رۆژهەڵات میحوەری\" خۆ پەراوێزخستنە

12:45 - 30 سەرماوەز 2714
Unknown Author
هاوار بازیان

هاتنە بەرباسی چەمکێکی نوێی سیاسی بەناوی \"رۆژهەڵات میحوەری\" کە بەشێکی لایەنەکانی کوردی رۆژهەڵات بەتایبەت حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی بەڕەسمی بەخۆیەوە خەریک کردووە، هەرچەندە بانگەشەیەکی زۆری بۆ دەکرێ، بەڵام دوور لە رەخنە هەر نییە.

بە لەبەرچاوگرتنی وردیی کار و چالاکییەکانی رابردووی پێوەست بەو پرسە هەر لە کۆنفرانسی \"رۆژهەڵات میحوەری\" مانگی رابردووی هەندێک لایەنی رۆژهەڵاتی لە هەولێر، گفتوگۆی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران و حیزبی دێمۆکرات لەوبارەوە و کۆبوونەوەی تەشکیلاتیی \"د. ئاسۆ حەسەنزادە\"ی ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبەکە بۆ ئەندامان لە هەولێر و گەنگەشەکانی تری میدیایی و حیزبی، پرسی رۆژهەڵات تەوەری و لێکەوتەکانی ئەو باسە هەندێک رەخنە و تێبینی هەڵدەگرێ کە بە کورتی باسیان دەکرێ:

١- هەر لە سەرتاوە درووشمێکی گەورە و ئامانجێکی نادیار بە هەموو روخساری ئەو چەمکەوە دیارە. بەڕاستی ئامانجی ئەو پڕۆژەیە چییە؟ گومانی ئەوە ناکرێ کە حیزبی دێمۆکرات بەهەردوو باڵەوە بەگژ نەتەوەیی بووندا بچێتەوە، بەڵام هاوکات بەهەر شێوەیەک سەیری ئەم بابەتە دەکەی تووشی ئەنجامێکی تر دەبی. چونکە تەنانەت باسکردنی پڕۆژەیەکی لەوشێوەیە کە چاوەڕوان دەکرێ وەک خاڵی سەرەتا بۆ گفتوگۆی نێوان هەندێک لایەنی رۆژهەڵاتی دابنرێ، راستەوخۆ بە دیوارێکی گەورەی سیاسی و مەعنەوی لە نێوان رۆژهەڵات و پارچەکانی تری کوردستان دێتە بەرچاو. یەک یان دوو حیزب ناتوانن سیاسەتی \"رۆژهەڵات تەوەری\" پێڕەو بکەن و پێیان وابێ هەموو کوردستان دەبێ لە خزمەت رۆژهەڵاتدا بێ! ئەو بۆچوونە زیاتر وەک کینەیەکی سیاسی یان لانیکەم بێ بەرنامەیی دێتە بەرچاو کە رەنگە بەرهەمی خۆ بەکەمزانینی سیاسی لە ئێستادا بێ. لە بەرامبەردا دەکرا هەمان ئەو حیزب و لایەنانە تۆڕێکی نەتەوەیی دروست بکەن کە تێیدا رەچاوی کوردستان میحوەری کرابا، نەک ئەوەی ژووری سیاسیی خۆت بەجیا لە ماڵی هەمووان ببینی. بە سەرخستنی ئەو پڕۆژەیە پێویستە بەرژەوەندیی رۆژهەڵات بکەوێتە پێش پارچەکانی تر کە ئەوە سیاسەتێکی هەڵەیە. هاوکات پێشبینیی ئەوەش دەکرێ ئەو پڕۆژە سیاسییە هێشتا لەسەر دوا ئامانجی خۆی ساغ نەبووبێتەوە. ئەوەی مایەی نیگەرانی بوو، لە کۆبوونەوەکانی دواییی بەڕێوەبەرانی ئەو پڕۆژەیە هەندێک رەفتار ئاماژەیان بە جیاکردنەوەی رۆژهەڵات لە کوردستان دەکرد، بۆ نموونە هەندێک وتار و خوێندنەوەی بابەت لەژێر ناوی: \"رۆژهەڵاتناسی، رۆژهەڵات حزووری، سڕینەوەی رۆژهەڵات داماوی و سواڵی سیاسی\". ئەو جۆرە سەردێڕانە خزمەتی کورد بەگشتی ناکەن.

٢- بانگەشەکردن بۆ ئەو چەمکە نوێیە، تا رادەیەکی زۆر تەنیا تیئۆری و خۆدزینەوەیە لە واقیعەکانی ئەمڕۆی کوردستان. لە کاتێکدا گشت پێکهاتەکانی کوردستان بە سکۆلار و ئاینییەوە بەرەو یەک وتاربوونی کورد دەچن و داوای یەکپارچەیی بۆ چوار پارچەکە دەکەن، بەڵام ئەو پرۆژەیە باسی گرینگیدان بە پارچەیەک دەکات. سەیرتر لەوەش ئەگەر تێبینی بکەین، هەر ئەوانەی باسیان لە نەتەوەیی کردنی زیاتر حیزبی دێمۆکرات دەکرد و یەکپارچەیی حیزبیان لەسەر دانا، ئەمڕۆ ئەوان دیسان بازنەکە لە کوردستانەوە بۆ یەکپارچە بچووک دەکەنەوە. کە باس و گفتوگۆ لەگەڵ هەندێک لە بەرپرسانی باڵای حدک دەکەی پێیانوایە دەکرێ ئەوە تاکتیکێک بێ تا زیاتر بەرەو ناخی رۆژهەڵات بگەڕێینەوە، بەڵام حیزبێکی سیاسی سەر لە بەری خۆی هەموو ناگۆڕێ بۆ یەک تاکتیک، بەتایبەت کە ئەو حیزبە زیاتر لە 8 ساڵە دەنگی خۆی گۆڕیوە و بەڵێنی گەورەتر لەو دروشمانەی بە کورد داوە. حیزبی دێمۆکراتی کوردستان یەکەم لێدوانەکانی پاش لەتبوون لە حیزبی دێمۆکرات زۆر گەورەتر بوون لەوەی ئێستا باسی دەکا، بۆیە دەتوانین ئەو هەنگاوەی دێمۆکرات بە چوونەوە پاش لێک بدەینەوە ئەگەر تەنانەت بۆ ماوەیەکی کورتیش بێ.

٣- لەو پرسەدا کەمترین گرینگی بە خەڵکی ناوەخۆی رۆژهەڵات دراوە بێ ئەوەی بزانین کە سەرخستنی شتێک بەناوی \"رۆژهەڵات میحوەری\" بەر لەهەموو شت پێویستی بە خەڵکی ناوەخۆی خودی رۆژهەڵاتە. بەشێک لەوانەی خۆیان بەخاوەنی ئەو بیرۆکەیە دەزانن کەسانی ناسراون و لە شوێنی خۆیاندا جێگەی رێزن، بەڵام ناتوانن خۆیان وەک شتێکی تر پێناسە بکەن. بەشێک لەوانە پێیانوایە پێویستە لەگەڵ کوردانی ناوەخۆ گفتوگۆ و دانوستاندن بکەین تا بتوانین رەزامەندییان بەدەست بێنین! لەکاتێکدا پێویست بوو ئەو گفتوگۆ و لێک تێگەیشتنە پێشتر و تەنانەت لەگەڵ هێز و لایەنەکانی تریش لە ناوەخۆ و دەرەوە ئەنجام درابا و دواتر رەوانەی ناو راگەیەنراو و بڵاوکراوە رەسمییەکانی حیزبی بکرێ. ئەو دۆخە برینێکی سیاسیمان وەبیر دەخاتەوە، ئەویش دابڕانی حیزبەکان لە کوردی ناوەخۆی رۆژهەڵاتە کە زیانێکی زۆری بە کاری سیاسی لەو پارچەیە گەیاندووە، بەشێوەیەک کە لەمێژە ئەو دوو لایەنە دەنگی یەکترییان نییە و گرینگی بەیەکتری نادەن و لە ئێستادا بۆ کوردی ناوەخۆی رۆژهەڵات هیچ پرسێکی سیاسی گرینگ نییە جگە لە یەک شت: ئەویش یەکبوون و یەکگرتنەوەی دەنگە ناسازەکانی رۆژهەڵاتە. دەتوانین بڵێین هێنانە بەرباسی ئەو چەمکە سیاسییە ئێستا تا رادەیەک خۆ دزینەوەیە لە خواستێکی گەورەتری کوردی رۆژهەڵات کە هەمان یەکبوونە، بەڵام خەڵک لەوە هۆشیارترە و بەو دروشمانەوە سەرقاڵ ناکرێ. نەوەیەکی نوێی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان پێگەیشتووە کە هیچ گومانی نییە لەوەی حیزبایەتی ناگاتە کوردایەتی.

ئەنجام

یەکەم ئەرکی هێزەکانی رۆژهەڵات، نزیکبوون و یەکگرتنە. هەر هەنگاو و بەرنامەیەکی تری سیاسی پێویستە لەسەر ئەو هاودەنگییە بنیات بنرێ و هەماهەنگی هەمووانی تێدابێ، ئەگینا هەرجۆرە جووڵەیەکی گەورەتر لە حیزب، بە مانۆڕی سیاسی لێکدەدرێتەوە کە بۆ ئێستا زیانبارە و دەرفەتی کاری گەورە دەکاتە قوربانیی دروشمی گەورە.

سەرچاوەکان:
\" target=\"_blank\">سیمناری رۆژهەلات مێحوەری لە کۆبوونەوەی ئەندامانی حیزب لە هەولێر

\" target=\"_blank\">دێموکرات و کۆمەڵە: دەکرێ گوتاری \"رۆژهەڵات مێحوەری\" بکەینە بنەمایەک بۆ کاری هاوبەشی لەمەوبەدوامان

\" target=\"_blank\">كۆنگرەی رۆژهەڵاتی كوردستان بەڕێوەیە

\" target=\"_blank\">لایەنە سیاسییەكانی رۆژهەڵات بۆ گفتوگۆی میحوەری رۆژهەڵات كۆبوونەوە

\" target=\"_blank\">ژنی رۆژهەلات لە کوێی پرۆژەی رۆژهەلات میحوەریدایە؟


ئەم بابەتە روانگەی نووسەرەکەیەتی و ئاژانسی کوردپا لێی بەرپرسیار نییە