکیی ئێران لەگەڵ کۆمەڵگای جیهانی لەسەر پەیوەندی ئێران و پارتەکانی خۆرهەڵات بکەین؟

پێدەچێ وەک ئاماژەیەکی سەرەتایی ئەو پرسیارە بێتە ئاراوە، کە باسکردن لەم بابەتە چۆن دەتوانێ واتا و مانای هەبێ. بەکورتی پێدەچێ کەسێک پرسیاری ئەوە بکات، کە گرنگی ئەم باسە لەکوێوە سەرچاوە دەگرێت؟ وەڵامێک کە دەتوانین بیخەینەروو ئەوەیە، کە رێکەوتن یان نەکەوتنی ئێران لەپرسی ناوکیی داهاتووی ئەم سیستەمە لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاست دیاری دەکا. بۆیە دەتوانین وێنای ئەوە بکەین کە لەئەگەری رێکەوتن یان نەکەوتن ئێران چۆن ئاوڕ لەپرسی سەرەکی ناوخۆی وڵات لەبواری کرانەوەی سیاسی دەداتەوە.

گریمانەی سەرەتای ئەم باسە لەسەر ئەوە ساغبۆتەوە، کە رێکەوتنی کۆماری ئیسلامی لەبواری پرسی ناوکیی جۆرێک لە متمانەبەخۆبوون لای دەسەڵاتدارانی ئێران سازدەکات، کە دواجار ئەم باوەڕبەخۆبوونە دەبێتە هۆی ئەوەی پرۆژەی دانوستان لەگەڵ بەشێک لەپارتەکانی خۆرهەڵات دەسپێبکەن، یان باشتروایە بڵێم درێژە پێبدەن. لەبەرامبەردا لەئەگەری سەرنەکەوتنی کۆماری ئیسلامی، دەبێتە هۆی ئەوەی متمانەی سیستەم بگاتە ئاستێکی لاواز. بەڵام لەبەرامبەردا ئەو لایانە کوردیانەی باوەڕیان بەرووخانی سیستەم هەیە، بەهێزبکات. پێش گریمانە یان ئەو بابەتەی پاڵنەری ئەم جۆرە لەبیرکردنەوەیە، ئەوەیە کە پرسی ناوکیی بۆتە پرسێک بۆ کۆمەڵگای جیهانی. کەواتە لایانی ئەرێنی و نەرێنی رێکەوتن لەم بوارە، دیسان لەژیر کاریگەری هەلومەرجی نێودەوڵەتی و داهاتووی سیاسەتی ئەمریکا لەناوچەکەدا دەبێت. 

ئەو خاڵەی باسەکەی ئێمە و پرسی ناوکی بەیەکەوە گرێدەدا، لەوە سەرچاوە دەگرێ، کە لەساڵی ٢٠٠٩ و بەتایبەت لەپاش هاتنەسەرکاری رووحانی لە ٢٠١٣ سیاسەتی ئێران و جۆری روانینی پارتە سیاسییەکانی خۆرهەڵات بەرامبەر کۆماری ئیسلامی گۆڕانی بەسەرداهاتووە. ئەم گۆڕانە بریتیە لەوەی جۆرێک لەجەمسەربەندی هاتۆتە ئاراوە. چونکە لەو باوەڕەدام بەرەی کوردی لەخۆرهەڵات چەند سالێکە لەنێوان دوو گوتاردا دابەش بووە. لەلایەکەوە هەندێك لەم پارتانە لەو باوەڕەدان، کە دەبێ دەرگاکانی دانوستان لەگەڵ ئێران بکرێتەوە، بۆ ئەوەی رێگایەک بۆ تێگەیشتن سازبێت. ئەم بیرۆکەیە پێیوایە قورسایی بزاڤی ناوخۆی روولەزیابوونەوە و ئێرانیش هەستی بەمە کردووە.

لەبەرامبەردا ئەوانیتر پێیانوایە گۆڕان یان رێفۆرم لەئێران بابەتێکی خەیاڵیە و تەنها کڕینەوەی کاتە بۆ درێژەکێشانی ژیانی کۆماری ئێسلامی. هەروەها لەو باوەڕدان کرانەوە بەرەوڕووی ئێران نابێ لەدەروازەی کوردەوە بێ، بەپێچەوانەوە ئەوە سیستەمی کۆماری ئیسلامیە کە دەبێ گوتاری سیاسی خۆی بگوڕێ، نەک بزووتنەوەی سیاسی کوردستان. کەواتە نابێ بچنە ناو پرۆژەیەکەوە کە ئێران بەڕێوەی دەبات.

بەرەی باوەڕمەند بەدیالۆگ لەگەڵ کۆماری ئیسلامی و پرسی ناوکیی

لەم ساڵانەی دوایدا قسە و باسێک لەناو بەشێک لەپارتە سیاسییەکانی خۆرهەڵاتدا سەریهەڵدا. باسی ئەوە دەکرێ باشترین رێگا بۆ درێژەدانی خەبات لەخۆرهەڵات توندکردنی سەنگەرەکانی خەباتی چەکداری نیە، بەڵکو باشتروایە بیر لەمکانیزمێکی سیاسی بکرێتەوە، کە هاوتەریب بێ لەگەڵ خەباتی مەدەنی و کرانەوەی سیاسی لەچوارچێوەی سیستەمی ئێراندا. واتە کورد دەتوانێ بەبوونی کۆماری ئیسلامیش هەنگاو بۆ داخوازییەکانی بهاوێژێ. ئەم قسانە ئەو مانایەشی لەگەڵ خۆیدا هێنا، کە کورد بەتەنها ناتوانێ ئێران بروخێنی. کەواتە باشتر وایە بیر لەرێکارێكی تر بکرێتەوە. 

ئەم جۆرە بیرکردنەوەیە لای کاربەدەستانی ئێرانیش بێ وڵام نەمایەوە، چونکە وەک ئاماژەی پێدەکرێ رێگاکانی قسەکردن لەگەڵ ئێران بەنامە و هەروەها پاڵپشتیکردن لەچالاکانی ناوخۆ هاتنە رۆژەڤەوە. هەموو ئەمانە ئەوەمان پێدەڵێ، کە ئێران جۆرە جموجۆڵێکی تێدایە بۆ ئەوەی ئەم رێگایانە بکرێنەوە. بەڵام ئیتر باسی ئەوە ناکەین مەبەستیان چی بێ. ئەوەی لای ئێمە گرنگە ئەوەیە، لەپاش هاتنەسەرکاری رووحانی، کۆماری ئیسلامی دەیەوێ بەشێک لەکۆسپەکانی دەرەوەی خۆی چارەسەربکات. جا ئەم کۆسپانە هەم دەتوانێ پرسی ناوکیی بێ، هەم پرسی پەیوەست بەسیاسەتی ناوخۆی ئەو وڵاتە.

لەم نێوەدا پرسی ناوکیی لەهەمووان زەق و بەرچاوترە. ئێران بەهەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی ئەم پرسە دەیەوێ لەبواری ئابووری کەموکوڕییەکانی خۆی چارەسەر بکات، کە هاوسەنگی سیستەمەکەی خستبووە مەترسییەوە.

هەروەەها دەیەوێ رۆڵی سیاسی خۆی لەناوچەکە بەهێز بکات. لەئەگەری رێکەوتنی ئێران دەروازەکان بۆ سیاسەتکردن لەدەرەوە کراوە دەبێ. بەکرانەوەی دەرگاکانی دەرەوە، دەبێ وێنای ئەوە بکەین، کە دەبێ بەشێک لەدەرگاکانی ناوخۆش بکرێنەوە. لەم بوارە کۆماری ئیسلامی متمانەی زیاتر دەبێ، چونکە رێگای ئابووری و سیاسی بۆ ناوچەکە و جیهان دەکرێتەوە. بۆیە بەهاتنەکاییەی متمانەی ئێران و هەروەها ئەو نیمچە دەرگایانەی کە لەنێوان ئێران و بەشێک لەپارتە سیاسییەکانی خۆرهەڵاتدا کراوەتەوە، دەتوانین وێنای ئەوە بکەین، کە رێکەوتنی ناوکیی ئەم دوو لایانە لەیەکتر نزیکتر دەکاتەوە. لەهەمانکاتدا لەئەگەری رێکەوتن پرۆژەی رووخانی کۆماری ئیسلامی، کە زۆرترین توانای خۆی لەپاڵپشتی لایانە نەیارەکانی ئێران لەئەمریکا وەردەگرێ، دەکەوێتە پەراوێزەوە. بۆیە کەوتنە پەراوێزی لایانگرانی رووخان لەجیهانی دەرەوە، لەهەمانکاتدا دەبێتە هۆی بەهێزبوونی هەڵوێستی ئەو بەشە لەپارتەکانی خۆرهەڵات کە ئاڕاستەی سیاسەتەکانی خۆی بەو لایەدا گۆریوە. کەواتە خاڵی سەرەکی لەرێکەوتنی ناوکیی کرانەوەی رێگای زۆرترە بۆ بەشێک لەپارتەکانی خۆرهەڵات و کۆماری ئیسلامی، کە درێژە بەنامە و پراکتیکی لەیەک نزیکبوونەوە بدەن. 

بەرەی نەیاری کۆماری ئیسلامی و پرسی ناوکیی

بەرەی نەیاری کۆماری ئیسلامی لەنێوان پارتەکانی خۆرهەڵات، ئەو پارتانەی ئێران بەگشتی بەسیستەمێکی نادیموکرات دەزانن و لەو باوەڕەدان دیموکراسی لەئێران بەمانەوەی ئەم سیستەمە بابەتێکی مەحاڵە. هەروەها بوونی سیستەمێکی ئاوا لەگەڵ مانفێست و بیرکردنەوەی ئەوان ناگونجێ، کە باوەڕیان بەکیانێکی سیکولار و فرەڕەهەند هەیە. بۆیە کۆماری ئیسلامی بەخاوەن ئەو تایبەتمەندیانە نازانن، کە هەڵگری مافی کورد بێ. کەواتە تاکە رێگا رووخانی ئەم سیستەمەیە. ئەم بیرۆکەیە لەگەڵ بەشێک لەسیاسەتوانانی ئەمریکا، بەتایبەت کۆماریخوازەکان کە لەم رۆژانەدا خەیاڵی گەڕانەوە بۆ کۆشکی سپی دەبینن، دەگونجێ.

لەپاش هاتنە سەرکاری رووحانی، لایانگرانی رووخانی کۆماری ئیسلامی هەڵوەرینێکی زۆریان بەخۆیانەوە بینی، بەتایبەت لەلای ئێرانییەکانەوە. ئەمە وایکرد کۆماری ئیسلامیش هەست بەجۆرێک لەئارامی بکات. بۆیە دەزگاکانی راگەیاندن و هەموو ئەو دەزگایانەی پەیوەستن بەجوانکردنی سیمای کۆماری ئیسلامی لەهەوڵێکی بەردەوامدان بۆ لاوازکردنی هەوڵ و بۆچوونی رووخان. 

ئێستا کە پرسی ناوکیی لەخاڵە کۆتاییەکانی خۆیدایە، هەندێك کەس باس لەئەگەری رێنەکەوتنی کۆماری ئیسلامی و رۆژئاوا دەکەن. لەئەگەری رێنەکەوتنی ئەم دوو لایانە، دەبێ وێنای ئەو بکەین، کە سیاسەتی جیهانی و بەرەکانی لەئێران قورستر دەکات، هەروەها ئەو لایانەی باوەڕیان بەرووخانی کۆماری هەیە، لەجیهانی دەرەوە نزیکتر دەکاتەوە، بەگشتی کۆماری ئیسلامی دەکەوێتە حاڵەتێکەوە، کە دەبێ تەنها بیر لەمانەوەی سیستەمەکەی بکاتەوە، نەک کرانەوەی سیاسی و ..ھتد.

لێرەدایە کە نەیارانی کۆماری ئیسلامی لەناو پارتەکانی خۆرهەڵات جۆرێک لەبوژانەوە بەخۆیانەوە دەبینن. چونکە یەکەم لەئاستی رایگشتی هەوڵی ئەوە دەدەن بڵێن کۆماری ئیسلامی وەڵامی کۆمەڵگای جیهانی ناداتەوە، ئیتر چۆن وەڵامی کورد دەداتەوە؟ هەروەها سیاسەتی نێونەتەوەی دەرگاکانی بەرەو نەیارانی کۆماری ئیسلامی دەکاتەوە، چونکە باوەرێکی گشتی ساز دەبێت، کە دەبێ ئەم سیستەمە لاواز یان لەناو بچێت.

لەکۆتاییدا دەگەڕێمەوە سەر باسەکە. رێکەوتنی ناوکیی مەودایەک دەبەخشێتە کۆماری ئیسلامی و ئەوانەی باوەڕیان بەدانوستان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی هەیە، بۆ ئەوەی پرۆژەیەک دابرێژن. لەهەمانکاتدا رێکنەکەوتنی ناوکی دەبێتە هۆی ئەوەی نەیارانی دانوستان لەگەڵ کۆمەڵگای نێونەتەوەیی یەکبگرن، تاکو رێگاکانی زۆرکردنی ناکۆکی بۆ دەسەڵاتدارانی ئێران زیادبکەن. کەواتە دەتوانین بلێین رێکەوتنی ناوکیی دەتوانێ هەڵگری خێربێ بۆ ئەو پارتانەی خۆرهەڵات، کە لایانگری دانوستانن و رێکنەکەوتنی ناوکیی هەڵگری خێر دەبێ بۆ ئەوانەی بیر لەرووخانی ئێران دەکەنەوە.

ئەو بابەتە لە گۆڤاری سڤیل وەرگیراوە