رۆژژمێری پێشێل کردنی مافەکانی ژنان لەکوردستان (سێ مانگی یەکەمی ساڵی ٩٢)

23:03 - 30 جۆزەردان 2713
ئاژانسی کوردپا بەمەبەستی زیاتر زەق کردنەوە و تاوتوێ کردنی پێشێلکارییەکانی دەرهەق بە ژنان لە کوردستانی ئێران، هەر ٣ مانگ جارێک راپۆرتێک لەسەر پێشێلکاریی مافی ژنان ئامادەو بڵاو دەکاتەوە.

مانگی خاکەلێــوە
٦/١/٩٢: ژنێکی تەمەن ٣٨ ساڵ بەناوی \"نەسرین\" خەڵکی پیرانشار کە دایکی ٣ منداڵ بوو، لە ریگەی خۆهەڵواسینەوە کۆتایی بەژیانی خۆی هێنا.

٨/١/٩٢: لە گوندی \"قزل ئارخ\"ی سەربە شاری ماکۆ کچێکی تەمەن ٢٠ ساڵ بە ناسناوی \"عەلەم هوولی\" کچی حەسەن ئاگری لەجەستەی خۆی بەرداو بووە هۆی گیان لەدەست دانی.

١٤/١/٩٢: لە گوندی \"پەنچەرلوو\"ی سەربە شاری ماکۆ کچی کەسێک بەناوی \" بەکر رەسووڵی تاش\" خۆی خستۆتە نێو ئاوی چۆمی \"قەرە سوو\"ی سەربەو شارە و گیانی لەدەست دا. ناسنامەی ئەو کچە نادیارە.

١٥/١/٩٢: فاتمە پەرویزی ژنە زیندانیی کورد کە بەهۆی نالەباریی دۆخی جەستەییەوە ماوەی ٥ رۆژ مەرەخەسی پێ درابوو، بەهۆی کەمیی ماوەی مەرەخەسییەکەی و هەروەها مەودای دووری زیندان لە شوێنی بنەماڵەکەی، بەشێوەی پێویست چارەسەری پزیشکی بۆ نەکراو لە ئەنجامدا رەوانەی زیندان کرایەوە.

١٦/١/٩٢: کچێکی تەمەن ١٨ ساڵ بەناوی \"چینەم ئەموویی میلان\" کچی عومەر لە گوندی \"قزڵ داخ کورد\"ی سەربە شاری ماکۆ ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا و سەرنجام لە نەخۆشخانەی شاری ورمێ گیانی لەدەست دا.

١٨/١/٩٢: \"شاناز هادیان\" تەمەن ١٨ ساڵ و کچی \"مەجید\" لە گوندی \"کش ئارخی\"ی سەربە شاری \"شووت\" ئاگری لە خۆی بەردا و بەهۆی سووتانی ٦٠%ی جەستەیەوە گیانی لەدەست دا.

١٨/١/٩٢: ژنێکی تەمەن ٥٠ ساڵ بەناوی \"زۆهرە شێرزاد\" کە رێکەوتی ١٠ی خاکەلێوە لەلایەن کەسێکی ماتۆڕسوارەوە بەمەبەستی دزینی کیفەکەی هێرشی کرابوویە سەر و تووشی برینداری و خوێن‌ڕیژیی مێشک هاتبوو، لە نەخۆشخانەیەکی شاری بۆکان گیانی لەدەست دا.

١٩/١/٩٢: \"نێدا شەهسواری\" کچە وەرزشوانی کوردی خەڵکی کرماشان بۆ بەشداریکردن لە رکەبەرییەکانی وەرزشی پینگ پۆنگی ئاسیا، لەگەڵ دژایەتیی شۆرای \"برون مرزی\" یارییە نێو دەوڵەتییەکانی ئێران بەرەوڕوو بوویەوە. ئەو شۆرایە تەنیا ژن بوونی ئەو یاریزانەیان وەک هۆکاری رێگری کردنی لە رکەبەرییەکانی کاپی ئاسیادا راگەیاندووە.

٢٣/١/٩٢: کچێکی مێرمنداڵ بەناوی \"ک، م\" کچی عەلی لە یەکێک لە گەڕەکەکانی شاری شنۆ بەهۆی کێشە بنەماڵەییەوە خۆی هەڵواسی و کۆتایی بە ژیانی خۆی هینا.

٢٦/١/٩٢: گەڕاندنی کەسێکی تاوانبار بە جلوبەرگی کوردیی ژنانەوە لە شاری مەریوان، دژکردەوەی بەرینی چالاکانی ژن و مافی مرۆڤی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بەدواوە بوو.

٢٨/١/٩٢: ژنێکی تەمەن ٣٣ ساڵ بەناوی \"شەرمین ئەفروشتە\" دایکی ٢ منداڵ و خەڵکی شاری مەریوان، بەهۆی کێشەی بنەماڵەییەوە ئاگری لە خۆی بەرداو بووە هۆی گیان لەدەست دانی.

مانگی بانەمەڕ
٢/٣/٩٢: \"زەینەب جەلالیان\" ژنە زیندانیی سیاسیی کورد کە تووشی نەخۆشیی چاو هاتووە، سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەکەی، بەرپرسانی زیندانی دیزڵ ئابادی کرماشان لە دانی مەرەخەسی بۆ چارەسەریی نەخۆشییەکەی، خۆ دەبوێرن.

٧/٢/٩٢: ژنێک بەناوی \"رەعنا راعدی\" هاوڕێ لەگەڵ مێردەکەی خۆی بەناوی \"خالید \" بەمەبەستی لێک‌جیابوونەوە \"سەردانی ماڵی مەلا \"ع . ک\"یان لە گەڕەکی فەیزاوای شاری سنە کردبوو کەلە ئەنجامی دروست بوونی کێشە لە نێوانیاندا، بەدەستی مێردەکەی خۆی بەناوی \"خالید\" کوژرا. خالێد یەکێک لە ئەندامانی سپای پاسدارانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بووە.

٧/٢/٩٢: \"فاتمە پەرویزی\" زیندانی سیاسیی کورد پاش تێپەڕاندنی حوکمەکەی لە زیندانی :نەوشار\" ئازاد کرا. ناوبراو بە تاوانی بی حورمەتی کردن بە \"سەربازانی بێ‌ناو نیشانی ئیمامی زەمان\" لەلایەن دادگای ئینقلابی شاری کەرەجەوە بە ٦ مانگ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرابوو.

٩/٢/٩٢: \"گوڵزار جەماڵی\" تەمەن ٢١ ساڵ \"دانیشتووی گوندی \"گڵێنە\"ی سەربە شاری سەردەشت کە بەهۆیەکی ناڕوون هەوڵی خۆکوشتنی دابوو، لە یەکێک لە ناوەندە دەرمانییەکانی شاری تەورێز گیانی لەدەست دا.

١١/٢/٩٢: کچێکی لاوی کورد بەناوی \"شەهێن رۆستەمی\" خەڵکی شاری سەردەشت کە ئاگری لە جەستەی خۆی بەردابوو، گیانی لەدەست دا. هۆکاری خۆکوژیی ئەو کچە تەمەن ١٨ ساڵەیە هەتا ئیستا ناڕوونە.

٢٢/٢/٩٢: کچێک بەناوی \"ناهید مەغفیرەت\" تەمەن ١٧ ساڵ و خەڵکی شاری نەغەدە لە ڕێگەی خۆ هەڵواسینەوە کۆتایی بەژیانی خۆی هێنا. هۆکاری خۆکوژیی ئەو کچە، رێگری کردنی بنەماڵە لە شوو کردنی ناوبراو بە کوڕێکی دڵخوازی خۆی راگەیەندراوە.

٢٤/٢/٩٢: \"ئازەر تاهیرئابادی\" کچە رۆژنامەنووسی کوردی خەڵکی شاری کەنگاوەر لەلایەن ئیدارەی پۆلیسی ئەمنیەتی ئوستانی کرماشانەوە بانگهێشت و بۆ ماوەی ١٠ کاتژمێر لەلایەن مەئموورانی ئەو ئیدارەیەوە لێپرسینەوەی لێکرا.

٢٤/٢/٩٢: ژنێک بەناوی \" شەرمین\" تەمەن ٢٦ ساڵ و خەڵکی گوندی \"ولە ژێر\"ی سەربە شاری مەریوان کە ئاگری لە جەستەی خۆی بەردابوو، پاش ٢ رۆژ مانەوە لە نەخۆشخانەی ئەو شارە بەهۆی قوڵیی برینەکانییەوە گیانی لەدەست دا.

٢٦/٢/٩٢: تەرمی ژنێک بەناوی \"فەرەح قەیسەری\" خەڵکی گوندی \"مەڕان\"ی سەربە شاری دیواندەرە و دانیشتووی شاری سەقز، هاوڕێ لەگەڵ کچە تەمەن ٣ سالەکەی بە سەربراوی دۆزرایەوەو بەبڕی ٤٠ میلیۆن تمەن ئاڵتوون و زێڕی ئەو ژنەش لەلایەن بکوژەکانییەوە دزرابوو.

٢٨/٢/٩٢: کچێکی لاوی دیکەی کورد بەناوی \"دیدار حوسێنی\" کە ماوەی حەفتەیەک بوو لەگەڵ کەسێک بەناوی \"یووسف محەممەدی\" ژیانی هاوبەشی پێکهێنابوو، پاش ئەوەی لەلایەن بنەماڵەی هاوسەرەکەیەوە بەرەوڕووی لێدان و توند و تیژی ببوویەوە، گیانی لەدەست دا.

٢٨/٢/٩٢: ژنێک بەناوی \" حەسیبە ساعید\" خەڵکی شاری سەقز بەهۆی رووداوی تەقینەوەی مین لە کێوی وەنەوشەی سەربەو شارە یەکێک لە لاقەکانی خۆی لەدەست دا.

٣١/٢/٩٢: کچێک بەناوی \"رۆیا نەورۆزی\" کچی رەزا و خەڵکی شاری ئیلام بەهۆی هەژاری و دەستکورتییەوە هەوڵی خۆکوژی دا و کۆتایی بەژیانی خۆی هێنا.

مانگی جۆزەردان
١/٣/٩٢: \"سەفوورا سەعیدە\" کچێکی تەمەن ١٠ ساڵەی خەڵکی گوندی \"پەسوێ\"ی سەربە پیرانشار کە ئاگری لەجەستەی خۆی بەردابوو، لە یەکێک لە انوەندە دەرمانییەکانی شاری ورمێ گیانی لەدەست دا.

١/٣/٩٢: کچێک بەناوی \"فاتمە نیسانی\" تەمەن ٢٣ ساڵ و دانیشووی شاری خۆی کە ئاگری لە جەستەی خۆی بەردابوو، بەهۆی قوڵیی برینەکانییەوە گیانی لەدەست دا. بەشوودانی زۆرەملی لەلایەن بنەماڵەکەیەوە، هۆکاریی خۆکوژیی ئەو کچە کوردە راگەیەندراوە.

٣/٣/٩٢: کچێکی مێرمنداڵ بەناوی \" بەفرین مەعرووفی\" تەمەن ١٣ ساڵ لە شاری بۆکان بەدەستی باوکی خۆی و بە زەبری پێلاقە کوژرا.

١١/٣/٩٢: کچێکی لاو بەناوی \"روفیە فەیز نژاد\" لە گەڕەکی \"سەعدیە\"ی شاری سنە بەهۆی هەژاری و دەستکورتییەوە کۆتایی بەژیانی خۆی هێنا، هەتا ئیستا چۆنیەتیی خۆکوشتنی ئەو کچە کوردە نەزانراوە.

١٢/٣/٩٢: ژنێکی تەمەن ٢٤ ساڵ بەناوی \"سۆزان رەحمانی\" دانیشتووی گوندی \"سەرهوویە\"ی سەربە ناوچەی \"ژاوەرۆ\"ی سەربە شاری سنە خۆی هەڵواسیو و لە ئەنجامدا بووە هۆی گیان لەدەست دانی، ئەو کچە کوردە لەلایەن بنەماڵەکەیەوە بەزۆرەملی بەشوو درابوو.

١٤/٣/٩٢: ژنێکی تەمەن ١٩ ساڵ بەناوی \"مێهری بەرجەستە\" دانیشتووی گوندی \"برایم ئاوا\"ی سەربە شاری بۆکان خۆی هەڵواسیو و کۆتایی بەژیتانی خۆی هێنا، کێشە بنەماڵەیی هۆکاری خۆکوژیی ئەو ژنە کوردە راگەیاندراوە.

١٦/٣/٩٢: \"ئازەر تاهیرئابادی\" کچە رۆژنامەنووسی خەڵکی شاری \"کەنگاوەر\"ی سەربە ئوستانی کرماشان لەلایەن ئیتلاعاتی سپای کرماشانەوە بانگهێشت و لێپرسینەوەی لێکرا.

٢١/٣/٩٢: ژنێکی لاو بەناوی \"سۆنیا کەریمیان\" خەڵکی ناوچەی \"دەشتەبێڵ\"ی سەربە شاری \"شنۆ\" کە بەهۆی لێدانی هاوسەرەکەیەوە تووشی خوێن‌ڕێژیی مێشک هاتبوو، گیانی لەدەست دا.

٢٢/٢/٩٢: کچێکی لاو بەناوی \"سوودابە قادری\" کچی \"جەبار\" و خەڵکی شاری مەریوان ئاگری لەجەستەی خۆی بەردا و لە ئەنجامدا بووە هۆی گیان لەدەست دانی.

٢٨/٣/٩٢: ژنێک بەناوی \"بەسێ گوڵناز\" دانیشتووی گەڕەکی \"پشت تەپ\"ی شاری مەهاباد بەهۆی کێشەی بنەماڵەییەوە ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا و کۆتایی بەژیانی خۆی هێنا.

٢٩/٣/٩٢: ژنێک بەناوی \"مەلەک\" دایکی ٣ کچ و خەڵکی گوندی \"دایە سڵێمان\" بەهۆی کێشەی بنەماڵەییەوە لە رێگەی خۆهەڵواسینەوە کۆتایی بەژیانی خۆی هێنا.

کەڵک وەرگرتن لە زانیارییەکانی ئەم هەواڵە تەنیا بە ئاماژە کردن بە سەرچاوەکەی رێگە پێدراوە.